ئەوە عەرزو ئەوە گەز

پەندێكی كوردی هەیە زۆرجار بە كاردێت ، بە تایبەت لە كاتێكدا كە كەسێك باس لەوە بكات بە نیازە كارێك بكات ، بەڵام جێبە جێی نەكات یان پشت گۆێی بخات بە تایبەت ئەكەر كارەكە  لەوە گەورە تر بێت كە كابرا دەرەقەتی كارێكی لەو بابەتە بێت . 
ئەم پەندەم بۆیە بە نمونە هێنایەوە لەمڕۆی ئەم مەملەكەتەی ئێمەدا ، شتی سەیر ئەگوزەرێ ، دیاردەیەك هاتۆتە پێش ، ئەویش باس كردنە لە گەندەڵی ، تەنانەت وای لێهاتوە كەسانێك هەن  ماناكەی نازانن بەڵام ئەوەی گرنگەوجێكەی سەرنجە و بابەتی باسەكەی ئێمە پێویستیەتی ئەوەیە هەر لەسەری سەرەوەی دەسەڵاتەوە باس لە گەندەڵی ئەكەین تا ئەگاتە تاك و كەسانی سادەی كۆمەڵ ،كەواتە گەندەڵی بوونی هەیە  .
چەندین جار گوێمان لێبوە یان بیستومانە یان بەرچاومان كەوتوە دەسەڵاتی گەورە لە سەرۆكایەتی هەرێمەوە باسیان كردوە ، كە گەندەڵی هەیە و ئەوانیش ئەزانن ، ئەگەر بە بەڵگەكەسێك گەندەڵی شك ئەبات پێمان بڵێت ، ئەوا ئێمە سزای گەندەڵكاران ئەدەین و گەندەڵیش ڕیشەكێش ئەكەین .
ئێمەش گەلێك خۆشحاڵین بەم بەڵێنە ،بەڵام لێرەدا ئێمە سەرە داوێك دەرئەخەین باقیەكەی جێدێڵین بۆ خاوەن ویژدان.
لای هەموان ڕونو ئاشكرایە، وەك ڕۆژی ڕون كە داهاتی وڵاتمان دەوڵەمەنو تێرو تەسەلە ، لە چاوی بەد بە دور بێت  پرۆژە گەڵێكیش هەنو بەڕێوە ئەچن  و گەلێكیش جێبەجێ كراون ، من هەرگیز ناڵێم هیچ نەكراوە !!!! زۆر كراوەو زۆریش ئەكرێت ، بەڵام هەندێ جار بۆ هەندێكیان ئەڵێم خۆزگە نەكرایە ، بۆ هەندێكیشیان ئەڵێم وا نابێت ، بۆ هەندێكیشیان ئەڵێم ویژدان باشەو قەبرو قیامەت هەیە !!
نمونە …..
هەندێ جار پرۆژەگەلێ ئەكەونە بواری جێبەجێ كردنەوە ، وەك دروست كردنی (20)قوتابخانە ، یان(10)بنكەی تەندروستی ، یان و یان و یان……..بەڵام پاش ماوەیەك لە تەواو بوون یاخوا دوژمنیشم سەر نەكان بە پرۆژەیەك لەوانەدا لە بەر كەموكوڕی ، هەندێجار مایەی دڵتێكەڵهاتنن ، هەندێجاریش جێی بەزەیین ، هەندێجاریش جێی توڕەبوون، بڵێی پارەو مایەكەی حەرام بێت ، یان پارەكەی بەلاش دەسكەوتبێت ؟ كێ دڵسۆزە ؟ كێ گەندەڵە ؟ برایینە خۆ حوكمەتەكەی ئێمە شەو كەلەبەر نابڕێ . ئەو بودجەو داهاتە لە قوڕگی (…………..) دایە بە شەڕی دەستەو یەخە لە بەغدا ئَەیپچڕێ با قەدری بگرین .
من پێشنیار ئەكەم حكومەتی هەرێم ئەگەر پرۆژەی نوێی دا بە قۆنتەرات بۆ نمونە لە (10) پرۆژەی هاو شێوە یەكێكیان بدات بە كۆمپانییایەكی ئەڵمانی یان ژاپۆنی گرنك نیە تێچونەكەی چەندە وە گرێبەست لەگەڵ ئەو كۆمپانیا بیانیانەش لە ڕێگەی سەفارەتەكانیانەوەبێت تا ئەوەش بەر باهۆزی گەندەڵی نەكەوێت گرەنتی (10) ساڵی لەگەڵدابێ . بۆ ئەوەی پێویستیان بە نۆژەن كردنەوە نەبێت . ئەوسا نۆكەی تری بۆ كۆمپانیا خۆماڵیەكان  ، جا ئەوسا بزانین ئەوەی بۆ پارە پەیدا كردن و هەڵلوشینی سامانی ئەم وڵاتە دێنە سەر خاكەكەمان ، دەست ڕەنگین ترە ، یان كوالێتی كارەكانیان بەرز ترە ، یان ئەوانەی بە قسەی زل ئەڵێن و ئەفەرمون ، ئێمە وڵات ئاوەدان ئەكەینەو!
ڕەنگە ئەم قسانەی من گەلێ كەس سەغڵەتو تەنگە نەفەس بكات  هەندی قسەی نابەجێشم بۆ بنێرن بەڵام دڵنیام نام گەنێ، هەرچیشیان وت گەردنیان ئازاد بێ  ئەو كات نۆ پرۆژەكەی تر بەراورد ئەكەین كە كۆمپانیای خۆماڵی جێبەجێی كردون ، لەگەڵ بیانیكە بزانین چی ئەبینین ئەگەر باشتر بوو پەندوئەزمونی لێوەر ئەگرین ، ئەگەر خراپ تر بوو ئەوا ئەڵێین بە ڕیشی مەردانەتان سوێند ئەخۆین .
هەرچەندە دڵنیام نۆكەی تر پر ئەبن لە كەمو كوڕی ڕنگە كەلەبەری وای تیابێ بە هیچ سواغ نەدرێ من لە ئێستەوە بە حكومەت ئەڵێم ، هەر لە بەڕێز سەرۆكەوە تا گشت وەزیرە بەڕێزەكان ، ئەوە پێشنیارێكە لە بەردەم بەڕێزتان  لە كەناڵێكی ئابوریەوە پێتان ئەگات  ، ئەگەر لە سەر بەڵێنەكانی خۆتان ماون و ئەو سوێندەی خواردوتانە ، ئەوە عەرز و ئەوە گەز .
دلاوەر سۆفی