به‌گوێره‌ی دامه‌زراوه‌ی “ریسۆرس گۆڤه‌رنه‌نس ئیندێكس” له‌سه‌رجه‌م ٥٨ وڵات كه خاوه‌نی ٨٥%ی یه‌ده‌گی نه‌وتی جیهانن ٤٧ وڵاتییان به‌راده‌ی جۆراوجۆر كێشه‌ی نه‌بوونی شهفافییهتو نیوه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ش گرفتی لاوازی دامه‌زراوه‌ی دیموكراتیییان هه‌یه. شاره‌زایانی بواری نهوتو سیاسه‌تیش له‌وانه‌ش مایكل رۆز و تیمۆتی میشیل، نه‌وت به‌هۆكاری سه‌ره‌كی نه‌بوونی شهفافییهتو لاوازی موئه‌سه‌سات له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.
لێره‌دا دوو پرسیار پێویسته وه‌ڵامبدرێنه‌وه: (١) چی واده‌كات نه‌وت ببێته هۆی نه‌بوونی شهفافییهتو لاوازی دامه‌زراوه‌كان؟ (٢) كاریگه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان چییه؟ له‌م گۆشه‌یه‌دا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر پرسیاری یه‌كه‌م. مه‌به‌ست له ناشه‌فافییه‌ت به‌نهێنی هێشتنه‌وه‌ی داتا، دۆكومێنتو زانیارییه‌كانه ده‌رباره‌ی گرێبه‌سته نهوتییهكانو رێژه‌ی دهرهێنانو ههناردهكردنو بڕو چۆنییه‌تی سه‌رفكردنی داهاتی نه‌وت. مه‌به‌ست له لاوازی دامه‌زراوه‌كانیش نه‌بوونی یان ناكارایی موئهسهساته دیموكراسییه‌كانه، له‌وانه‌ش دامه‌زراوه‌ی چاودێری وه‌ك ئه‌نجومه‌نی سێنات (پیران)و قهزاییو دادوه‌ری گشتی‌و په‌رله‌مان و لاوازی دامه‌زراوه داراییه‌كانه. ده‌كرێت له‌چه‌ند خاڵێكدا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بدرێته‌وه كه چۆن نه‌وت رێگا بۆ ناكارایی دامه‌زراوه دیموكراتییه‌كان‌و ناشه‌فافییه‌ت خۆشده‌كات.
یه‌كه‌م، نوخبه‌ی حوكمڕان له وڵاته نه‌وتییه‌كان مه‌یلی به‌لاواز هێشتنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی هه‌یه. چه‌نده دامه‌زراوه‌كان لاوازتر بن هێنده بواری شاردنه‌وه‌ی زانییارییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌داهاتی نه‌وت له‌لایه‌ن رژێمهكانهوه وهێشتنه‌وه‌ی داهاته‌كه له‌ژێر كۆنترۆڵی نوخبهیهكدا ده‌ره‌خسێت، بۆیه له‌هه‌ر وڵاتێك نوخبه‌ی حاكم بۆی لوابێت هه‌وڵیداوه دامه‌زراوه دیموكراتییه‌كان بهناكارایی و لاوازی بمێننه‌وه. به‌واتایه‌كی تر، به‌لاوازی هێشتنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كان زۆرجار به‌شێكه له كارنامه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌ك یان نوخبه‌یه‌كی حوكمڕان‌و ئامانجی پشت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش ره‌خساندنی بواره بۆ گهندهڵیو خراپ به‌كارهێنانی داهاتی نه‌وت.
دووه‌م، حكومه‌ت له وڵاته نه‌وتییه‌كاندا كه‌متر پێویستی به‌كۆكردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ر دانیشتوانه بۆ ئیداره‌كردنی وڵات‌و داهاتی نه‌وت ده‌بێته به‌دیلی داهاتی باج. كاتێكیش هاوڵاتی باج به ده‌وڵه‌ت نادات‌و به‌شدارنابێت له دابینكردنی بودجه‌ی وڵات‌دا، مه‌یلی پاسیڤبوونی هه‌یه و كه‌متر ماف‌و بواری چاودێریكردنی پرۆسه‌ی خه‌رجكردنی داهاتی وڵاتی پێده‌درێت. ده‌ره‌نجام ده‌سه‌ڵات ده‌ستی ئاوه‌ڵاتر ده‌بێت بۆ به‌نهێنی هێشتنه‌وه‌ی زانییارییه‌كان له‌و بواره‌دا.
سێیه‌م، پێچه‌وانه‌ی به‌رهه‌مه پیشهسازیو كشتوكاڵیه‌كان، نه‌وت له‌بازاری خۆماڵیدا ساغ ناكرێته‌وه و پێویستی به‌هه‌نارده كردن‌و ساغكردنه‌وه‌یه له‌بازاره‌كانی ده‌ره‌وه‌دا. حكومه‌ت داهاتێكی زۆری دێته ده‌ست كه به‌رهه‌می راسته‌وخۆی خه‌ڵك نییه و ئه‌م داهاته وا دێته پێشچاو كه له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌گاته ده‌ست رژێمه‌كان نه‌ك له بازاڕه‌كانی ناوخۆ و له‌رێگای بانك‌و دامه‌زراوه‌كانی وڵاته‌وه. ئه‌م سروشته‌ی نه‌وت چه‌ند ده‌ره‌نجامێكی تێكههڵكێشراوی هه‌یه. له‌لایه‌كه‌وه، ده‌سه‌ڵات خۆی به‌خاوه‌نی ئه‌و داهاته دهزانێتو مافی مامه‌ڵه و خاوه‌ندارێتی داهاته‌كه ده‌گرێته ده‌ست. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، بوونی
پاره‌یه‌كی ئاماده له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و ده‌ست ئاوه‌ڵایی نوخبه‌یه‌ك له مامه‌ڵه‌كردن پێیه‌وه واده‌كات كه هیچ رێگرییه‌كی جدی نه‌بێت بۆشاردنه‌وه و گلدانه‌وه‌ی به‌شێك له‌و داهاته له بانكه‌كانی جیهان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه شهخسیییهكان.
چواره‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌زۆرێك له وڵاتاندا نه‌وت سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی بودجه‌یه، پرۆسه‌ی دهرهێنانو هه‌نارده‌كردنی نه‌وت پێویستی به به‌شدارییه‌كی فراوانی خه‌ڵك نییه و ته‌نها گروپێكی بچكۆله‌ی ئه‌ندازیار و ته‌كنیككاری پێویسته. ئه‌م حاڵه‌ته هاوكێشه‌یه‌كی ناهاوسه‌نگ دروستده‌كات چونكه به‌شداری كه‌می خه‌ڵك له به‌رهه‌مهێناندا رۆڵی دامه‌زراوه‌كان بۆ ئیداره‌كردنی داهاتی نه‌وت كه‌مترده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی رۆڵی خه‌ڵك‌و كه‌می ئاگاداری‌یان له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نهوتو ئیداره‌كردنی داهاتهكهیو سه‌ره‌نجام بوار ره‌خساندن بۆ نه‌بوونی شه‌فافییه‌ت و شاردنه‌وه‌ی زانییارییه‌كان.