بەختیار مەحمود مەلا ئەمین
هەفتەی رابردوو، كاتێك كە ئەندامانی پەرلەمان سەرقاڵی دەنگدان بوون لەسەر یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان لەهەرێمی كوردستان، بەمەبەستی گەشەپێدانو پاڵپشتیكردنی كەرتەكانی پیشەسازیو كشتوكاڵی خۆماڵیو پاراستنیانو ئامادەكردنیان بۆ كێبڕكێكردن لەبازاڕە ناوخۆییو جیهانیەكان، ئاڕاستەكردنی جوتێك پێڵاو لەلایەن پەرلەمانتارێكەوە بۆ بەردەمی ستێجەكەی خۆی یان روەو ستەیجی سەرۆكایەتی پەرلەمان، گرنگیو بایەخی دەرچواندنی “یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان”ی بەجارێ شاردەوەو ئەوەی لەمیدیاكانو سۆشیال میدیادا كرا بە”مەوزوع”و زیاتر تیشكی خرایە سەر “جوتە پێڵاو”ەكە بوو نەك یاساكە!
ئەم رووداوە دەرفەتێكە بۆ قسەكردن دەربارەی رۆڵی پەرلەمان لەداڕشتنی یاساكانی تایبەت بەگەشەی ئابوریو بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی یاسادانان لەڕووی ئابورییەوە. پرسیارێك رەنگە لەمێشكی زۆربەی خاوەنكارو ئابوریناسانو ئەهلی بازاڕدا بێتو بچێت: بۆچی پەرلەمانی كوردستان وا سی ساڵە زیاتر لەوەی چاودێرێكی كارا بێت بەسەر كاری حكومەتەوەو شوێنێك بێت بۆ یاسادانان لەپێناو گەشەدان بەئابوریو چارەسەری تەنگەژە داراییە بەردەوامەكان، بووە بەشوێنێك بۆ زۆرانبازییو چەلەحانێی بێزەنتی؟
رەنگە رەگو ریشەی ئەم بێباكییەی بەرامبەر بەپرسە ئابورییەكان بگەڕێتەوە بۆ هۆكاری سەرەكی راپەڕینی بەهاری 1991، كە زیاتر رەگو ریشەكەی سیاسی بوو نەك ئابوری، لەو رۆژگارەدا گەلێك لەپێناوی ئازادیدا راپەڕی بۆ ئەوەی لەستەمكاریی رزگاری بێت، بۆیە لەو كاتەوە تا ئێستا ئەو حیزبانەی چونە پەرلەمانەوە، بەحیزبەكانی دەسەڵاتو ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، “گەشەی ئابوری” ئەولەویەتو خەمی گەورەیان نەبووەو هەڵگری پڕۆژەی پێشخستنو بەهێز كردنی ئابوری نەبوون، بەڵكو زیاتر كاریان لەسەر كێبڕكێی سیاسیو دەستبادانی یەكتر كردووەو ئەوەشی لەم كێشمەكێشانەدا بووە بەقوربانی “ئابوری”یە.
بەڵام ئەمڕۆ گۆڕانكارییەكی گەورە لەجیهانبینی خەڵكو رەوتی رووداوەكاندا هاتوەتە ئاراوە، ئێستا قەیرانی داراییو ئابوریو دابین كردنی بژێویی خەڵكی گرنگترین پرسی هەرێمی كوردستانە، پرسێك كە وا دەخوازێ لەلایەن هەموانەوە سەرنجو بایەخی پێبدرێت، بەتایبەتی كە قەیرانو تەنگەژەی دارایی زۆر درێژەی كێشاو چەند ساڵێكە ئابوری كوردستان بەدۆخێكی دژوارو نەخوازراودا تێدەپەڕێت، دەبوو لەم هەلومەرجەدا دەسەڵاتەكانی یاسادانانو جێبەجێكردن بەهەموو بڕستو توانایانەوە كاریان بۆ چارەسەر كردنی كێشە ئابورییەكان بكرایە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ساڵەهای ساڵە لەسەر ئەرزی واقیع دەیبینین هەموو هێزو تواناكان دەدرێن بەباو هەرێمی كوردستان لەبری ئەوەی گەشەی ئابوری بكات، بەهۆی پشت بەستن بەیەك سەرچاوەی داهاتەوە كە نەوتە، ئابورییەكەی بەرەو هەڵدێر هەڵخزاوە!
پەرلەمان وەك دەسەڵاتی یاسادانانو چاودێر بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردنەوە تا ئەندازەیەك لەداڕشتنی سیاسەتی پەیوەست بەگەشەی ئابوریو چارەسەری گرفتە ئابورییەكاندا نەك هەر سستو لاواز بووە، بەڵكو بەشێك لەكارنامەو هەنگاوەكانی پێچەوانەی چاكسازی ئابوریو پرۆسەی گەشەی ئابوری بووە!
ئەگەر بەراوردێكی خێرا بكەین لەنێوان پەرلەمانی عێراقو پەرلەمانی كوردستاندا، سەبارەت بەو یاساو بڕیارانەی پەیوەستن بەپاراستنی بەرهەمی ناوخۆو مافی بەكاربەرو پێشخستنی پیشەسازیو كشتوكاڵو كەرتە ئابورییەكان، ئەوا دەبینین پەرلەمانی عێراق لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا لەدەرچواندنی یاساكانی پاراستنو پێشخستنی ئابوریدا زۆر پێش پەرلەمانی كوردستان كەوتووە كەوا تەمەنی بەرەو 30 ساڵ دەچێت