هەفتەی رابردوو، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەردەم پارلەمانی كوردستان رایگەیاند، كە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە بیست و هەشت ملیار دۆلار قەرزداری ناوخۆ و دەرەوەیە، ئەمەش دوای ئەوەی زیاتر لە دەیەیەكە، كوردستان بە شێوەی سەربەخۆ و بە رێگای جیاواز، نەوت و گازی سروشتی بە بازاڕەكانی جیهان ئەفرشێ.
قەرزەكەی حكومەتی هەرێم لە كاتێكدایە، هەنوكە ئێمە لە نێو سەدەی بیست و یەكداو لە نێو جیهانێكی سەرەپا قەرزداردا دەژین،بە جۆرێك بە پێی راپۆرتی پەیمانگای پارەداركردنی نێو دەوڵەتی كۆی گشتی قەرزی جیهان، زیاترە لە 255 تریلیون دۆلاری ئەمریكیە.كە بە رێژەی دەكاتە لە 322% كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی جیهانی.
لەوەش ترسناك تر،بە پێی راپۆرتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، قەبارەی قەرزی جیهانی لە دەرەوەی كەرتی دارایی دەگاتە 240% ی كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی جیهانی،بە بڕاوی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی ئەمە بەرزترین ئاستە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.
هەریەكە لە چین و ئەمریكا و ئەوروپا پشكی شێریان لەم قەرزانە بەر دەكەوێت، بە جۆرێك چین زیاتر لە 40 تریلیون دۆلار قەرزارە،بە زیاتر لە 21.3% كۆی گشتی قەرزارانی جیهان،بە نزیكەی 310% لە كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی چین.
ئەمریكا زیاتر لە 23 تریلیون دۆلار قەرزارە،واتە بە نزیكەی 12.13% كۆی گشتی قەرزی جیهانی،بپێشبینی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئەوەیە كە كۆی قەرزەكانی ئەمریكا بگاتە 117% كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی ئەمریكی لە ساڵی 2023 .
بە پێی راپۆرتی سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی، قەرزی گشتی یەكێتی ئەوروپا و ناوچەی یورۆ نزیك بوەتەوە لە یەك تریلیون دۆلار،بە نزیكەی 97.4% كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی ئەوروپا.
هەرچی توركیای دراوسێیە بە پێی راپۆرتی رۆژنامەی سوزجوی توركی، بە جیاواز لە ئابوریە بەهێزەكەی رابردوی،زیاتر لە 240 ملیار دۆلار قەرزداری ناوخۆو جیهانە،كە دەكاتە لە 90% كۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی وڵات.
ئێرانیش یەكێكە لە وڵاتە قەرزارەكانی جیهان كە كۆی گشتی قەرزی دەرەكی بە پێی راپۆرتی بانكی مەركەزی ئێرانی زیاتر لە نۆ ملیار دۆلارە،ئەمە جگە لە قەرزە ناوخۆیەكان ، كە بە دەیان ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.
ئەگەر كۆی ئەم قەرزانە، واتە 255 تریلیون دۆلار دابەش بکەین بە سەر كۆی ژمارەی دانشتوانی جیهاندا كە 7.7 ملیار كەسە ، ئەوە هەر تاكێك لەم جیهانەدا زیاتر لە 32 هەزار دۆلار قەرزارە،واتە هەر منداڵێك لە دایك ببێ 32 هەزار دۆلار قەرزاری جیهانە.
خۆ ئەگەر هەر تاكێكی كوردستان وەربگرین ئەوە جگە لەو قەرزە جیهانیە، بڕی زیاتر لە 5 هەزار دۆلار قەرزارە.واتە منداڵێكی تازە لە دایك بوو لە كوردستاندا زیاتر لە 37 هەزار دۆلار قەرزاری جیهانە. هەرچی وڵاتانی تری جیهانە هەر یەكەو بە رێژەی جیاواز قەرزداری ناوخۆو دەرەوەن،هەموو ئەم قەرزانەش بە فاكتەری چاو چنۆكی سەرمایەداری و بە هەڵپەی زوو دەوڵەمەندبوون و بە هۆی قۆرخكاری بازاڕو نا دادگەری لە داەبشكردنی بازاڕو سامان و گەرمی بازاڕی چەك فرۆشتن و قەیران و جەنگەكانەوەیە.