زۆربەمان گوێبیستی دەستەواژەی سامانی نەتەوەیی یان سامانی نیشتمانی بوین، لێرەدا تەنها ئەوەندە ئەڵێین ئەگەر لێکدانەوەیان بۆ بکەین، ئەوا زۆر بەسانایی ئەتوانین بڵێن بەمانای سامانی گشتیو موڵکی هەموان دێت، وەک سامانی ژێر زەوی، ئاو، خاک، کانەکان، نەوت.. تاد.
خۆ ئەگەر بمانەوێت ئەوانەش تێبگەن کە خۆیان نایانەوێت تێبگەن، ئەوا ئەتوانین بڵێین نیشتمان بەئەرزو ئاسمانو ژێرزەویو سەر زەویەوە هی هەموانە، بەڵام ئەوەی لێرەدا ئەمانەوێت لێی بدوێین (ئاو)ە.
ئاو گەورەترین سامانێکە کە ئەتوانین بڵیین هەم نیشتمانیو هەم نەتەوەییشە بێ چەندو چون، هەر تاکێک کە لەسەر ئەم هەسارەیە بژی ئەوا بەشی پێوەیەتی مافی خۆیەتی کە بەپێی پێویست بەکاری بهێنێتو لەهەمانکاتیشدا ئەرکی سەرشانیشیەتی کە بیپارێزێو بەشێوەیەکی دروست لێی بڕوانێت، کرۆکی باسەکەی ئێمە بابەتێکە کە لەهەموو جیهاندا خەریکە ئەو سامانە گشتیە کە مافی مرۆڤی سەر زەویە لێی زەوت ئەکرێت، ئەچێتە قاڵبی تاوانێکی ترەوە کە شارستانیەت بێپەروا بەرامبەر مرۆڤ ئەنجامی ئەدات، ئەویش گۆڕێنی ئاوە لەسامانی نەتەوەییو نیشتمانیەوە بۆ کاڵایەکی بازرگانیو بەبوتڵ کردنی، با بپرسین کلتوری بەبوتڵ کردنی ئاو تەمەنی چەندە؟ پێش سەردەمی بوتڵی پلاستیکی ئاو چۆن ئەگەشتە دەست مرۆڤ؟ کێ فرۆشیارەو کێ کڕیارە؟
سەدان پرسیاری تریش، لەهەموو جیهانداو لەم سەردەمی شارستانیەتەداو لەسەدەی بیستدا بەتایبەتی هەمو حکومەتەکان بەسەرمایەداریو چەپو باشو خراپەوە ئەرکی ئەوەیان لەئەستۆ گرتبوو کە ئاو بگەیەننە دەست هاوڵاتی وڵاتەکانیان یان هەر هیچ نەبێ بەباشی دابەشی بکەن، بەڵام لەگەڵ لەبوتڵ نانی ئاوو کردنی بەکاڵایەکی بازرگانی، دەسەڵاتەکان خۆیان بوون بەیارمەتیدەرێک بۆ ئەو پرۆسەیە، کە تاوانێکە بەرامبەر مرۆڤو ژینگەش، پاش ئەوەی زۆرێک لەوڵاتانی دنیا لێکۆڵینەوەی وردیان بۆ ئەم بابەتە کرد، گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی چەند ڕێکارێک بگرنەبەر، وەک گرنگیدان بەپاڵاوتنو پاک کردنەوەی ئاوو گەیاندنی بۆ هەمو ماڵو دامەزراوەو شوێنێک هەروەها باجێکی زۆر لەسەر کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی ئاوی بوتڵ دانێن، گرنگیدان بەلایەنی میدیاو بڵاوکردنەوی ڕۆشنبیری بۆ هاوڵاتیان وەک گرنگیدان بەو ئاوەی لەڕێی لولەوە ئەگاتە دەست هاوڵاتی، ئەو زیانانەش کە بوتڵی پلاستیکی لەژینگەی ئەدا، لەزۆر وڵاتی دنیادا گرنگیەکی زۆر ئەدەن بەپڕۆژەکانی پاڵاوتنو پاککردنەوەی ئاو، بەهۆکاری ئەوەی مافی هەمو کەسێکە ئاوی پاکی بگاتێ. پاراستنی ژینگەش دەسکەوتێکە کە بەهیچ نرخێک مەزەندە ناکرێت، لەشارێکی وەک ڤیەننادا ئاوێک ئەگاتە دەست هاوڵاتی کە تەواو ئاوێکی سازگارەو لە ١٠٠% بۆ خواردنەوە ئەشێت، بەڵام ٧٥٠ ملیلی لیتر ئاوی بوتڵ بەنزیکەی دوو یۆرۆیە، ئەمەش ئاشکرایە بۆچی؟
لەم کوردستانەی ئێمەشدا ڕۆژگارێک بوو لەسرودەکانماندا بەدەنگی بەرز ئەمانوت (ئاوی کەوسەرە خاکی گەوهەرە)، بەڵام ئەوەتا لەبەر خاتری بەکاڵا کردنی ئاوو چەند کۆمپانیاو گیرفانێک، دەمێکە گەوهەرەکەی لەمەزاتخانەی سیاسیدا هەڕاج کراوە، کەوسەرەکەش ئەوە حاڵیەتی!
وا ئەمجارەش ئەم بانگە ئەدەین بەگوێی دەسەڵاتدا، تکایە بەچاوی زانینو زانست سەیری ئاو بکەن، شەڕی داهاتو لەجیهاندا شەڕی ئاوە، ڕۆژێکیش دێت ئاو لەنەوت بە بەهاتر دەبێت، ئاو موڵکی گشتیەو هی هەموانە با بۆ هەموان بێت، مافی هەمو تاکێکی کۆمەڵە ئاوێکی شیاوی بگاتە دەست.