ئاراس عەبدولکەریم مەعروف
رۆژی ٧/ ٣، لەیادی تێپەڕینی ٣٠ ساڵ بەسەر راپەڕینە شکۆدارەکەی شاری سلێمانیدا، ژووری بازرگانیو پیشەسازی لەدەستپێشخەرییەکی نوێدا ژمارە “سفر”ی رۆژنامەی “بازرگانیو پیشەسازی” وەک پاشکۆی گۆڤارەکەمان بڵاوكردهوه.
بەم هەنگاوە، ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی دەیەوێ راستییەک بیری هەمووان بخاتەوە، ئەویش ئەوەیە لە ٣٠ ساڵی رابردودا ئابوریی قوربانییەکی سەرەکی سیاسەت بووە لەهەرێمی کوردستاندا، کە ساڵانێکە زۆر بێباکانە ئابوری کراوەتە قۆچی قوربانی زۆرانبازیی سیاسیو قوربانیی ناشەفافیەتو بێ پلانیو مەحسوبیەتو مەنسوبیەتو گەندەڵیو قۆرغکاریی، ئابوری کراوە بەبارمتەی “نەوتو نەوت فرۆشیی”و دەزگایەکی ئیداری زەبەلاحی ناکاراو لاواز.
ئێمە خوازیارین بەم هەنگاوە بچوکە دەستپێبکەینو بەو توانا سنوردارەی هەمانە تیشک بخەینە سەر مژارە ئابورییەکانو ئەوەندەی دەکرێ بنەمای رۆژنامەیەکی ئابوری گشتی لەکوردستاندا دابڕێژین، کە یەکێکە لەپێویستییە هەنوکەییەکانی دنیای ئەمڕۆ.
پێویستە راشکاوانە ئەو راستییە بڵێین کە بەداخەوە پاش تێپەڕینی ٣٠ ساڵ بەسەر راپەڕیندا، لەچوارچێوەی ئەم فەرامۆش کردنەی بواری ئابوریدا، هەوڵ نەدراوە میدیایەکی تایبەت بەداراییو پیشەسازیو کشتوکاڵو بۆرسەو سێکتەرەکانی دیکەی ئابوری لەهەرێمی کوردستاندا دابمەزرێت، بۆ ئەوەی هەموو سەرنجەکان بەرەو ئەم شاڕەگەی ژیان ئاڕاستە بکرێنو سیاسەتو هەموو هەوڵو کۆششەکان بخرێنە خزمەت گەشەی ئابورییەوە.
رەنگە بەلای بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانەوە جێی پرسیارو مایەی سەرسوڕمان بێت کە لەکاتێکدا میدیای نوسراو لەئاستی کوردستانو جیهاندا لەپاشەکشەدایەو میدیای ئەلکترۆنی جێگەی بەرۆژنامەو گۆڤارو کتێب لێژ کردوە، بۆچی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی ئەمڕۆ دەست بەبڵاوکردنەوەی رۆژنامەیەکی پرێنت دەکات!.
کورتو کرمانج دەمانەوێ بڵێین ئێمە خوازیارین راو بۆچونی ئەم خولەی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی لەسەر مژارو قەیرانو رووداوە ئابورییەکان ببنە دێکۆمێنتو بۆ مێژوو تۆمار بکەین، مێژوو دەبێت بنوسرێت، مێژوو دەبێت بمێنێت، بەداخەوە ئێمە کلتوری ئەرشیف کردنمان نییە، زۆربەی هەرە زۆری ئەوەی تا ئێستا هەمانە هەر گ