به‌های‌ دۆلاروئــابووری‌ كوردســتـان ‌

له‌عیراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستاندا دراوی‌ یه‌كه‌م دیناره‌ كه‌ دراوی‌ فه‌رمییه‌و مامه‌ڵه‌ی‌ پێده‌كریت، له‌گه‌ڵ دراوی‌ ناوخۆی وڵاتیشدا دراوێكی‌ تریش كاری‌ پێده‌كرێت كه‌ به‌دراوی‌ دووه‌م ناوده‌برێت ئه‌ویش دۆلاره‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی‌ كه‌ دۆلار دراوی‌ یه‌كه‌مه‌ له‌سه‌رئاستی‌ جیهان كه‌ به‌دراوێكی‌ جیهانی‌ ناسراوه‌ له‌سالێ‌ 1948وه‌، به‌ڵام له‌به‌شێكی‌ زۆری‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپادا یۆرۆ دراوی‌ یه‌كه‌مه‌و دۆلاریش دراوی‌ دووه‌م، له‌به‌ریتانیاش پاوه‌ن دراوی‌ یه‌كه‌مه‌. پێوانه‌ی‌ به‌های‌ 2 دراویش به‌رامبه‌ر یه‌كتری‌ پێی‌ ده‌وترێت نرخی‌ ئاڵوگۆڕی‌ دراو (سعر صرف العمله‌، exchange rate)، مانای‌ به‌های‌ یه‌ك دینار به‌رامبه‌ر دۆلار چه‌نده‌و به‌های‌ دۆلارێكیش به‌رامبه‌ر به‌دینار چه‌نده‌؟.
له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ 2003وه‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق پێنج رۆژ له‌هه‌فته‌یه‌كدا هه‌ڵده‌ستێت به‌فرۆشتنی‌ دۆلاری‌ داهاتی‌ نه‌وت‌و كڕینی‌ دیناری‌ عیراقی‌ بۆ پێدانی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ عیراق‌و پارێزگاری‌ كردنیشی‌ له‌به‌های‌ دیناری‌ عیراقی‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌های‌ دینار به‌رزببێته‌وه‌و هاووڵاتی‌ عیراق‌و كوردستان توانای‌ كڕینی‌ شمه‌كیان زیاتر ببێت به‌هه‌مان پاره‌و مووچه‌. له‌بیرمان دێت ساڵی‌ 2004 هه‌ر 150000 دینار یه‌كسان بوو به‌ 100 دۆلار، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2012دا 118000 دینار یه‌كسان بوو به‌ 100 دۆلار، ئه‌مه‌ مانای‌ وایه‌ به‌های‌ دیناری‌ عیراقی‌ به‌رزبۆته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌دۆلاری‌ ئه‌مریكی‌‌و مانای‌ وایه‌ مووچه‌ی‌ هاووڵاتیانی‌ كوردستان به‌هایه‌كی‌ زیاتری‌ په‌یداكردووه‌، زیاتر روونیكه‌مه‌وه‌ هاووڵاتییه‌ك ئه‌گه‌ر سه‌فه‌ری‌ لوبنانی‌ بكردایه‌ 150000 دیناری‌ ده‌گۆڕییه‌وه‌ به‌ 100 دۆلار له‌ 2004دا، به‌ڵام له‌ 2012دا 118000 دیناری‌ ده‌گۆڕییه‌وه‌ به‌ 100 دۆلار، ئه‌مه‌ مانای‌ وایه‌ ده‌یتوانی‌ به‌هه‌مان مووچه‌ دۆلاری‌ زیاتر بكڕێت‌و سوودی‌ زیاتری‌ ده‌ستبكه‌وێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2013وه‌ به‌های‌ دۆلار به‌رز بۆته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌دیناری‌ عیراقی‌ تا له‌هه‌فته‌ی‌ رابردوودا 100 دۆلار یه‌كسان بوو به‌ 130 هه‌زار دینار، ئه‌مه‌ش مانای‌ وایه‌ به‌های‌ دۆلار جارێكی‌ تر به‌رزبۆته‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ردا به‌های‌ دیناری‌ عیراقی‌ دابه‌زیووه‌، به‌ڕای‌ من هۆكاره‌كانی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ به‌های‌ دۆلار ئه‌مانه‌ی‌ لای‌ خواره‌وه‌یه‌:
1- وڵاتی‌ ئێران‌و سوریا خواستیان له‌سه‌ر دۆلار زۆره‌و له‌عیراق‌و كوردستان ده‌یكڕن‌و ده‌یبه‌نه‌ وڵاتی‌ خۆیان.
2- له‌بۆرسه‌ی‌ عیراق له‌به‌غداد (85%)ی‌ فرشتنی‌ سه‌رجه‌م دۆلار بۆ بازاڕی‌ عیراق نییه‌، به‌ڵكو راسته‌وخۆ حه‌واڵه‌ ده‌كرێت بۆ بانكه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عیراق.
3- له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵه‌وه‌ ناسه‌قامگیری‌ سیاسی‌ بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م دانیشتووانی‌ عیراق به‌ده‌وڵه‌مه‌ندو فه‌قیره‌وه‌، به‌كڕیارو فرۆشیاره‌وه‌ دۆلاره‌كانیان هه‌ڵبگرن‌و به‌دیناری‌ عیراقی‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش خستنه‌ڕووی‌ دۆلاری له‌بازاڕدا كه‌مكردۆته‌وه‌.
ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌:
 ده‌بێته‌ هۆی‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ به‌های‌ دیناری‌ عیراقی‌‌و زیانگه‌یاندن به‌ئابووری‌ عیراق‌و كوردستان‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ خێرای‌ نرخی‌ شمه‌ك له‌بازاڕدا، چونكه‌ فرۆشیاره‌كان شمه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات به‌دۆلار ده‌كڕن‌و له‌وڵاتیش به‌دینار ده‌یفرۆشنه‌وه‌ به‌نرخێكی‌ گرانتر.
چاره‌سه‌ر:
1- وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ڕێگه‌ی‌ بانكه‌كانیه‌وه‌ رۆژانه‌ به‌شداری‌ بكات له‌بۆرسه‌ی‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ عیراق‌و دۆلار بكڕێت‌و له‌بازاڕی‌ دراوی‌ كوردستاندا دۆلاره‌كان بفرۆشێته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ به‌های‌ دۆلار دابه‌زێت‌و به‌های‌ دینار به‌رزببێته‌وه‌.
2- حكومه‌تی‌ هه‌رێم مانگانه‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ (17%) له‌به‌غدا وه‌رده‌گرێت كه‌ پێویسته‌ به‌دینارو دۆلار وه‌ری‌ بگرێت، ئه‌گه‌ر زانی‌ به‌های‌ دینار دابه‌زیووه‌، ئه‌وه‌ ده‌توانێت بڕێكی‌ زۆر له‌بودجه‌كه‌ی‌ به‌دۆلار وه‌ربگرێت هه‌ر 100 دۆلار به‌ 116 هه‌زار دینارو له‌بازاڕی‌ كوردستان دۆلاره‌كه‌ بفرۆشێت‌و دینار بكڕێ‌و مووچه‌ی‌ فه‌رمابه‌رانی‌ حكومه‌تی‌ لێبدات.
3- بۆئه‌وه‌ی‌ كاریگه‌رییه‌كه‌ی‌ خێرا بێت، پێشنیاز ده‌كه‌م حكومه‌تی‌ هه‌رێم مانگی‌ داهاتوو مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ به‌دۆلار بدات له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ 100 دۆلار یه‌كسانه‌ به‌ 125 هه‌زار دینار، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ له‌بانكه‌ حكومییه‌كاندا هه‌موو 100 دۆلارێك بۆ هاووڵاتیان و مووچه‌خۆران بگۆڕێته‌وه‌ به‌ 125 هه‌زار دینار، به‌م شێوه‌یه‌ ده‌توانێت پارێزگاری‌ له‌به‌های‌ دین