شار وەك بوونەوەرێكی زیندوو، پێویستی بە ئایندەسازییە

شار وەك بوونەوەرێكی زیندوو پێویستە خۆی نوێ بكاتەوە، خۆی بگونجێنیت لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی رۆژگاردا، ئەگینا دوادەكەویت‌و جێدەمێنێت، یان لە ناودەچێت‌و ون دەبیت، بە مانا ئابوورییەكەی لە مەیدانی كێبڕكێ جێدەمێنێت.

هەروەك چۆن مرۆڤ پێویستی بە گەشەو پێشكەوتنە، ئاوا شاریش پێویستی بەوەیە نەوەستێت، درك بە پێداویستییەكانی گەشەو پێشكەوتن بكات. ئەگەر شار نەبوو بە سەنتەری راكیشانی تواناو لێهاتووییەكان، دەرامەت‌و دەرفەتەكان، ئەوا هێدی هێدی دەپوكێتەوە.

هەر وەك مرۆڤ بوونەوەرێكی فرە رەهەندو فرە ئاراستەیە، بە هەمان شێوە لە بونیادنان‌و گەشەكردنی شاریشدا ئەم خەسڵەتەی مرۆڤ دەبێت رەچاو بكرێت. شار هەروەك چۆن دیزاین‌و ئەندازیاری‌و پلانسازی‌و ژینگەو رێگاوبان‌و خزمەتگوزارییە، ئاواش چەمكێكی زیندووی كۆمەڵایەتییە. هەر وەك چۆن مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە، ئاوا شاریش ئەركی كۆمەڵایەتیی گرنگی هەیە، وەك دابینكردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، رەخساندنی دەرفەت‌و هەلی یەكسان بۆ هەموو دانیشتووانی شار، گوێنەدان بەم ئەركانە، شار دووچاری داڕمان دەكات.

فەزای گشتی وەك پێداویستیی بنەڕەتی و سەرەكی
نەك تەنها كوالێتیی شەقام‌و رێگاوبانەكان، باخچەو شوێنی یاری‌و بەسەربردنی كات، بەڵكو رووی دەرەوەی خانوو و باڵەخانەكانیش بەشێكی گەورەن لە سەلیقەی گشتی‌و فەزای گشتی. هەندێك جار ئێمە بە هەڵە چەمكی فەزای گشتی وەك خزمەتێكی خۆشگوزەرانی‌و رەفاهی سەیر دەكەین، بەڵام لە راستیدا ئەمانە پێداویستیی بنەڕەتیی هاووڵاتییانی شارنشینن. بوونی هێڵی گواستنەوەی گشتی، هاوكات شەقامی فراوان‌و باش، رووخساری باڵەخانەكان، شۆستەكان، باخچەو پارك‌و شوێنی حەوانەوەی گشتی، رووبەری سەوزایی….تد، جگە لەوەی كاریگەری هەمەچەشنەیان لەسەر گەشەو پەرەسەندنی شار هەیە، لە هەمانكاتیشدا یارمەتیی ناڕاستەوخۆی چینی هەژار و كەمدەرامەتان دەدەن. بوونی باخچەو پارك‌و شوێنی یاریی فراوان، بوونیان بە قەبارەی بچوكتر لەگەڕەكەكاندا، باری قورسی چینی كەمدەرامەت سوكتر دەكات‌و سیماو رووخساری شاریش جوانتر دەكات، چونكە ئەم چینە بە زۆری توانای ئەوەیان نییە خۆیان‌و منداڵەكانیان بڕۆن بۆ شوێنە گەشتیارییەكان (بۆ نمونە چافی لاند)، باخچەی وا گەورەشیان نییە كە منداڵەكانیان كاتی تێدا بەسەر بەرن.

سەرەڕای ئەوەی ئەم بابەتە گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە، بەڵام بە داخەوە، بەردەوام كاربەدەستانی شار پشتگوێیان خستوون، ئێمە شاهیدی ئەوەین پارك‌و شەقام‌و شوێنە گشتییەكان چەندە بێنازن، چەند بە كوالێتیی خراپ دروست دەكرێن، پاش دروستكردنیش چۆن پشتگوێ دەخرێن، ئەمەش دوو هۆكاری سەرەكیی هەیە. یەكەم: كاربەدەستانی شار هەست بە گرنگیی فەزای گشتی ناكەن، نازانن فەزای گشتی كاریگەری زۆری هەیە لە گەشەكردنی شار و دروستكردنی هارمۆنیكی كۆمەڵایەتی‌و دابینكردنی بەشێكی دادپەروەری، یان لانیكەم، كەمكردنەوەی نادادپەروەری، بە قووڵی دەركی ئەوە ناكەن نەبوونی فەزای گشتی یانی سنورداركردنی چالاكییە ئابوورییەكان، پیسبوونی ژینگەو تێكچوونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی. هۆكاری دووەم: بەداخەوە بەرپرسانی شار فەزایی گشتی وەك مافی خەڵكی سەیر ناكەن.