هەرێمی کوردستان لەخاوەنەوە بۆ شەریک

بەگوێرەی سایتی فەرمی حکومەتی هەرێم نزیک بە سێ دەرزەن کۆمپانیای نەوتی بیانی، کە سەر بە ١٧ وڵاتن، زیاتر لە ٥٠ گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمدا واژۆکردوە. لەناو ئەو کۆمپانیایانەدا پێنج لەگەورەترین کۆمپانیای ناحکومی لەسەر ئاستی جیهاندا هەن، ئەوانیش: ئێکسۆن مۆبیل، چێڤرۆن، تۆتاڵ، کازپروم نەفت، بی پی (لە رێگەی بەڕێوەبەری پێشوی). لەوەش گرنگتر، ئێکسۆن- مۆبیل، چێڤرۆن و بی پی میراتگری ئەو حەوت کۆمپانیایەن کە بەحەوت خوشکەکە ناسراون و بۆ نیو سەدە کۆنترۆڵی زۆربەی نەوتی جیهانیان کردبوو.
هاتنی کۆمپانیاکان وەرچەرخانێکی مێژوییە، لەلایەکەوە، یەکەم جارە هەرێمی کوردستان مامەڵە بەنەوتەکەیەوە دەکات و راستەوخۆ کۆنتراکت لەگەڵ کۆمپانیا جیهانیەکاندا واژۆ دەکات و دەکەوێتە سەرنەخشەی جیهانی وزە و هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی ئابوری هەڵدێنێت.
لەلایەکی ترەوە، هاتنی کۆمپانیاکان هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم کۆمەڵێک گرفتی درێژخایەن کە رەنگە هاوشێوەی ئەزمونی وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ حەوت خوشکەکەدا، پێویستیمان بەدەیان ساڵ ململانێ لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەو وڵاتەکانیاندا هەبێت بۆ ئەوەی لە هەژمونیان رزگارمانببێت.
ئەوەی کوردستانی باشور دەخاتە بەردەم مەترسی درێژخایەنەوە سروشت و جۆری کۆنتراکتە نەوتیەکانی هەرێمە. مادەی ٢٤ی یاسای نەوت و غازی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆنتراکتە نەوتیەکان لەسەر بنەمای شەراکەت لەبەرهەمدا دەبێت. ئەم یاسایە کە وەک بنەمایەک بەکارهاتووە بۆ هێنانی کۆمپانیا نەوتیە بیانیەکان و مافی هاوبەشی لەخاوەندارێتی کێڵگە نەوتیەکانیان دەداتێ.
بەگوێرەی مارین کاتەسا، گەورە راوێژکارو توێژەرەوە لە «دامەزراوەی توێژینەوەی کێسی» تایبەت بەوزە، کۆمپانیا نەوتیەکان زیاتر لە ٢٠%ی پشکی نەوتی هەرێمیان بەردەکەوێت. لە راستیدا پشکی کۆمپانیاکان لەوە زیاترەو هەرێم نابێتە خاوەنی ٨٠%ی یەدەگی نەوتەکەی.
بەپێی بەندی ٣٧ی یاسای نەوت و غازی هەرێم کۆمپانیا نەوتیەکان ئەو مەسرەفە وەردەگرنەوە کە لە گەڕان و دەرهێنانی نەوتدا خەرجیانکردوە هەر لە کرێی کرێکارەکانیانەوە تا دەگاتە نرخی ئەو تەکنەلۆژیایەی بەکاری دەهێنن. بەمجۆرە، هەردوو مادەی ٢٤ و ٣٧ هاوکێشەیەکی ناهاوسەنگی لێبەرهەمدێت. لەلایەکەوە کۆمپانیاکان لە قازانجی نەوتدا شەریکن بەڵام لەخەرجیەکاندا نا، بە پێچەوانەوە ئەوان هەموو کرێ و خەرجیەکیان بۆ دەگەڕێتەوە. لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم دەبێت بەتەنیا جگە لە کرێی کۆمپانیاکان هەموو خەرجیەکانیش لەئەستۆ بگرێ.
 هەروەک لە ستونەکانی داهاتودا تیشکی زیاتری دەخەمە سەر، ئەو خەرجی و کرێیەی کۆمپانیا نەوتیەکان وەریدەگرن خەرجیەکی خەیاڵیە و نزیک دەبێتەوە لە ٥%ی کۆی نەوتی دەرهێنراو. بەواتایەکی تر، کۆمپانیاکان دەبنە خاوەنی نزیک بە ٢٥%ی نەوتی هەرێم، بەڵام پشکی هەرێم لە ٧٥% کەمتر دەبێت، چونکە حکومەتی هەرێم جگە لەخەرجی کۆمپانیاکان دەبێت کۆمەڵێک خەرجی تریش بدات. واتە، لەهەر چوار بەرمیل نەوتی یەدەگی هەرێم، بەرمیلێک بۆ کۆمپانیاکان و کەمتر لەسێ بەرمیلیش بۆ هەرێم دەبێت.
دامەزراوەی وزەی ئەمەریکی یەدەگی نەوتی دۆزراوە (سەلمێنراو)ی هەرێم بە ٥٠ ملیار بەرمیل دەخەمڵێنێت. بەمجۆرە، کۆمپانیا نەوتیەکان بەتەنیا خاوەنی زیاتر لە ١٢ ملیار بەرمیل نەوتی هەرێمن و خاوەنی بڕیاریشن لەچارەنوسی ٣٨ ملیار بەرمیلەکەی تریش، هەر لە چۆنیەتی و بڕی دەرهێنانی، تا فرۆشتن و نرخ و گواستنەوەی.
بەکورتی، گەلی کوردستان چیتر بەتەنیا خاوەنی سامانی سروشتیەکەی نیە، بەڵکو تەنها شەریکێکن و حکومەت و خەڵکی کوردستان لەمەودوا ناتوانن سەربەخۆ بڕیار لەسەر چارەنوسی سامانە سروشتیەکانی هەرێم بدەن. بەمجۆرە، حکومەتی هەرێم رێک پێچەوانەی رەوتی مێژوو هەنگاودەنێت و سیاسەتی نەوتی لەسەر بنەمای پشکداری و هاوبەشی داڕشتوە، سیستەمێک کە بۆ نیو سەدە حەوت خوشکەکەی کردبوە مۆتەکەی گەلانی ناوچەکە.
پرسیارێک کە پێویستە وەڵامبدرێتەوە ئەوەیە ئایا جگە لەو جۆرە گرێبەستانە هەرێم چارەو بەدیلی تری هەیە؟ لەگۆشەی داهاتودا هەوڵدەدرێت تیشک بخرێتە سەر  ئەو مەسەلەیە.