مافی ئابوری‌و مافی هاوڵاتی بوون

له‌گه‌ڵ‌ گه‌شه‌كردنی بیری سیاسی و فه‌لسه‌فی و كۆمه‌ڵایه‌تی زاراوه‌ی مافی هاوڵاتی بوون به‌رده‌وام به‌كارهاتووه‌و به‌كاردێ. ئامانج له‌ خه‌باتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌راهه‌م كردنی مافی هاوڵاتی بوونی یه‌كسانه‌ بۆ هه‌موو تاكه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ خه‌باتی تیا ڕووئه‌دات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی هه‌ڵوێسته‌و تێبینیه‌ ئه‌مه‌یه‌ كه‌ مانای مافی هاوڵاتی بوون زیاتر له‌ چوارچێوه‌ی یاسایی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كارهاتووه‌.
ئه‌مڕۆ له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوا كه‌ به‌ پێشه‌نگ و لانكه‌ی داهێنانی بیری مافی هاوڵاتی بوونی هاوچه‌رخ دائه‌نرێن له‌ رووی یاساییه‌وه‌ مافی یه‌كسان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ مافی سیاسی، بیری سیاسی، ڕای سیاسی.
هه‌روه‌ها له‌ ڕوی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هه‌تا فه‌رهه‌نگی و زانستیه‌وه‌ مافی تاكه‌كان كه‌م یان زۆر له‌ یاسادا پارێزراوه‌. هه‌تا له‌ ڕۆژئاوا، مافی ئابوری وه‌ك مافێكی هاوڵاتی بوون تا پێش 3-4 ده‌یه‌ به‌ جددی له‌ به‌رچاو نه‌گیرا بو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ تا ئه‌ندازه‌ی قبووڵ‌ له‌ ڕۆژئاوا مافی ئابوری وه‌ك مافێكی هاوڵاتی بوون دانی پیانراوه‌ به‌ پێی یاسا، له‌ رێی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی و سه‌ندیكاكان و چه‌نده‌ها رێكخراوی ده‌وڵه‌تی و ناده‌وڵه‌تی پارێزگاری لێ ئه‌كرێ و تا ئێستاش خه‌باتی بۆ ئه‌كرێ بۆ كامڵبوونی.
تێ گه‌یشتن له‌ مافی ئابوری هاوڵاتی بوون هه‌تا ئه‌و مافه‌ ئابورییه‌ ڕێژه‌ییه‌ی كه‌ وه‌ك مافی هاوڵاتی بوون له‌ ڕۆژئاوا هه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی گۆران له‌ تێ گه‌یشتنی فۆرمی ژیان كه‌ له‌گه‌ڵ‌ كات و سه‌رده‌ما ئه‌گۆڕێ گه‌لێ جدل و پرسیار هه‌ڵئه‌گرێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌شا كه‌ به‌ چاوی ڕێژه‌یی له‌ڕوی مێژووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافیای بیری سیاسی و فه‌رهه‌نگی و شارستانی سه‌یر بكرێ ئه‌وا له‌ مێژوودا نه‌ له‌ ئێستادا له‌مه‌ باشتر نابینرێ كه‌ له‌ ڕۆژئاوا هه‌یه‌.
بێ مافی ئابووری، مافی هاوڵاتی بوون له‌ هه‌ر شوێن و كاتێكدا له‌ درۆ فریو زیاتر هیچی تر نیه‌. ئه‌و كاته‌ مافی هاوڵاتی بوون بوونی هه‌یه‌ كه‌ هاوڵاتی نه‌ك ته‌نها به‌شدار بێ له‌ ژیانی سیاسی دا، له‌ رووی یاسییه‌و به‌ شكلی مافی هه‌بێ به‌ڵكو ئه‌بێ به‌شدارو چالاك و چاودێر بێ له‌ كایه‌كانی ئابووری و به‌كارهێنانی داهاته‌كانی وڵات به‌ شێوه‌یه‌كی روون و ته‌ندروست و زیره‌كانه‌.
مافی هاوڵاتی بوون وه‌ك مافێكی سروشتی و ڕه‌وا له‌ هه‌ر شوێنێ له‌ دنیادا پێوه‌ره‌ بۆ خۆش به‌ختی هاوڵاتیان و مرۆڤه‌كان وه‌ هه‌روه‌ها به‌ ده‌سه‌ڵات بوونی خه‌ڵك و به‌ خه‌ڵكی بوونی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێ.
به‌ داخه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش به‌شی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵكی جیهان نه‌ ته‌نها مافی ئابووری و هاوڵاتی بوونیان نیه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ئاسیا و ئه‌فریقیا و ئه‌مریكای لاتینی، به‌ڵكو مافی ژیان و مانه‌وه‌ له‌ ژیانیشیان نیه‌. له‌بری ئه‌وه‌ی خه‌بات بۆ ره‌فاهیه‌ت و پێش كه‌وتنی زانستی و فه‌رهه‌نگی شارستانی و گه‌یشتن به‌ ته‌كاملی ژیانێكی انسانی بكه‌ن، هه‌موو خه‌باتیان بۆ ئه‌مه‌یه‌ له‌ ژیانا بمێنن ئه‌گه‌ر ئه‌م ژیانه‌ داماوی و كوله‌مه‌رگیش بێ.