رۆڵی سیستەمی کارگێڕی لەپێشخستنی وڵاتدا

بەختیار مەحمود مەلا ئەمین
سیستەمی ئیداری لەهەرێمی کوردستان لاوازە، ئەم لاوازییەش وایکردووە ئاستەنگی گەورە لەبەردەم دامەزراندنی پڕۆژە ئابورییەکان‌و پێشخستنی وڵاتدا دروست بکات.

هەر لەسەردەمی رێنسانس‌و سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازییەوە، فاکتەرێکی گرنگ کە کەلێنێکی گەورەی خستە نێوان رەوتی پێشکەوتنی وڵاتانی ئەوروپاو ئەودوای وڵاتانی دنیاوە، سەروەری یاساو بەرەوپێشچونی سیستەمی کارگێڕیی بوو لەو بەشەی ئەوروپای رۆژئاوادا کە رۆژ بەڕۆژ لەهەمو کایەکانی دەوڵەتمەداریدا تۆکمەو بەهێزتر دەبوون، ئەم بەهێز بونەش ئەو وڵاتانەی بەسەر وڵاتانی جیهاندا زاڵ‌و باڵادەست کرد. 
هاوکات لەزۆربەی وڵاتانی دیکەشدا بەپێچەوانەوە، رۆتین‌و کۆنبوونی پرۆسەی بەڕێوەبردن‌و لاوازیی پەیکەری ئیداریی، وایکردبوو وەک “پیاوێکی نەخۆش” دەربکەون.
ئێستا کە هەمومان کۆکین لەسەر گرنگی سیستەمی کارگێڕیی لەپێشخستنی وڵاتاندا، باشتر درک بەو راستییە دەکەین کە هۆکارێکی گرنگی پێش نەکەوتنمان، لاوازیی سیستەمی بەڕێوەبردنە لەهەرێمی کوردستان. بەگشتی بەڕێوەبردن لەهەرێمی کوردستاندا دوورە لەزانست‌و تەکنیکی سەردەمیانەو لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهاندا رەوت ناکاو ئەمەش بەربەستی بۆ پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری دروست کردووە.
لەم وڵاتەدا کە سەروەت‌و سامانێکی گەورەی سروشتی ژێر زەوی‌و سەر زەوی‌و ئاوی سازگارو خاکی بەپیت‌‌و سەرمایەو هێزی کارو بازاڕێکی گەورەو هەموو کەرەسەکانی بەرەپێشچوون بەردەستن، بەهۆی نەبونی دامەزراوەی بەهێزی چاودێری‌و لاوازیی سیستەمی کارگێڕییەوە وەک پێویست نەخراونەتە گەڕ بۆ بەهێز بوونی پێگەی هەرێمی کوردستان لەهاوکێشە ئابوری‌و سیاسییەکانی ئەم ناوچە پڕ لەململانێیەدا.
ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی کە رۆژانە چەندان سەرمایەدارو هاوڵاتی پیشەوەر روبەڕوو دەبینێت، بەقوڵی هەست بەو خەمە گەورانە دەکات بزنسمانی نیشتمانپەروەر بەدەست زۆرێک لەرۆتینی کارگێڕییەوە دەیچێژن، بەتایبەتی کاتێک کە دەیانەێ سەرمایەو پارەکەیان لەم وڵاتەدا بەگەڕ بخەن‌و پڕۆژە دابمەزرێنن، لەیەكەم هەنگاوەوە توشی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە. بۆ کارێکی ئاسایی دەبێت چەندین پرۆسەی ناپێویست‌و ئاڵۆز ئەنجام بدەن، كە ئەمە پێچەوانەی نەریتی کارگێڕیی هەموو وڵاتانی دنیایە، بەسەرنجدان لەوەی لەوڵاتانی جیهاندا ئاسانکارییەکی زۆر بۆ بەگەڕخستنی تەنانەت سەرمایەی دەرەكیش لەوڵاتەکەیاندا دەکەن (نەک هەر بۆ سەرمایەی ناوخۆ)، چونکە باش دەزانن بەم پڕۆژەو کارانە، ئابوری وڵات دەبوژێتەوەو ئاستی رێژەی بێکاریی گەنجان کەم دەکرێتەوەو بەرهەمی ناوخۆو داهاتی تاکەکەسیش بەرز دەبێتەوە.
هۆکارەکانی ئەم ئاستەنگ دروستکردنانەش زۆرن، بەشێکیان پەیوەندییان بەنەبونی یاسا‌و رێساكانی تایبەت بەبواری بەڕێوەبردنەوە هەیە، یاخود پەیوەندیان هەیە بەوەی یاساكان هەن‌و كاریان پێناكرێ‌ وەك پێویست، یان رەگ‌و ریشەی ئەم ئاستەنگانە دەگەڕێتەوە بۆ پاشماوەی ئەو ئایدۆلۆژیا بەناو سۆشیالیستییەی لەسەدەی رابردوودا کاری لەسەر ئەوە کردووە بەچاوێكی دوژمنكارانە سەیری سەرمایەدارو بزنسمان بکرێ! 
تەنانەت کاربەدەستانی وڵاتیش درکیان بەم راستییە کردووە، وەک بەڕێز “قوباد تاڵەبانی” لەبانگەشەی هەڵبژاردندا ئاماژەی پێدا. بانگەشە کردن بۆ چاکسازیی، بەشێکی گرنگی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی بەڕێزیان بوو، هیوادارین ئەم بانگەشە کردنانە لەهەموو بوارەکاندا بچنە بواری جێبەجێکردنەوەو دەروازەیەک بەڕووی باشتر بوونی سیستەمی ئیداری‌و تێپەڕاندنی تەنگەژەی ئابوری لەهەرێمی کوردستاندا بکاتەوەو لەهەموو وەزارەت‌و فەرمانگەکانی حکومەتدا کار بەحکومەتی ئەلکترۆنی بکرێت، کە بەڕێز “قوباد تاڵەبانی” خۆی ماوەیەکی زۆرە کاری بۆ دەکات‌. سەرپێ خستنی ئەم پڕۆژەیەش کە لەتەواوی دامودەزگاکانی حکومەتدا کاری هاولاتیان بەسیستەمی ئەلکترۆنی بەڕێوەبچێت، کوردستان لەڕووی سیستەمی کارگێڕییەوە لەو شێوازە کلاسیکی‌و پڕ لەڕۆتیناتە رزگار دەکات کە کۆن بووەو سەردەمی بەسەرچووە. 
هەربۆیە کوردستان پێویستی بەچاکسازیییەکی “شامل‌و عادل”ە، چاکسازییەک کە سەراپای بوارەکان بەش