چاکسازى له‌سیستمى به‌ڕێوه‌بردن‌و رێگریه‌کانى

له‌دوا کۆبونه‌وه‌ى خۆیدا له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌کانى، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان باسى له‌ کۆنى‌و خراپى سیستمى کارگێڕى کوردستان‌و پێویستبونى چاکسازى کرد تیایدا، هه‌ر ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌کى زۆره‌ پسپۆڕان‌و چاودێرانى بوارى ئابورى‌و کارگێڕى‌و لایه‌نه‌کانى ئۆپۆزسیۆنیش دوپاتیده‌که‌نه‌وه‌.
داننان به‌ خراپى سیستمى کارگێڕى‌و باوه‌ڕهێنان به‌ پێویستبونى چاکسازى تیایدا خۆى له‌ خۆیدا گۆڕانێکى باشه‌ له‌سه‌ر ئاستى سیاسى‌و به‌ڕێوه‌بردن به‌تایبه‌ت ئه‌م باوه‌ڕهێنان‌و دانپیاهێنانه‌ له‌لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردندایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ حکومه‌ت چ هه‌نگاوێک ده‌نێت له‌پێناو رزگاربون له‌م سیستمه‌ کۆن‌و به‌سه‌رچوه‌ى که‌ به‌رده‌وام هۆکارى به‌ فیڕۆچونى تواناى دارایى‌و مرۆیى هه‌رێمى کوردستانه‌، به‌ڕاده‌یه‌ک گه‌وره‌ترین به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم به‌ڕێژه‌ى 70% بۆ موچه‌و خه‌رجی به‌کارخستن ده‌ڕوات له‌به‌رانبه‌ردا به‌روبووم‌و داهاتى ئه‌م بڕه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ بودجه‌ له‌ژیانى رۆژانه‌و گه‌شه‌ى ئابورى‌و بواره‌ جیاجیا خزمه‌تگوزاریه‌کان له‌ئاستى ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌ گه‌وره‌یه‌دا نین.
ئایا حکومه‌ت جددیه‌ له‌وه‌ى سیستمى به‌ڕێوه‌بردن له‌ هه‌رێمى کوردستان‌و به‌تایبه‌ت بوارى کارگێڕى پێویستى به‌ چاکسازیه‌؟ حکومه‌ت چى کردوه‌و چى ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م دروشمه‌ بگوازێته‌ بۆ ژیانى رۆژانه‌ى خۆى‌و ئیتر له‌ دروشمێکه‌وه‌ ببێته‌ به‌رنامه‌یه‌کى تۆکمه‌ى هه‌مه‌لایه‌نه‌، ئایا حکومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتى سیاسى ئاگادارى رێگرییه‌کانى به‌رده‌م ئه‌م چاکسازیه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر ئاگادارن تا چه‌ند جددین له‌وه‌ى رێگریه‌کان راماڵن‌و چیتر ده‌سته‌وسان به‌دیار له‌مپه‌رو رێگریه‌کانه‌وه‌ دانه‌نیشن، به‌تایبه‌ت له‌کاتێکدا راماڵینى ئه‌و رێگرییانه‌ پێویستیان به‌ ئیراده‌یه‌کى به‌هێزى سیاسى‌و جددیه‌تێکى گه‌وره‌ هه‌یه‌.
ئێمه‌ له‌م وتاره‌ماندا ئاماژه‌ به‌ڕێگریه‌کانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى چاکسازى ده‌که‌ین، ئه‌وانه‌ى بونه‌ته‌ گیاکه‌ڵه‌ى سیستمى به‌ڕێوه‌بردن‌و راسته‌وخۆ کاریگه‌رى نه‌رێنیشیان له‌سه‌ر گه‌شه‌ى ئابورى هه‌رێم‌و به‌ره‌وپێشچونى دۆخى ژیانى رۆژانه‌ى هاوڵاتیان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى رون بێت هه‌ر پڕۆژه‌و نیه‌تێکى چاکسازى به‌بێ وه‌ستان‌و کارکردن له‌سه‌ر راماڵینى رێگریه‌کانى به‌رده‌مى له‌بازنه‌ى دروشم تێپه‌ڕنابێت‌و دواجار ئه‌م دروشمانه‌ ده‌بنه‌ به‌شێک له‌ پرۆسه‌ى بێئومێدکردنى زیاترى خه‌ڵکى کوردستان له‌ هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کى چاکسازى له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌، ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ش گرنگترین رێگرییه‌کانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى چاکسازین له‌سیستمى کارگێڕى‌و به‌ڕێوه‌بردندا له‌کوردستان:
1ـ نه‌بوونى یان شلۆقى‌و ناجێگیرى بارودۆخى سیاسى‌و ئابورى.
2ـ ناڕوونى ئامانجى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى له‌سه‌ر رێڕه‌وى چاکسازى.
3ـ بوونى ده‌سته‌و تاقم‌و خه‌ڵکانێکى زۆر له‌تێکڕاى ئاسته‌ ئیداریه‌کاندا که‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان گرێدراوى گه‌نده‌ڵى‌و لادانه‌ کارگێڕیه‌کانه‌‌و ژماره‌یه‌ک له‌وانه‌ش پۆستى دیارو به‌رچاویان هه‌یه‌ که‌ڕێگرده‌بن له‌هه‌ر به‌رنامه‌یه‌کى چاکسازى‌و هه‌وڵى شکستپێهێنانى هه‌ر هه‌وڵێکى چاکسازى ده‌ده‌ن‌و بارودۆخێک ده‌خوڵقێنن کارمه‌ندان‌و به‌رپرسان‌و هاوڵاتیان زیاتر بێ متمانه‌بن به‌چاکسازى‌و پێیانوابێت چاکسازى شتێکى ئه‌سته‌مه‌و وه‌دیهاتنى مه‌حاڵه‌. یان بونى تاقم‌و گروپێک له‌حزبه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کان که‌ هه‌یمه‌نه‌ى ته‌واویان به‌سه‌ر ده‌زگاو فه‌رمانگه‌ حکومیه‌کاندا هه‌یه‌و به‌رژەوه‌ندیان له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامى بارودۆخى گه‌نده‌ڵی و به‌رده‌وامى ئه‌م سیستمه‌ کارگێڕیه‌دایه‌.
4ـ دروستبوونى توێژێکى به‌رفراوانى نه‌خوێنده‌وارو ناهۆشیار که‌هه‌وڵى ده‌وڵه‌مه‌ندبون ده‌دات له‌ماوه‌یه‌کى که‌مدا به‌بێ گوێدانه‌ یاسایى‌و شه‌رعیبونى رێگاکانى، بونى ئه‌م توێژه‌ش له‌ خه‌ڵکى هانى ته‌واوى کۆمه‌ڵگه‌ ده‌دات ئه‌وانیش به‌م رێگا ناشه‌رعیانه‌ هه‌وڵى خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن بده‌ن. ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆى دروستبونى دوو چینى جیاواز له‌خه‌ڵکى یه‌کێک هه‌ژارو بێبه‌ش‌و چینێکیش ته‌واو ده‌وڵه‌مه‌ند.
5ـ نه‌بون‌و لاوازى به‌رنامه‌ په‌روه‌رده‌یى‌و فێرکاریه‌کان‌و نه‌شیاوى سیستمى په‌روه‌رده‌ له‌په‌روه‌رده‌کردنى نه‌وه‌یه‌ک که‌ له‌برى رۆچون‌و گرنگیدانى زیاد له‌ پێویست به‌شتى لاوه‌کى بایه‌خ به‌ به‌ها به‌رزه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌و ره‌وشته‌ به‌رزه‌کان‌و به‌ها راست‌و دروسته‌کان بدات‌و خۆى رێگا راسته‌کان بدۆزێته‌وه‌.