چی هەبێت لە ئازادی پیرۆزتر ؟ چی هەبێت لە سەربەخۆیی مەزن تر ؟ بەشبەحاڵی خۆم پێش ڕاپەڕێن بڕوام وابوو ئەگەر دەسەڵاتی داگیرکەر ببینم لە وڵاتەکەمدا تەفروتوناببێت وە ئاڵای کوردستان ببینم لە ئاسمانی وڵاتەکەمدا بشەکێتەوە ، کە تاکە ئاواتو دوائاواتمە ئیتر من کارێکم بە ژیان نەماوە ، وام هەستئەکرد کە ئەم وڵاتە ئەبێتە شامی شەریفو ، ئیفلاتون دیتەوە سەردنیاو کۆمارەکەی لەم کوردستانەدا دائەمەزرێنێ ، برسیەکان تێر ئەخۆنو زاڵمو خائنەکان لەبەرچاوان نامێنن مافخوراوان بە مافەکانی خۆیان شاد ئەبن نە خاڵە مارکسو نە مامە لینین هەر ڕویان نایە سەر بکەن بە کوردستانا ، ئەڵێن ئێوە لە ئێمە باشترلە فەلسەفەکە تێ گەیشتون ، بەڵام مەخابن ، هەمو ئەو ئاواتانە نەک هەر خەون بون بگرە سەرابیش بون ئەگەر باوەڕیشم وابێت کە ئێمەی کورد لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەسکورتو کۆڵ بین ، گومان لەوەدا نیە کە زۆرێک لە نەهامەتیەکان دەستکردی خۆمانە ، بە دیاری کراویش ( دەسەڵات ) ، کە هەرگیز ئاواتم نەبوە ، ڕەخنەی لێبگرم یان گلەیی لیبکەم ، بەڵام ڕوی گەندەڵیو گەندەڵکاران ڕەش بێت !!!! ئەوەی مەبەستمە بیخەمە بەر دیدی خوێندەواران یەکێکە لەو کەلەبەرانەی دەسەڵات کردویەتیە جەستەی کۆمەڵگاو حکومەت ، تازە سواغدانیشی گەر مەحاڵ نەبێت ئەوا زەحمەتە بەسەدەیەکیش تارماییەکەی بڕەوێتەوە ، ئەویش ( بڕوانامە ) یە ، دەسەڵات بە مەبەست بێ یان بەبێ مەبەست ، یا لەبەر خاتری خاتران بێت یانا سوپایەک لە هەڵگری بڕوانامەی بە گشت پلەکانەوە بەرهەم هێنا ، کە گەورەترین گورزێک بو لە کۆمەڵگای دا، کردیە کۆمەڵگایەکی بێبەرهەمو بەرخۆر ، ئازیزان ڕاستە بۆ خزمو ئەحباب بۆ کەسانی دەستوپێسپیو خاڵی لە مەعریفەو هیچ لەبارانەبوو بڕوانامە دەسکەوتە ، مەدالیایە بۆ خۆبادانو خۆدەرخستن !!! کە دڵنیام زۆرێک لەو بروانامانە جگەلەوەی ئامڕازێک بێت بۆ دادۆشینی سامانی گشتیو ئیمتیازاتو بەدەستهێنانی موچەی چەورو گەورەو پلەباڵا هیچیدی نیە ، ئەمە جیالەوەی زۆرێک لەوانە توشی نەخۆشی دەرونی بونو خۆیان لێبوە بە ئەنشتاین و ئەرستٶ ، لەڕاستیشدا کاتێ ئەیان دوێنینی نەک هەر سەرەواو لە سکیاندا نیە بگرە زۆربەیان جەدولی زەربیشیان لەبەرنیە ، یان جگە لەزمانی دایک کە کوردیە هیچ زمانێکی تر نازانن ، یان زۆرێک لەوانەی لە تاراوگە سەرکەوتو نابن ئەگەڕێنەوە بۆ وڵاتو پارچە مقەبایەکی کەسکو سور لە تەک خۆیاندا ئەهێننەوە کە گوایە بروانامەی دکتۆرا یان ماستەریان بەدەس هێناوە ، سەیرەکە لەوەدایە زۆرێک لەو بڕوانامانە ( فەلن )، چونکە ڕاستاندنیان بۆ نەکراوە نە لەو وڵاتەی کە پێی بەخشیون نە لێرەش ! جا خاوەن بڕوانامە هەم ئەیەوێ پێی دامەزرێو موچەیەکی پی بماشێتەوە هەم پۆزیشی پێوە لێبدا ، لێرەدا ئەوەی داویە لە حکومەت ئەوەیە چاوێک بەو پرسەدا بگێڕێتەوە …. بڕوا نامە خشڵ نیە بۆ ڕازاندنەوەی بەرۆک ، بەڵکو هونەرو زانستە ، کوردستان نە پێویستی بەو هەموو بڕوانامەیە هەیە نە بەریشی بۆ ئەگرێت، هەروەها ئەمڕۆ تەکنۆلۆژیای زانیاری بە جۆرێک پێشکەوتوە هەمو کەس نەک لەسەر کورسیەکەی خۆیەوە بگرە لە ناو پیخەفەکەشیەوە ئەتوانێت لە ڕاستو دروستی زۆر بوار دڵنیا ببێتەوە، کەواتە ئەتوانرێ هەر لە ڕێی ئینتەرنێتەوە بزانرێت کە ئەو بڕوانامانە دروستن یان فەیکن ، کەواتە لەبری ئەوەی پێنج شەش ماجستێرو دوسێ دکتۆرا لەسەر فەقییەک ئەهێنرێ ، کە فەقێ خۆی لە سەردەمی خۆیدا جێگەی گومان بوە ، لەبری ئەوانە ئەبوایە لە بواری بەرهەمی کشتوکاڵیدا لێکۆڵینەوە وزانست پەرەی پێبدرایە ، ئەبوایە کادری ناوەندی هونەری لە بوارەکانی پیشەسازی بەرهەمی ناوخۆدا پێبگەیەنرایە ، بیرلەوە بکرایەتەوە خوێندنگەو پەیمانگای تەکنیکی بکرایەتەوە، نەک بۆ ڕازیکردنو سواڵی دەنگکۆکردنەوە لە قەزاوناحیەکاندا زانکۆی بێ تاقیگەو بێ مامۆستای ڕاستەقینە دابمەزرێ ، ئەبوایە پلان دابنرێ چۆن لە هاوردەی کاڵای دەرکی خۆمان ڕزگار بکەین ، بەمەرجێک پێش ڕاپەڕین زۆر کاڵا لە بواری پیشەسازی بچوکو مام ناوەنددا بەشی خۆمانمان هەبوە زیادیش کە هەناردەمان ئەکرد ، هەر لەبەر ئەمەشە بڕوانامەش بۆتە مێردەزمەیەکی تر بە کۆڵی حکومەتەوە وەک ئەو هەمو خانەنشینەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سەردانی فەرمانگەیەکی حکومیان نەکردوە وئێستە پلە باڵان وەک ئەو هەموو نەجمەونیشانەی وەک نوقڵی بەرات ئەبەخشرێتەوە ، با پلانێکیش بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە هەبێت ، بەڕێزینە بڕوانامە نە ملەلیرەیەو نەحێلو مێخەکە نە گوڵە بدرێ لە یەخەو خەڵکی خۆی پێبڕازێنێتەوە بەڵکو پێویستە بڕوا نامە ، ئامڕازێک بێت بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی هێنانە کایەی زانستێکی نوێ کە سود بە سەرجەم مرۆڤایەتی بگەیەنی ، جابۆیە بەڕەوای ئەزانم بپرسین ،هەرکەس بڕوانامەکەی دەرخست بڕوای پێبکەین ؟ باپیرانیش