بەندەری گەورەی فاو

دروستكردنی ئاستەنگ لەبەردەم تەواوكردنی بەندەری گەورە فاو، بەتەگەرەخستنە بەردەم تەواوكردنی گەورەترین پرۆژەی ئابوری لە عیراقدا دادەنرێت كە رەنگە لێوەی وڵات پێگە و گرنگییەكی تر بۆ خۆی لە ناوچەكەدا پەیدا بكات.

بەندەری گەورەی فاو، لە نیمچە دوورگەی فاو لە باشووری پارێزگەی بەسرە، تێچووەكەی دەگاتە نزیكەی 4.6 ملیار یورۆ، توانا و وزەی ساڵانەی بەندەرەكەش 99 ملیۆن تەنە كە دەبێتە یەكێك لە گەورەترین بەندەرەكانی سەر كەنداو و دەیەم بەندەر لە جیهان.

زیاتر لە دە ساڵە كار لە دروستكردنی بەندەری گەورەی فاودا دەكرێت و پرۆژەكەش بە بازهەڵدانێكی جۆری دادەنرێت لەڕووی جیۆپۆڵۆتیكی كە عیراق بە جیهانەوە دەبەستێتەوە، بەهۆی گرنگی شوێنەكەشی كە خۆرهەڵات و خۆرئاوا لە عیراقەوە بەیەك دەگەیەنێت، لەگەڵ تەواوبوونیداگۆڕانكاریی لە نەخشەی گواستنەوەی دەریایی جیهانیدا دروستدەكات.

پرۆژەیەكی ستراتیژی هێند گەورە بۆ عیراق، گومانی تێدا نییە زیان بە زۆرێك دەگەیەنێت و زۆرێك هاندەدات لە دژی بوەستنەوە و بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، كار بۆ لەگەڕخستنی بكەن و ئاستەنگ لەبەردەم تەواوكردنیدا دروستبكەن.

بەندەری گەورەی فاو، لەو پرۆژە ستراتیژیانەیە كە لە دوای ساڵی 2003وە لە عیراقدا جێبەجێ‌ دەكرێت، بە تەواونی وڵات دەخاتە سەر رێچكەی گەشەی ئابوری و گەیشتن بە كاروانی پەرەسەندن.

لەڕێی ئەم پرۆژە گەورانەوە، عیراق دەتوانێت بەرگی دواكەوتن و شوێنكەوتەیی فڕێبدات و نەختێك شكۆی بۆ بگەڕێتەوە كە بەهۆی ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی و كێشمەكێشی هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان لە وڵاتدا، لەدەستی داوە.

تەواوكردنی پرۆژەی بەندەری فاوی گەورە لە بەسرە، بواری زیاتر بۆ خستنەگەڕی پرۆژەی گەورەتر لە پارێزگەكانی ئەنبار و نەینەوا و واست و میسان خۆشدەكات، عیراق دەخاتە سەر رێچكەی دەستبەردن بۆ بوژانەوە و ئاوەڕدانەوە لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی.

لەگەڵ ئەوەی ئەم پرۆژانە پێگەی بازرگانی و ئابوری وڵات تۆكمەتر دەكەن، دەبنە مایەی چارەسەركردنی زۆرێك لەو كێشە و گیرگرفتانەی كە زیاتر لە حەڤدە ساڵە بەرۆكی عیراقییەكانیان گرتووە و تەوژمەكانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی میللییان لێكەوتۆتەوە.

بەندەری گەورەی فاو، دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ عیراقییەكان، پرۆژەیەكی نەخوازراویشە بۆ ئەو وڵات و لایەنانەی كە دەیانەوێت عیراق لەم دۆخەی ئێستای دەرنەچێت و لە بازنەی شوێنكەوتەییدا بمێنێتەوە.