بەگوێری دامەزراوەی وزەی ئەمەریکی هەرێمی کوردستان ٥٠ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی هەیە. رێکخراوی ئۆپێک یەدەگی نەوتی جیهان به ١٤٨٠ ملیار بەرمیل دەیخەمڵێنێت. واتە هەرێمی کوردستان یەکێکە لەزەبەلاحە نەوتیەکان و خاوەنی زیاتر لە 3%ی نەوتی جیهانە. لەسەر ئاستی جیهان هەرێم لە ریزبەندی نۆیەم دێت و دوای سعودیە، فەنزوێلا، کەنەدا، ئێران، عێراق، کوێت، ئیمارات، روسیا، زۆرترین یەدەگی نەوتی هەیەو نازناوی نۆیەم دەوڵەمەندترین وڵاتی نەوتی جیهان لەلیبیا دەستێنێت.
دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەچوار ملیۆن و 500 ههزار کەس مەزەندەدەکرێت. واتە بۆ هەر تاکێکی ئەم هەرێمە زیاتر لە ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی یەدەگ هەیە.
شارەزایانی بواری نەوت پێشبینی ئەوە دەکەن جگە لەو بڕە نەوتەی تا ئێستا دۆزراوەتەوە، رەنگە ٢٥ ملیار بەرمیلی تر لە ژێر زەوی هەرێمی کوردستاندا هەبێت. ئەگەر ٢٥ ملیار بەرمیلی یەدەگی نەوتی ناوچە دابڕاوەکانیش بخرێتە سەر ئەم وێنەیە، ئەوا یەدەگی نەوتی سەرجەم باشووری کوردستان دەگاتە ١٠٠ ملیار بەرمیل و ریزبەندی کوردستان بەرز دەبێتەوە بۆ حەوتەم وڵاتی جیهان و پێش روسیا و ئیمارات دەکەوێتەوە.
هەرێمی کوردستان لە رووی یەدەگی غازیشەوە سەردەستەی وڵاتانی جهیانە. دامەزراوەی وزەی ئەمەریکی بڕی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان بە سێ ترلیۆن مەتر سێجا دەخەمڵێنێت. بەمجۆرە کوردستان دەبێتە چواردەهەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان لەڕووی یەدەگی غازەوە.
لەمێژووی 100 ساڵەدا ئەمە دووەم جارە کە باشووری کوردستان ببێتە سەردەستەی وڵاتانی جیهان لە رووی بایەخی نەوتیەوە. جاری یەکەم، کە دەکرێت بە شەپۆل یان بازی یەکەمی نەوتی کوردستان دابنرێت، بەدۆزینەوە و دەرهێنانی نەوتی کەرکوک لەسەرەتای سەدەی رابردوودا دەستپێدەکات. شەپۆلی دووەمیش لەسەرەتای ئەم سەدەیەوەو دوای رووخانی رژێمی بەعس دەستیپێکردووەو تا ئێستا بوونی ٥٠ ملیار بەرمیل نەوت لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان سەلمێنراوە. بەمجۆرە، باشووری کوردستان هێندە دەوڵەمەندە لە رووی نەوت و غازەوە دەکرێت پاشگر یان نازناوی هەرێمە نەوتیەکەی پێبدرێت.
بەڵام تابلۆکە هێندە درەوشاوەو ئومێدبەخش نیە وەک دێتە پێشچاو. دەوڵەمەندی لەبواری نەوتدا زیاتر مەیلی ئەوەی هەیە ببێتە سەرچاوەی بەڵاو کێشەی جۆراوجۆری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژێردەستەیی، نەک هۆکاری خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و سەربەخۆیی.
بۆنموونە، لە ١٠ وڵاتە دەوڵەمەندە نەوتیەکەی جیهان، کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدان، جگە لە کەنەداو تا رادەیەکیش روسیا، نەوت هۆکاری دواکەوتوویی، ئاژاوە، دیکتاتۆریەت، توندوتیژی، جەنگ و کودەتا، کێشە کۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەکان بووە.
نموونەیەکی تر ئەزموونی کوردستانە لەگەڵ شەپۆلی یەکەمی نەوتدا. دۆزینەوەی نەوتی کەرکوک بووە هۆکاری ژێردەستەیی و لکاندنی کوردستان بەعێراقەوەو سەرەنجام هۆکاری هەموو ئەو تراژیدیاو نەهامەتیانە بووە کە لە نەوەد ساڵی رابردوودا بەسەر گەلی کوردستاندا هاتووە.
ئەوەی جێگای نیگەرانیە، هاوشیوەی شەپۆلی یەکەم، گەلی کوردستان لەسەر ئاستی فەرمی و میللی بۆ شەپۆلی دووەمی نەوتیش ئامادە نیە. یەکێک لەکەلێن و نائامادەییەکان بواری راگەیاندنە. لەم بوارەدا نەتوانراوە وشیارییەکی گشتی لەبواری رەهەندە جیاوازەکانی نەوتدا دروستبکرێت و فشاری پێویست بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ ئەوەی ئەزموونی شکستخواردووی وڵاتە فاشیلە نەوتیەکان دووبارە نەکاتەوە.
هاوڵاتی