ئاراس عەبدولکەریم مەعروف
نالیو سالم لەدو چامەی شیعری ناوازەدا کە بۆ یەکیان نوسیوەو دەردی دڵ بۆ یەکدی هەڵدەڕێژن، وەسفو پیاهەڵدانێکی سەرنجڕاکێشی سلێمانیان کردووە، کە وەک لەچامە شیعرییەکەیاندا دەردەکەوێ لەرۆژگاری ئەو دو زاتەدا شار “گوڵستانێکی رەنگین”ی پڕ لەگوڵو چنورو چنارو هەنار بووەو ئاوی سەرچناریش ڕونو پاراو هاژەی هاتووەو بەردو زیخەکانی ناوی وەک ئەستێرەی ئاسمان پاکو بێگەرد درەوشاونەتەوە.
بەڵام ئەمڕۆ شاری سلێمانی بەشێکی زۆر لەو جوانیانەی لەدەستداوە کە نالی لەنامەکەیدا بەحەسرەتەوە بۆ سالمی نوسیوە، کاتێک مرۆڤ بەسلێمانی ئێستادا دەگەڕێ، لەکەمی باغچەو ماندوێتی درەختەکانو کەمیی سەوزاییو بەرزکردنەوەی ئەم هەموو بینا ناڕێکو پاشاگەردانی ناو بازاڕ دەبینێ، بەجارێ دڵتەنگو دڵگران دەبێت!
نەک هەر نالیو سالم، بەڵکو هەموو ئەوانەی تەمەنیان لەتەمەنی ئێمەو مانان یاخود لەدەیەی پێنجەمو بەرەو ژووری تەمەنیاندان، باش لەبیریان دێ کە سلێمانی جاران (تا ٤٠ ساڵ لەمەوبەر) چ بەهەشتیکی دڵڕفێنی پڕ لەسەوزاییو پڕ لەچیمەنو گوڵو گوڵزار بو، کە وەک مامۆستا فایەق بێکەس ئەلێ “سهد دڵ ئهبوو حهیرانی”.
زۆربەی ماڵەکان لەو رۆژگارەدا کە دروست دەکران حەوشەو سەوزاییو باخیان تیا بوو، خەڵکی زەوقو خولیایان لەئاستێکی هێندە بەرزا بوو کە زۆربەیان ناو ماڵو دەوروبەرەکەیان بەسنەوبەرو دارهەنجیرو گوڵەباخو چیمەنو هەنار دەڕازاندەوە، بەپێچەوانەی ئێستاوە کە بەدەگمەن ماڵێک شک دەبەین روبەرێکی بۆ سەوزایی تیا تەرخان کرابێت، مەگەر لەئینجانەدا گوڵێک ببینیت یاخود لەبەردەرگادا درەختێکی تۆزاوی سەرنجت راکێشێ.
٥ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانی ژینگەیە، ئەو داتاو لێکۆڵینەوانەی سەبارەت بەدۆخی ژینگەی سلێمانیو کوردستان بڵاوکراونەتەوە جێی نیگەرانین، لەم ساڵانەی دواییدا گەشەو زۆربوونی سروشتیو ناسروشتی دانیشتوانو پرۆسەی گلۆبالیزمو بیناسازی بەجارێک شاریان خنکاندووە، کە بەوپەڕی بێڕەحمیو بەبێ هیچ فلتەرێک هەموو جوانییەکانی سلێمانیان هاڕیوە، جوانترین روبەرە سەوزەکانی سلێمانی تێکشکێنراونو کراون بەشوقەو ڤێلاو بەناو “گوندی هاوچەرخ”و لەناو ئەم هەموو بینا بەرزانەشدا ئەوەی خەفەتهێنە، باخچەیەکی دەستکردو بێ رۆح قوت کراوەتەوە!!
پرۆسەی زۆربوونی دانیشتوانو فراوانبوونی شارو بیناسازیی ئەگەر بەمشیوەیە بێ پلان بەردەوام بێت، ئەوا رۆژ بەڕۆژ رێژەی سەوزایی کەمترو کەمتر دەبێتەوەو سەرەنجام چاوەڕوانی ئەوە دەکرێ شاری سلێمانی ببێت بەدارستانێک لەبینای کۆنکرێتیی بەرز!
یەکێک لەپرسە هەرە هەستیارەکانی ئەمرۆی جیهان، مەسەلەی ژینگەو تێکدانی سەوزایی سروشتە، ئەمە یەکێکە لەو هەڕەشانەی روبەڕوی زۆرێک لەولاتانی تازە گەشەکردوو بوەتەوە، بەداخەوە کوردستانیش لەمە بەدەر نییەو لەرۆژانی رابردودا هەواڵی ئەوە گەرم بوو هەزاران درەخت لەپارێزگای سلێمانی بەهۆی دابین نەکردنی ئاوی پێویستەوە، لەبەردەم هەڕەشەی فەوتاندان، کە بێباکی بەرامبەریان دەچێتە خانەی تیرۆر کردنی ژینگەوە.
شاری سلێمانی لەماوەی ساڵانی رابردودا ژمارەی دانیشتوانەکەی زۆر بەخێرایی زیادی کردووە، لەم شارەدا بەشێک لەپاڵاوگەو کارگە پیشەسازییەکان بەبێ رەچاوکردنی پاراستنی ژینگە دامەزراونو گەشەیان کردووە، ئەمەش پیسبوونی هەواو تێکدانی سەرچاوە سروشتییەکانی