نزیكەی 100 ساڵ لەمەوبەر، پیرەمێردی مەزن لەشیعرێكی ناوازەدا “شەوێ لەگوێ شەتی بەغدا بەباڵی شیعرو خەیاڵ دەفڕێ”و خەون بە”كوردستانێكی ئاوەدانی پڕ لەڕوناكیو چراخانی ئەلەكتریكو تەیارەخانەو مواسەلاتی پێشكەوتووی ئەوروپیو تونێلی ناو گۆیژەو هێڵی شەمەندەفەرەوە” دەبینێت، ئەم خەونەی پیرەمێرد پیر نابێو ماوەی سەد ساڵە خەونی زۆربەی هەرە زۆری هاوڵاتیانە کە رۆژێ ببێت بەواقیعێکی بەردەستو شەمەندەفەرەکە بگاتە سلێمانی.
لەجیهانی ئەمڕۆدا، یەكێك لەو تایبەتمەندیانەی وڵاتێكی ئاوەدانو پێشكەوتوو لەوڵاتێكی وێرانو دواكەوتوو جیا دەكاتەوە، بوونی رێگاكانی هاتوچۆو ئامڕازە نوێكانی گواستنەوەن، كە “هێندەی هەوا بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە گرنگو پێویستن”.
لەشارێكی وەك سلێمانیو دەوربەریدا نزیكەی نیو ملیۆن هاوڵاتی رۆژانە جێگۆڕكێ دەكەن، جگە لەوەی كە كرێی هاتوچۆ بەشێك لەخەرجی هەموو خێزانێكو كاتیان دەبات، پڕ بوونی شەقامەكانیش لەئوتومبێل بەئەندازەیەك شاری خنكاندووە، كە وەك گەراجێكی گەورە دەردەكەوێت.
ئەم جەنجاڵییەی هاتوچۆو گواستنەوە لەكاتێكدایە كە زۆربەی شەقامەكان هێشتا وەك هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەستكاری نەكراون، لەبەرامبەریشدا تا دێ شار گەورەترو ژمارەی دانیشتوانیش زۆرتر دەبێ، رۆژانەش ئوتومبێلی زیاتر دەكرێ بەشاراو بەتەواوی هاتوچۆو گواستنەوەی گشتی كراوە بەقوربانی هاتوچۆی تایبەتی!.
پرسیارەكە ئەوەیە: بۆچی لەم پاشاگەردانیو جەنجاڵییو قەرەباڵغییەدا كە رۆژ بەڕۆژ زیاتر تەنگ بەهاوڵاتیان هەڵدەچنێو ژیانیان لێتاڵ دەکات، بیر لەدابیكردنی ئامڕازەكانی هاتوچۆو گواستنەوەی گشتی ناکرێتەوە؟!
كەس نییە لەدنیای ئەمڕۆدا پەی بەبایەخو گرنگی سیستەمو هێڵەكانی گواستنەوەی گشتی “میترۆو تۆڕێك پاسی رێكوپێكو ترامو شەمەندەفەرو فڕۆکە” نەبات، بەتایبەتی كە كەرتی هاتوچۆ یەكێكە لەو كەرتانەی بەردەوام خواستیان زیاد دەكاتو چالاكییەكی فراوانی ئابورییە لەهەر وڵاتێكدا، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتوانیان روو لەزیادبوونە خواست لەسەر گواستنەوە خواستێكی بەهێزو بەردەوامە.
خواست لەسەر گواستنەوە زۆرەو هەر دەبێ بەكاریبهێنین، كەم كەس هەیە رۆژانە بۆ رۆشتن بۆ سەر كارەكەی یان گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ئوتومبێل بەكارنەهێنێت، دیمەنە دزێوەكەش ئەوەیە كە زۆربەی ئوتومبێلەكان یەك كەسیان تیایە! وێڕای ئەوەی شاری سلێمانی رێگەوبانەكەی ئێستای نەگونجاوە بۆ جێبوونەوەی ئەم رێژە ئوتومبێلە زۆرە، رۆژانەش سەدان بەرمیل بەنزین “كە زۆربەیان كوالێتی نزمن” دەسوتێنرێت، ئەمەش یەكەم سەرچاوەی پیسبوونی ژینگەیە.
بێگومان یەكێك لەهۆكارەكانی نەمانی كەرتی هاتوچۆی گشتی، خراپی سیستەمی ئەندازەیی هاتوچۆی ناو شارو نێوان شارو شارۆچكەكانە، دیارە هاتوچۆی گشتی بەر لەهەر شتێك پێویستی بەشێوازێكی پێشكەوتووی رێگەوبان هەیە.
بەدڵنیایی ئەگەر سیستەمی گواستنەوەیەكی رێكوپێكو سەردەمیانە دابمەزرێنین، ژمارەی ئوتومبێلی تایبەتی لەسەر شەقامو شوێنە گشتییەكان كەم دەبنەوە، ئەمە جگە لەوەی كە دابینكردنی ئامڕازەكانی گواستنەوەی گشتی لەهەموو وڵاتانی دنیادا بەدیاریكراوی بۆ خزمەتكردنی ئەو خەڵكە كار دەكات كە داهاتیان سنوردارە، هاوكات بەئامانجی رێگرتنە لەدروستبوونی قەرەباڵغیو بۆ پاراستنی ژینگەو گەڕانەوەی كاتە بۆ هاوڵاتیان.