گوتاری بێ ناوەرۆک، یان هەراوهۆریای بێ ئامانج!

نووسینی/ عەتا قەرەداخی

” هەراوهوریای بێ ئامانج یان چەقچەقەی بێ ئارد” ناونیشانی شانۆنامەیەکی شکسپیرە کە نزیکەی چوار سەدەو نیو پێش ئێستا نووسیوێتی. ئەم ناونیشانە بە دیدی ئێمە لەگەڵ بارودۆخی سیاسی و حیزبی و پەرلەمانی و بەڕێوەبردنی کوردیدا یەکاویەک دێتەوە. قسەکردنی بەردەوام، قسەی بێ گەوهەرو بێ مانا، کە لە زانستی زماندا بە قسە دانانرێت چونکە قسە دەبێ هەڵگری ماناو دەلالات بێت. چەقچەقە چیە؟ چەقچەقە دەنگی ناسازی چەقەنەیە. ئاشی ئاو کە ئامرازێکی سەرەتاییە بۆ هاڕینی گەنم و کردنی بەئارد بەکارهاتووە، ئەویش لەقۆناغی فیودیالی و پێش پیشەسازیدا. ئاوەکە بە تووندی بەر خلۆکەیەک دەکەوێت کە دەستاڕی وردکردنی گەنمەکەی لێبەستراوە، کاتێ خلۆکەکە دەخولێتەوە، دەستاڕەکە لەگەڵ خۆیدا دەخولێنێتەوە، دەنگێکی ناساز دەردەچێت کە پێی دەوترێت دەنگی چەقەنە. لە پێناوی دەستکەوتنی ئارددا خەڵک دانی بەخۆیدا گرتووە، گوێی لەو دەنگە ناسازو وەڕسکەرە بێت. ئێستا ئەوەی لە کوردستان گوێمان لێیدەبێت ئەو دەنگە هەراسانکەرەیە، بەڵام بەبێ دەستکەوتنی ئارد. واتە ئارد ئامانجە، قسەکانی ئێرە قسەی بێ ئامانجن. کەواتە با سەیربکەین هەتا بزانین بۆچی ئێمە ئەم بارودۆخەی ئێستای کوردستانمان واناوناوە. قسەی بێ ئامانجی کوردی دەکەین بەچەند هەنگاوێک، کە هەموویان پێکەوە گوتاری بێ ئامانج یان گوتاری بۆش یان گوتاری بێ ناوەرۆک پێکدەهێنن.
یەکەم: قسەی کوردایەتی کە مەبەست لێی کۆی ئەو ئاخاوتنانەیە حیزبی کوردی لە دروستبوونیەوە دەیڵێت و دەیڵێتەوە کە گوایە خەبات لە پێناوی کوردو کوردستاندا دەکات. ئاشکرایە کۆی حیزبەکانی کوردستان نەک هەر لە باشور بەڵکو لە هەر چوارپارچەی کوردستان ئەوەندەی دژی یەکتر جەنگاون و ئەوەندە پێکەوە کۆک نەبوون و ئەوەندەش دژی داگیرکەرانی کوردستان نەجەنگاون. بەو ئەندازەی دۆست و هاوکاری داگیرکەرانی کوردستان بوون و ئەوەندەی کاریان بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی خۆیان کردووە، ئەوەندە لە پێناوی ئەو کوردایەتیەدا نەجەنگاون کە کردوویانە بە چەتر بۆ شاردنەوەی کەمومورتیەکانیان. هەڵبەت دەمانەوێت بڵێین مەبەستمان لە کوردایەتی گوتاری سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەتە. ئایا کامانەن ئەو حیزبانەی پرۆژەی دەوڵەتیان هەبووە؟ کەواتە کوردایەتی لای حیزبی کوردی لە بری ئەوەی ئامراز بووبێت لە پێناوی ئامانجی نەتەوەدا، نەتەوە کراوەتە ئامراز لە پێناوی حیزب و بەرژەوەندییەکانیدا، بەرژەوەندیەکانی حیزبیش کۆکراوەتەوە لە پێناوی تاکەکەسێک یان بنەماڵە یان نوخبەیەکدا. کەواتە لە رووی نەتەوەییەوە هەموو گێڕانەوەکانی حیکایەتی نەتەوەیی لە لایەن حیزبی کوردیەوە گێڕانەوەی بێ ناوەرۆکن چونکە حیکایەتی کوردایەتی کۆی حیزبەکانی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان تاکو ئێستا کوردیان بە هیچ نەگەیاندووە، بۆچی؟ وەڵامێکی زۆر سادە لەبەرئەوەی لەبری کارکردن بۆ یەکخستن و یکگرتنی کورد، کاری بەردەوامیان زیاتر دابەشکردن و پەرتکردنی کوردو تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگابووە. بۆچی؟ لەبەرئەوەی نە ستراتیژی نەتەوەیی و نە گوتاری نەتەوەیی و نە پرۆژەی نەتەوەییان نەبووە.
دووەم: قسەی مافی بڕیاردانی چارەنووس کە لە مافی رۆشنبیرییەوە دەستیان پێکردووە بۆ لامەرکەزی، ئۆتۆنۆمی، ئۆتۆنۆمی راستەقینە، فیدراڵی، ریفراندۆمی سەربەخۆیی.. دوانی دواییان، واتە فیدراڵی و ریفراندۆم  لە باشوری کوردستان بوون. ئەمیش وەکو تاکتیکی فریودەرانە بووەتە دروشمی رووبەرێکی فراوانی حیزبی کوردی. بەڵام لە رووی کردەییەوە شتێکیان لەم رووەوە ئەنجام نەداوە، چونکە هەر هەنگاوێک بەرەو بەدیهێنانی مافی چارەنووس، پێویستی بە یەکێتی و یەکبوونی هەموو پێکهاتەکانی گەلە. ستراتیژی حیزبی کوردی هاوشێوەی ستراتیژی خێلایەتی دابەشبوون بووە، ئەوەش هەموو زەمینەیەکی بۆ درستبوونی هێزێکی جەماوەری ئەوتۆ کە بتوانێت بڕیار لە مافی چارەنووس بدات لەباربردووەو روخاندووەیەتی. واتە قسەی بڕیاردانی مافی چارەنووس لای حیزبی کوردی قسەیەکی بێ ناوەرۆک بووە.
سێیەم: قسەی سەربەخۆیی، پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەرەتاوە باسی لە سەربەخۆی هەموو کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەکردو خۆی وەکو پارتێکی ناسیونالیستی چەپی ئیتنیکی نمایش دەکرد. لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا دەستبەرداری ئەو گوتارە بوو، لە بری گوتاری سەربەخۆیی ئێستا هەڵگری گوتاری تورکیای دیموکراتیە. واتە لە پارتیکی ناسیونالیستی ئیتنیکیەوە بووەتە پارتێکی ناسیونالیزمی مەدەنی و باسی پێ