وەهمی چاکسازیی‌و ئەوەی ئێستا رودەدات!

 عه‌تا قه‌ره‌داغی
 
نزیکەی بیست و هەشت ساڵە کورد خۆی فەرمانڕەوای بەشێکی گەورەی باشوری کوردستانەو ئاشکراشە فەرمانڕەوایی ئەم ماوەیە لە دەستی پارتی و یەکێتیدا بووە، بۆیە بەرپرسی یەکەمی باش و خراپی ئەم فەرمانڕەواییە ئەم دوو حیزبەن. 

ئیسلامیەکان و گۆڕان و شیوعی… و ئەوانی تریش بەشێکی خراپیەکانی ئەم فەرمانڕەواییەیان دەکەوێتە ئەستۆ لەو رووەوە کە لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی مەکسەب و مەنسەبیان وەرگرتووەو لەگەڵ مەڕ شینیان کردووەو لەگەڵ گورگیش گۆشتیان خواردووە. 
هەر بۆیە ئەوەی لە سەید سادق بەرامبەر بە بارەگاکانی ئیسلامیەکان و گۆڕانیش کرا، هاوشێوەی بارەگاکانی پارتی و یەکێتی، دەیسەلمێنێت جەماوەر خەریکە لەوە تێبگات کە هیچ حیزبێکی کوردی نوێنەرو دۆستی ئەوان نیە، بەڵکو لەم بارۆدۆخەدا رەنگە باشترین ناونیشان بۆ حیزبی کوردی ناونیشانی شانۆگەرییە بەناوبانگەکەی ئیپسن بێت وتە ( دوژمنی گەل – An Enemy of the People )، لەگەڵ جیاوازی تەواوی ناوەرۆکی ئەو شانۆنامەیەو کەسێتی پاڵەوانەکەی کە دکتۆر ستۆکمانە کە بە دوژمنی گەل دەناسرێت. 

لە راستیدا دکتۆر ستۆکمان لەسەر حەقە بەڵام ناهوشیاری خەڵک دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی دەسەڵات بە دوژمنی گەل بیناسێنیت، لەکاتێکدا لە رووی دڵسۆزی و خزمەتگوزاری و بەتەنگەوەهاتنی نەتەوەو نیشتیمان و لە گەندەڵی و یاریکردن بە ژیان و چارەنووسی جەماوەر بەهیچ شێوەیەک ئەم حیزبانە بەراورد ناکرین بە کەسێتی پاڵەوانی ئەو شانۆنامەیەو لەچاو ئەودا ئەمان بەراستی دەشێ بە دوژمنی گەل ناودێربکرێن بە تایبەتی لە رووی تێکشکاندن و بێ ئیرادەکردنی تاکی کورد و کۆی میللەتی کوردەوە، ئەوەی ئەم حیزبانە بە کوردو کەسێتی نەتەوەیی کوردییان کردوە دوژمنانی داگیرکەری عەرەب و تورک و فارسیش هەرئەوەیان پێکردووە.

لە ماوەی فەرمانڕەوایی خۆماڵی کوردیدا، دەردەکەوێت کە کورد خاوەنی عەقڵی بەڕێوەبردن نیە. بۆ قۆناغی سەرەتا رەنگە پاساوێک هەبووبێت، ئەویش ئەوەیە کە پێشتر کورد ئەزمونی خۆبەڕێوەبردنی نەبووە. بەڵام ئەگەر پاش بیست و هەشت ساڵیش هەر بەهەمان ئەو عەقڵیەتە وڵات بەڕێوەببات کە بە عەقڵی شاخ دەستیپێکردووە. ئەمەش مانای ئەوەیە یان ئەم میللەتە توانای خۆبەڕێوەبردنی نیە، یان کەموکورتی لە حیزبەکانی کوردستاندایە کە ناتوانن سیستێمێکی پەسەند بۆ بەڕێوەبردن دروستبکەن، کە بێگومان بۆچوونی درووست ئەوەیە کە حیزبی کوردی لەبەر زۆر هۆکار نەیانتوانیووە یان نەیانوویستووە بەڕێوەبردنێکی باش درووست بکەن. 

ئەوە راستیەکی رەتنەکراوەیە کە لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە تا ئێستا کوردستان لە لایەن دەسەڵاتی لێنەزان و نەشارەزاو خودپەرست و حیزبپەرست و بەرژەوەندی حیزب و سەرکردایەتی حیزبپەرستەوە بەڕێوەبراوەو سەرچاوەی شکست و گەندەڵیەکان ئەو ستراتیژە ئاوەژووەیە کە حکومەت لەبری ئەوەی لە پێناوی کۆی میللەت و وڵاتدا کاری کردبێت، لە پێناوی سەرکردایەتی حیزب و دەوروبەرکانیاندا کاریکردووەو زۆرینەی کێشەکانی ئێستای هەرێم ئەو ستراتیژە هەڵەیەیە کە لە سەرەتای دەسەڵاتی کوردیدا بە گشتی و لە دوای روخاندنی سەدام بەتایبەتی لەبەریانگرتووە، بە تایبەتی لە رووی گەندەڵی داراییەوە، لە رووی بە لێشاو خانەنشینکردنی خەڵکەوە لە دەرەوەی یاسا، دەستگرتن بەسەر سەرچاوەکانی دارایدا لە نەوت و گومرک. دابەشکردنی زەوی و زاری وڵات بەسەر دامەزراوەکانی حیزب و کۆمپانیاکانیان و کەس و لایەنی خۆیان و نزیک لەخۆیان… بێگومان  گەندەڵیەکان هێندە زۆرن و هێندەش باسکراون هاووڵاتی ئاساییش لێیان ئاگادارەو هەر ئەو خراپیەی بەڕێوەبردن و باڵادەستکردنی بەرژەوەندییەکانی حیزب بەسەر بەرژەوەندییەکانی میللەتدا و هەر ئەو باڵادەستکردنەی بڕیاری حیزب بەسەر بڕیای حکومەتدا، بار