ئارامی‌و سەقامگیریی سلێمانی، هێڵی سورە

 
كێ‌ هەیە لەئێمە ئەو راستییە نەزانێت كە لەدوای پرۆسەی روخانی رژێمی بەعسەوە لەساڵی  2003دا، ئەوەی هەرێمی كوردستانی لەئەودوای عێراق جیا كردەوە‌و مایەی ئاوەدانی‌و گەشەی ئابوری زیاتر بوو بەراورد بەناوەڕاست‌و خواروی عێراق، ئەو ئارامی‌و ئاسایشە بووە كە باڵی بەسەر ئەم هەرێمەدا كێشا بوو؟ 
كێ‌ هەیە درك بەو راستییەا نەكات كە لەم ساڵانەی دواییدا ئەگەر خۆشگوزەرانی‌و پەرەپێدان‌و بنیاتنان‌و جۆرێك لەرەفاهیەت لەم هەرێمەدا بەدیهاتبێت، تەنها‌و تەنها هۆكارەكەی سەقامگیریی‌و ئاشتییەكی هەمیشەیی‌و ئارامییەكی رەگداكوتاو بووە؟
هەموومان دەزانین لەسایەی ئەم سەقامگیرییەشدا بوو كە رێژەی وەبەرهێنان لەكوردستان زیادی كرد، كارگەی گەورە دەستیان بەكار كرد، بازرگانی گەشەی كرد، داهاتی تاكەكەس‌و خێزانەكان زیادی كرد، هەلی كار زیاتر رەخسا بۆ گەنجان‌و سەرمایەش زیاتر لەكوردستاندا كەڵەكە بو، ئاوەدانی‌و بیناسازی‌و رێگەوبان‌و توانای زانستی‌و بازاڕیش هەرچی زیاتر گەشەیان كرد. 
ئەگەرچی رەخنەش سەبارەت بەچۆنیەتی دابەشكردنی داهات‌و نایەكسانیش هەبووبێت، بەڵام هەمووان لەخاڵێكدا كۆك بوون كە ئەویش ستایش كردنی ئارامی‌و ئاسایشی كوردستان بووە، ئارامی‌و سەقامگیرییەك كە بەلای تێكڕای خەڵكی كوردستانەوە بەئەندازەیەك گرنگ‌و جێی بایەخە، تێكدانی بەهەر بیانوییەكەوە، هێڵی سورە.
بەڵێ‌ بیركردنەوە لەدەستبردن بۆ ئاسایش‌و سەقامگیریی ئەم شار‌و هەرێمە هێڵی سورە، لەبەرئەوەی هەموومان درك بەوە دەكەین كە ئارامی‌و ئاسایش، سەقامگیریی‌و ئاشتی كۆمەڵایەتی، نەك هەر هۆكاری مانەوەو متمانە بەخۆكردن‌و بەردەوام بونمانە لەم هەرێمەدا، بەڵكو چارەنوسی ئێستاو ئایندەشمانی پێوە بەستراوە، هاوكات دەرفەت بۆ گەشەی ئابوریشمان دەڕەخسێنێت، كە بەگرنگترین فاكتەرو رەگەزی هێز دادەنرێت لەدنیای ئەمڕۆدا.
ئێمە لەم هەرێمەدا كە پێشتر ئەزمونێكی تاڵمان چەشتوە بەدەست هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆوەو تا ئێستاش باجەكەی دەدەین، لەهەموو گەلێكی دیكە زیاتر پەی بەوە دەبەین كە مەحاڵە ئاوەدانی‌و ئابوری لەدۆخێكی نائارام‌و پڕ لەگرژی‌و ململانێدا گەشە بكات‌و پێشبكەوێ، هەمیشە لەو سەرزەمینانەدا كە هاوڵاتیان متمانەیان بەئاسایش‌و پاراستنی سەرو ماڵیان لەدەست ئەدەن، نەك هەر خەڵكی لەترسی شەڕو نائارامی سەری خۆیان هەڵدەگرن، بەڵكو سەرمایەش خوازیاری بەجێهێشتنی ئەو روبەرانەن كە نیشانەكانی نائارامیان تیا دەردەكەوێت.
هەموو ئەو میللەت‌و وڵاتانەی كە شەڕ‌و زۆرانبازییان بەخۆیانەوە بینیوە، بەهەمان شێوە قوربانی یەكەمی ئەو نائارامییە ئاوەدانی‌و ئابوری‌و خۆشگوزەرانییان بووە، رەنگە لوبنان باشترین نمونە بێت، كە سەردەمانێك بە”سویسرای رۆژهەڵات‌” ناودەبرا، پاش تێپەڕینی بەجەنگی ناوخۆدا، بەتەواوی تێكشكاو ببڕای ببڕ ئیتر وەك جاران نەهاتەوە سەر خۆی‌و ئێستاش دوای 20 ساڵ لەكۆتایهاتنی ئەو جەنگە، بەقەرزاریی‌و لەوپەڕی پاشاگەردانیدا رۆژگاری بەسەردەبات.
هەربۆیە لەم ئانوساتە مێژووییەدا كە شاری سلێمانی پیا تێدەپەڕێت، خەڵكی چاوەڕوانن سەركردەكان‌و لایەنە سیاسیەكان سەردەمیانە‌و لەئاستی بەرپرسیارێتیەكی گەورەدا بیر بكەنەوەو مامەڵە بكەن‌و هەرگیز رێگە نەدەن رەوتی روداوەكان پەل بكێشێ‌ بۆ كاری نەخوازراو‌و هەر ئەوەشیان لێچاوەڕوان دەكرێت.  
ئێستا ئەم هەڤاڵانە لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی گەورەدان، هەمو كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكەش چاویان لەسەر ئەوەیە كە چۆن دەتوانن بەئارامی ئەم پرسە تێپەڕێنن. 
تکایە راگرتنی ئاسایش‌و ئارامی، چارەنوسی هەموومانی پێوە بەندە، بەتایبەتی پاشەڕۆژی ئاوەدانی‌و ئابوری‌و پەرەپێدانی ئەم هەرێمە، بێگومان گەشەی ئابوری هۆكارێكی سەرەكی مانەوەو بەهێزیی هەرێمی كوردستانە،