عەلی مەحمود محەمەد
29 ساڵە سەدان هەزار وشەمان لەسەر كێشەكانی كوردستان نووسی و هەزاران خۆپیشاندانمان كرد بۆیان, دەیان جار لەسەردەمی شاختانەوە زیندانەكانمان بینی, لە بری پاداشت بەشمان زیندان و نان بڕین و پەراوێزخستن و دووجار راوەدونان بوو, كێِشەكان رەگێكی بۆ ساڵانی خەباتی چەكداریتان دەگەڕێتەوە, خووەكەتان ئەوكات گرت و تەركتان نەكرد بە پیری, رێكەوتن لە گەڵ بەغدا و هاتنی چەند سەت ملیار دینارێك لە بەغداوە و هەڵوەشاندنەوەی هەرێم یان موچە خستنە سەر بەغا چارەسەری كێشەی خەڵكی كوردستان لە عێراقی لێواری ئیفلاسی ئابووری و حكومەتی فاشیلی سیاسی ناكات, كێشەی خەڵكی كوردستان كێشەی جۆری حوكمڕانی ئێوەیە لە كوردستان, ئێمە كە چەكمان بۆ سەربەخۆیی و كۆتایی ستەمی نەتەوایەتی هەڵگرت, نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی خاڵخاڵییەكانی سبەی,كێشەكە لە سەپاندنی دەسەڵاتێكی بنەماڵەیی ناقۆڵای رادەلەدەر دز و گەندەڵی ئێوەیە لە كوردستان, باشترین نموونەش حكومەتە سەیرەكەو حیزبە سەیرو سەمەرە بنەماڵییەكانتانە , دەسەڵاتداری چوار ئامۆزا, سێ بنەاڵە , 30 ملیاردێر, دوو سوپا , 423 ئەنفالچی ئازاد, گۆڕی هەزاران دۆنمی سەركردەكانتان , كۆمپانیای زەبلاحی باج نەدەر , جادەی وێرانی تانكەرە نەوتە دزییەكانتان ……., جیاوازی نێوان منداڵ وبرا لۆتیەكانتان و ئەو گەنجانەی قینی پەنگ خواردویان لە یادی هەشتا ساڵەی زنجیرە فلیم كارتۆنی تۆم و جیری وەك پشیلەكەتان لێهاتووە بە دەستیانەوە, بوونی سەدان هەزار كەمەندام, كە مانگانەیان پارەی تەكسی موچە وەرگرتنەكەیان ناكات , چواردە دەروازەی دزیتان, دەیان مۆڵگەی ئیتڵاعات و میتتان, رێنیشاندەری فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانتان…. نازانم چی بژمێرم و چی تەرك كەم, پرسیاری قوتابخانە بوایە هیچ قوتابییەك لێی دەرناچوو, لە بەر زۆری, ئاڵۆزی, شاراوەیی وانەكە.
ئەگەر دەتانەوێت كێشەكان چارەسەر بن و سەر هەڵنەدەنەوە :
1-بنەماڵەكانتان لە دەسەڵات و بازرگانی و كایەی ئابووری دور كەنەوە.
2-ناشرینترین بوونەوەر ئەو هەموو بابۆ و ئاراس و مەلا و شێخ و چیاو شەپۆڵ و ….دور خەنەوە لە كۆمەڵگاو چالاكی ئابووری و سیاسی, تازە كۆمەڵگا لەگەڵ ئەو ناشرینانە ئاشت نابنەوە.
3-راستە بە چاو دۆلاری ژێر زەمینەكانی ئێوەمان نەبینیوە, بەڵام دەزانین لەم سەردەمەدا پارە لە ژێر زەمیندا نییە, پارە لە كۆڕەك و ئاسیاو كارو قەیوان و كارگای چیمەنتۆو پاڵاوگەی نەوت و قاچاخچێتی سنوورەكان و بازاڕی پشك و دراوی كۆمپانیا زەبلاحەكانی جیهانە, بەشێكی بهێننەوە قەیرانی پێ بەڕێ بكەن.
4-ئەو هەموو شارو گردو تەپۆلكەو خانووە ملیۆن مەترییە چۆڵ كەن, با بێ لانەكان و گەنجانی هەناسە سارد تێیدا نیشتەجێ ببن.
5-دامەزراندن تەنها بۆ هەژاران بێت نەك بۆ بنەماڵەو ئەحباب و حیزبییەكانتان .
6-منداڵ وكەسوكارە لۆمپەنەكانتان لە خەڵك دور كەنەوە .
7-گومرگی سنورەكان كۆنترۆڵ بكرێت , فرۆشی نەوت شەفاف بكرێت, داهاتەكان بگەڕێنەوە بۆ دەستێكی ئەمین كە ئێوە ئەوەتان لە دەستداوە, باج بخرێتە سەر كۆمپانیاكان بە پێی زۆری داهاتی زیاد بكرێت.
8-بودجەی حیزبەكان هەڵوەشێتەوە, سەرچاوەی پارەی كەناڵەكانی راگەیاندن ئاشكرا بكرێت.