لەم وتارەدا هەوڵم داوە کە واتای سیاسەت شی بکەمەوەو لەو پێناوەشدا کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرینگ و کاریگەر بخەمە بەرباس، هاوکات پێوەندییەکانی نێوان تجارەت و سیاسەت لێک دەدەمەوەو باس لە کاریگەرییەکانی ئەو دووچمکە لەسەریەک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەم.
لە بەشی یەکمدا هەوڵ دەدەم کە چمکی سیاسەت شی بکەمەوەو ئاماژە بە ڕوانگەی کۆمەڵە فیلسوفێکی ئەو بوارە بکەم، هاوکات ڕوانگەی خۆمیش لەو پێوەندییەدا دێنمە گۆڕێ.
لە بەشی دووەم و کۆتایی وتارەکەدا چمکی تجارەت و کاریگەرییەکانی ئەو چمکە لەسەر سیاسەت باس دەکەم و ئاماژە بەکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەم کەلە پێوەندی بەودوو چمکەوە کۆمەڵگای توشی کێشەو ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری کردووە.
واتای سیاسەت و مێژووەکەی:
سیاسەت وشەیەکی کۆن و مێژووییە کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ یونانی کۆن، ئەرەستو فیلسوف و فەلسەفەزانی یونانی یەکێ لەو کەسانە بووە کە لەسەر چمکی سیاسەت توێژینەوەی کردووەو لەوبارەیەوە نوسین و بڵاوکراوەی هەیە.
ئەو سیاسەت (Polis) بەدەسەڵات، سیستم و هەوڵدانێک دەزانێت کە لە دژی دەسەڵاتی پاوانخوازی لە کۆمەڵگا سەر هەڵدەدات و لەو پێوەندییەدا دەکەوێتە خەبات و تێکۆشان، ئەرەستو لەو سەردەمەدا، ئەو دەسەڵاتە بەسیستمی فرەچەشنی ناو دەبات کە لە دژی حوکوومەتی خێڵەکی و پاشایەتی دەهاتە گۆڕەپان و سیمایەکی دیکەی بەو چمکە دەبەخشی.
بەڵام پێشکەوتنی زانست لە یونانی کۆندا ئاڵوگۆڕی قوڵی بەسەر واتای کلاسیکی سیاسەتدا(Polis) هێنا.
دواتر، واتای وشەی سیاسەت لە هەوڵدان بۆ خۆجێگیرکردن بەسەر روانگە دواکەوتووەکانی خێڵەکی و وەحشیگەری گۆڕا بۆ دیالۆگ و گفتوگۆی نێوان لایەنەکان، هەروەها دەسەڵاتی بەرابەرییخواز و بەشداری پێکردنی خەڵک لە چارەنوسی سیاسی وڵات.
دادپەرەوەی کۆمەڵایەتی یەکێکی دیکە لەو واتانە بوو کە دواتر بەفەلسەفەی نوێی سیاسەت ئاوێتە کرا.
چمکی سیاسەت (Politica) لە نوسیەنەکانی ئەرەستوو بە وتووێژو گفتۆگۆی دوو لایەنە پێناسە دەکرێت کە لە هەوڵدایە بۆداڕشتنی پلانێکی بەجێو گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.
بەڵام لەسەردەمی مودێڕنێتە، کە بە سەردەمی پێکهاتنی ئاڵوگۆڕی قوڵ لە کۆمەڵگاکان پێناسە دەکرێت، وە کاریگەری دوونیای سەرمایەداری و سەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەورووپا، ئاڵوگۆڕی بەسەر بەشێکی زۆر لە واتای وشە سیاسی و فەلسەفییەکان هێنا، وشەی سیاسەتیش یەکێ لەو وشانە بوو کە لە ڕەوتی ڕووداوەکان، کاریگەرییەکانی پێشکەوتنی دوونیای لەسەر بوو، ئاڵوگۆڕی قوڵی بەسەردا هات و هێدی هێدی بەرفەراوانتر بوو.
لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی لە ئەورووپا، ئیتر سیاسەت دەبێتە مەکتەبێکی سیاسی و فەلسەفی و کەسانی شارەزا لەو بوارەدا دەتوانن دەوری تێدا بگێڕن و تووێژینەوەی لەبارەوە بکەن. هاوکات وەک مەکتەبێکی فەلسەفی، جیاوازی دەخاتە نێوان کەسانی پسپۆڕو شارەزا لەو بوارە، لەگەڵ کەسانێک کە نەخشێکی ئەوتۆی تێدا ناگێڕن و تەنیا وەک خەڵک لە بڕیاردانی گشتیدا ڕۆڵ دەگێڕن.
هەنوکە سیاسەت بۆبەشێک لەخەڵک و کۆمەڵگا گرینگ نییەو بۆ بەشێکیش گرینگەو ڕۆژانە بەدواوەچونی بۆدەکەن. هاوکات زۆر کەسیش بەپیشەیەکی مەترسیدار چاوی لێدەکەن و خۆیانی لێبەدوور دەگرن.
سیاسەت بەو کارو کردەوانەی دەسەڵات، حوکوومەت و لایەنگەلێکی ناو دەسەڵات دەوترێت کەهەوڵ بۆکرونترۆڵ کردنی کۆمەڵگا, خەڵک, کەس و کەسایەتیگەلێکی ناو کۆمەڵ و… هتد دەدەن.
هاوکات پلان و دژکردەوەکانی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگا بەبەشێک لەسیاسەت پێناسە دەکرێت و بەکۆی گشتی کارو تێکۆشانی حوکوومەت سیاسەت دەوترێت.
یەکێ لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی ئەوەکە سیاسەت برەوی پێبدرێت و کاری پێبکرێت، ئەو جیاوازییانەی کۆمەڵ و کۆمەڵگاکانە کەهەمیشە پێویستی بەلێک تێگەیشتن، پێداچونەوە، وتووێژو گفتوگۆی دوولایەنە هەیە.
ئەوەش کاریگەری لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا دادەنێت و سیاسەتزانان و لێکۆڵینەوەرانی ئەو بوارە گرنگی و باییخی پێدەدەن. دیالۆگ و گفوگۆی نێوان لایەنەکان بوار بۆ هەرکەس و لایەنێک دەرەقسێنێت کە خۆی و ڕوانگەکانی تاقی بکاتەوەو لایەنگر بۆ بیروڕاکانی بدۆزێتەوە، ئەوەش بەبەشێک لەسیاسەت پێناسە دەکرێت.