ئابووریی تەندروستی لقێكە لە لقەكانی زانستی ئابووری، كە بایەخ بە كارلێك و گۆڕانكارییە ئابوورییەكانی بەرهەمهێنان و بەكاربردن و وەبەرهێنان لە خزمەتگوزاریی و بەرهەمە تەندروستییەكان دەدات. بایەخدان بەم لقەی زانستی ئابووری بۆ نزیكەی نیو سەدە پێش ئێستا و بۆ كۆمەڵێك هۆكار دەگەڕێتەوە، دیارترینیان، ئەو پەرەسەندنە گەورەیەی لە خزمەتگوزاریی و بەرهەمە تەندروستییەكاندا روویداوە، هەروەها تێچوونیشی بەشێوەیەكی بەرفراوان هەڵكشاوە، دەستوەردانی چڕی حكومی لە بواری تەندروستیدا، تێچوونی زۆری ئابووری بۆ فەراهەمكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی كە هەموو دانیشتوان بگرێتەوە، بایەخی جیهانی لەم بوارەدا خۆی لە رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان و هەوڵەكانی رێكخراوە جیهانییەكان لە كاروباری تەندروستییدا دەبینێتەوە، زیادبوونی بایەخی خەرجیی تەندروستی لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی، خەرجیی حكومی و داهاتی خێزانەكاندا.
خەرجییەكانی بواری چاودێریی تەندروستی
ئابووریی تەندروستی بە هەڵكشانی ئاستی مەترسیی ئابووریی تەندروستی تاك و كۆمەڵگەكان، كاریگەرییە دەرەكییەكانی نەخۆشییەكان، بەتایبەتی نەخۆشییە گوازراوەكان، كەمی زۆری زانیاری لای هاووڵاتیان، ئەو شارەزاییە زۆرەی بۆ كاری پزیشكی پێویستن هۆكارە لەوەی گۆڕانی خێرا لە قەبارەی دەستیكاری تەندروستیی روونەدات، ئەم كەرتە پێویستیی زۆری بە رێكخستنەوە هەیە تا پارێزگاری لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەكانی ئەم كەرتە بكرێت، هەر لە پزیشك و كارمەندانی و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی دەرمان و كەرەستە پزیشكییەكان و هاووڵاتیان، بۆ ئەوەی خەرجییەكانی ئەم كەرتە كەمبكرێتەوە و دەستەبەری ئاسایشی تەندروستیی كۆی كۆمەڵگەی لێوە بكرێت.
بەهۆی قورسی مەزندەكردنی بەرئەنجامەكانی چارەسەر لە پزیشكێكەوە بۆ یەكێكی تر و لە نەخۆشێكەوە بۆ یەكێكی تر و لە نەخۆشخانەیەكەوە بۆ یەكێكی تر و لە دەوڵەتێكەوە بۆ یەكێكی تر، حاڵەتەكانی نادڵنیایی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان روو لە هەڵكشانە، وێڕای قورسی مەزەندەكردنی تێچوونەكانیشی چ لەسەر ئاستی تاك بێت یاخود لەسەر ئاستی نیشتمانیی بێت. شارەزایانی ئەم بوارە رایانوایە، خەرجییەكانی بواری چاودێریی تەندروستی دەشێ بەكاربردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بێت و هاوكاتیش وەبەرهێنان بێت لە تەندروستی و سەرمایەی مرۆیی. بایەخدان بە تەندروستی و چاودێریكردنی ئاستی بەرهەمداری تاك و كۆی كۆمەڵگە بەرز دەكاتەوە، وێڕای ئەوەی بەشداری لە زیادكردنی داهات و خۆشگوزەرانی و بونیاتنانی تاك و كۆمەڵگە دەكات. دەشێ بە روونی تێبینی ئەوە بكرێت كە ئەو دەوڵەت و نەتەوانەی خەرجیی زیاتر لە بواری تەندروستی دەكەن، زیاتر دەوڵەمەندن بە بەراورد بەوانیتر، هەروەها دەوڵەمەندەكان دەتوانن خەرجیی تەندروستییان زیاتر بكەن. لەلایەكی تریشەوە تێبینی ئەوە دەكرێت، لە سەرەتای قۆناغەكانی گەشەپێكردنی نەتەوەكانەوە، ئاستی گەشەكردنیان بەرز بووە، بەشێكی زۆری ئەو گەشەكردنە بۆ باشتربوونی چاودێریی تەندروستی دەگەڕێتەوە كە توانای تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیانە لە كاركردن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانستی باڵاتر بەرز دەكاتەوە، لەلایەكی تریشەوە ماندووبوون و نەخۆشكەوتنی هێزی كار كەم دەكاتەوە بەمەش ئاستی بەرهەمداریی هێزی كار بەرز دەبێتەوە.
گۆڕاوە ئابوورییەكانی بواری تەندروستی
دیاریكردنی ئاستی نمونەیی چاودێریی تەندروستی یەك لە قورسترین ئەو پرسانەیە كە رووبەڕووی تاك و كۆمەڵگە دەبێتەوە، نەخۆش و بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، لە هەموو ئەوانیتر زیاتر خەرجیی لەسەر چاودێریی تەندروستییان دەكەن، ئەمەیش كێشە و بێنەوبەردە لەمەڕ پرسەكانی تەندروستی دروست دەكات. بەرئەنجامی ئەمە، لەگەڵ جیاوازیی سیستم و رەوشی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی، چەندین سامپڵی چاودێریی تەندروستی لە جیهاندا دروست بوو. چەندین دەوڵەت هەن خۆیان بەشی زۆری خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان پێشكەش دەكەن، زۆریتریش هەن تاك ناچار دەكەن بەشێكی تێچوونی تەندروستی لە ئەستۆ بگرێت، بەشێكی تری دەوڵەتان تێكەڵەیەك لە سیاسەتی تەندروستی پەیڕەو دەكەن بەوەی بەشێكی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لەلایەن حكومەتەكانیانەوە پێشكەش دەكرێن یان تەمویلی بەشێكی دەكەن، بەشەكەی تریشی لەلایەن كەرتی تایبەتییەوە پێشكەش دەكرێت، بەڵام ژمارەیەك دەوڵەتی ئەوروپا شێوازی هاریكاری لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی پەیڕەو دەكەن، بەوەی هەموو هاووڵاتیان پابەندی بەدەستهێنانی دڵنیایی تەندروستی دەكەن. زۆری دەوڵەتانی جیهان هەوڵی رێگرتن لە هەڵكشانی تێچوونی چاودێریی تەندروستی دەكەن، ئەویش لە رێی سەپاندنی كۆتوبەند لەسەر نرخاندنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەرمان. هەندێك كۆمەڵگەش رایانوایە