هه‌رێمی کوردستان وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک بۆ گه‌رانه‌وه‌ی حه‌وت خوشکه‌که‌

چه‌مکی حه‌وت خوشکه‌که‌ یه‌که‌م جار له‌په‌نجاکانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌لایه‌ن ئه‌ریکۆ ماتی دامه‌زرێنه‌ری پیشه‌سازی مۆدێرنی نه‌وتی ئیتالی به‌کارهات. ماتی ئه‌م چه‌مکه‌ی وه‌ک ئاماژه‌ بۆ حه‌وت کۆمپانیای زه‌به‌لاحی ئه‌و سه‌رده‌مه‌، که‌ بریتی بوون له‌ئێکسۆن (Exxon)، مۆبیل (Mobil)، چێفرۆن (Chevron)، ته‌کساکۆ (Texaco)، گه‌لف (Gulf)، شێڵ (Shell) وه‌ بی پی (BP) به‌کارهێنا.
چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیه‌ک حه‌وت خوشکه‌که‌ی له‌سه‌رجه‌م کۆمپانیاکانی تری بواری نه‌وت جیاده‌کاته‌وه‌. یه‌ک، جگه‌ له‌ شێڵ، که‌ دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی به‌ڕه‌گه‌ز هۆڵه‌ندیه‌، سه‌رجه‌م کۆمپانیاکانی تر ئه‌نگلۆ-سه‌کسۆنی (به‌ریتانی – ئه‌مەریکی)ن. دوو، حه‌وت خوشکه‌که‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پشکداری‌و خاوه‌ندارێتی له‌کێڵگه‌ نه‌وتیه‌کان گرێبه‌ستی نه‌وتیان له‌گه‌ڵ وڵاتاندا ده‌به‌ست.
سێ، ئه‌و کۆمپانیایانه‌ په‌یماننامه‌یه‌کیان له‌نێواندا هه‌بوو، که‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا کێبڕکێیان له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌ نه‌وتیه‌کان نه‌ده‌کردو له‌نێوان خۆیاندا هه‌ماهه‌نگیان بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی نه‌وت‌و زیادکردنی هه‌ژمونیان به‌سه‌ر نه‌وتی جیهانه‌وه‌ ده‌کرد.
چوار، بۆ نیو سه‌ده‌ زۆرینه‌ی یه‌ده‌گی نه‌وتی جیهانیان کۆنترۆڵکردبوو. به‌پێی زۆر سه‌رچاوه‌، تا ساڵی ١٩٦٩ نزیک به‌ ٨٥%ی نه‌وتی یه‌ده‌گی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ژێرده‌ستی حه‌وت خوشکه‌که‌دا بوو. پێنج، ئه‌و کۆمپانیایانه‌ کۆنترۆڵی هه‌موو بواره‌کانی نه‌وتیان کردبوو، هه‌ر له‌پشکنین‌و گه‌ڕان به‌دوای نه‌وتدا تا ده‌رهێنان، پاڵاوتن، گواستنه‌وه‌و دیاریکردنی نرخی نه‌وت. 
گه‌لانی ناوچه‌که‌ دوای نیو سه‌ده‌ ململانێ سه‌ره‌نجام له‌بارودۆخی جه‌نگی ساردو به‌هۆی موغامه‌ره‌ی چه‌ند رژێم‌و سه‌رکرده‌یه‌کی سه‌رکێش‌و رادیکاڵی وه‌ک موعه‌مه‌ر قه‌زافی له‌لیبیا، سه‌دام حوسێن له‌عێراق‌و ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی له‌ئێران توانیان سامانه‌ سروشتیه‌کانیان له‌ژێر کۆنترۆڵی حه‌وت خوشکه‌که‌ ده‌ربکه‌ن.
به ‌له‌ده‌ستدانی کۆنترۆڵیان به‌سه‌ر یه‌ده‌گی نه‌وتی جیهانه‌وه‌، حه‌وت خوشکه‌که‌ پێگه‌یان وه‌ک زه‌به‌لاحترین کۆمپانیای جیهان له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ش له‌چه‌ند خاڵێکدا ده‌رده‌که‌وێت. یه‌که‌م، له‌ساڵی ١٩٧١دا حه‌وت خوشکه‌که‌ هێشتا زیاتر له‌ ٧٠%ی سه‌رجه‌م یه‌ده‌گی نه‌وت جیهانیان کۆنترۆڵکردبوو له‌به‌رامبه‌ردا کۆمپانیا نیشتیمانیه‌کان (ده‌وڵه‌تیه‌کان) ته‌نها ٣٠% ی نه‌وتیان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، به‌ڵام له‌ئێستادا کۆمپانیا نیشتیمانیه‌کان ٩٣% یه‌ده‌گی نه‌وتیان له‌به‌رده‌ستدایه‌، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، پشکی حه‌وت خوشکه‌که‌ بۆ ٧% دابه‌زیوه‌. به‌مجۆره‌، دوا چاره‌گی سه‌ده‌ی بیسته‌م ده‌کرێت به‌سه‌رده‌می رزگاربون له‌هه‌ژمونی حه‌وت خوشکه‌که‌ له‌قه‌ڵه‌مبدرێت.
دوه‌م، له‌ 20 ساڵی رابردودا سێ له‌حه‌وت خوشکه‌که‌ نه‌یانتوانی چیتر وه‌ک کۆمپانیای سه‌ربه‌خۆ کاربکه‌ن‌و ناچاربون پاڵ بده‌نه‌ کۆمپانیای تر. ته‌کساکۆو گه‌لف له‌گه‌ڵ چێڤرۆن‌و ئێکسۆن له‌گه‌ڵ مۆبیلدا یه‌کیانگرت. به‌مجۆره‌، ئێستا ته‌نها چوار له‌حه‌وت خوشکه‌که‌ ماونه‌ته‌وه‌ که‌ بریتین له‌ئێکسۆن-مۆبیل، چیڤرۆن، شێڵ‌و بی پی. ئه‌و چوار کۆمپانیایه‌ ده‌کرێت وه‌ک میراتگری حه‌وت خوشکه‌که‌ ته‌ماشابکرێن.
جارێکی تر خه‌ریکه‌ حه‌وت خوشکه‌که ‌ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ له‌لاوازترین خاڵی ئه‌و ناوچه‌یه‌وه‌ دێنه‌ ناوه‌وه‌، که‌ ئه‌ویش هه‌رێمی کوردستانه‌. له‌به‌ر دوو هۆکار هاتنیان بۆ کوردستان جێگای سه‌رنجه‌:
یه‌که‌م، سێ له‌چوار کۆمپانیه‌ میراتگره‌که‌ی حه‌وت خوشکه‌که‌، واته‌ ئێکسۆن-مۆبیل‌و چێڤرۆن به‌شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆو «بی پی»ش له‌ڕێگای به‌ڕێوه‌به‌ری پێشویه‌وه‌ گرێبه‌ستی نه‌وتیان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی هه‌رێم مۆرکردوه‌.
دوه‌م، هه‌رچه‌ند ئه‌وان به‌شێوازی تر له‌ناوچه‌که‌دا کاریانکردوه‌، به‌ڵام دوای 40 ساڵ، جارێکی تر ئه‌و کۆمپانیایانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای پشکداری و خاوه‌ندارێتی له‌کێڵگه‌ نه‌وتیه‌کان گرێبه‌ستی نه‌وتی له‌گه‌ڵ حکومه‌تێکی ناوچه‌که‌دا واژوده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش بواری دوباره‌ هه‌ژمون په‌یداکردنه‌وه‌ له‌ناوچه‌که‌دا ده‌ره‌خسێنێت.
هاتنی حه‌وت خوشکه‌که‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی هه‌ستیارو چاره‌نوسسازه‌و پێویسته‌ هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکرێت. چه‌ند پرسیارێکی په‌یوه‌ست به‌و پرۆسه‌یه‌ دێنه‌پێشه‌وه‌ که‌ له‌ستونه‌کانی داهاتودا هه‌وڵده‌درێت وه‌ڵام بدرێنه‌وه‌، له‌وا