وه‌ك راگه‌یه‌ندراوه، پێده‌چێت سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌ی شام-ی نوێ، به‌شی عیراق له پێداویستییه‌كانی كاره‌با دابین بكات و رێگه له‌و ملیاران دۆلاره‌ش بگرێت كه حكومه‌ته‌كانی پێشوو له كه‌رتی كاره‌بادا خه‌رجیان كردووه، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌وه وایه كه به‌فیڕۆ درابێت، چونكه سه‌ره‌ڕای زۆریی بڕی پاره‌ی خه‌رجكراو، نه‌ك نه‌یتوانیووه كێشه‌ی كاره‌با چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵكو كه‌میش نه‌بۆته‌وه.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی ده‌سته‌ی گشتیی ده‌ستپاكیی عیراق، له‌ماوه‌ی 11 ساڵی رابردوودا، كابینه‌كانی حكومه‌تی عیراق بڕی 34 تریلیۆن دیناریان بۆ كه‌رتی كاره‌با خه‌رجكردووه، واتا له‌ماوه‌ی ساڵانی نێوان 2006 هه‌تا 2017، بڕی نزیكه‌ی 29 ملیار دۆلار له پڕۆژه‌كانی كاره‌بادا خه‌رجكراوه به‌بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له بواری كاره‌بادا به‌دیهێنابێت.
راسته پڕۆژه‌ی شام-ی نوێ هێشتا به ژماره و داتا داهات و ده‌ستكه‌وته دارایی و ئابوورییه‌كه‌ی دیارنییه، به‌ڵام بودجه‌یه‌كی گه‌وره‌ی داهات و ده‌ستكه‌وت ده‌بێت كه ده‌توانێت كێشه‌ی كاره‌بای عیراق چاره‌سه‌ر بكات، به‌مه‌ش جگه له‌وه‌ی ئاستی كاره‌با ده‌گێڕێته‌وه بۆ ئاستی پێویستی به‌كارهێنانی، هاوكات رێگه له به‌فیڕۆچوون و به‌هه‌ده‌ردانی ئه‌و چه‌ندین تریلیۆن دیناره‌ش ده‌گرێت كه ساڵانه له‌م بواره‌دا به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت.
هه‌روه‌ك به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه و شرۆڤه‌ی كه‌سانی پسپۆڕ ده‌بێته هۆكارێكی راسته‌وخۆش بۆ نه‌مانی ئه‌و خۆپشاندان و گرژی و ئاڵۆزییانه‌ی ساڵانه و به‌تایبه‌تی له وه‌رزی هاویندا دێنه‌ئاراوه به‌هۆی نه‌بوونی كاره‌باوه كه زیانێكی بێشووماریان لێ ده‌كه‌وێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی وته‌بێژی حكومه‌تی عیراق ده‌ڵێت: «شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردوو كه بووه هۆی رووخانی كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاته‌ی عیراق، زیانی نزیكه‌ی شه‌ش ملیار دۆلاری به عیراق گه‌یاندووه«.
مه‌به‌ستی وته‌بێژه‌كه‌ی حكومه‌ت له شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری 2019، ئه‌و زنجیره خۆپیشاندانه فراوانانه بوو كه نزیكه‌ی هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانی عیراقیان گرته‌وه و یه‌كێك له فاكته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانیشی نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌كان و له‌پێش هه‌موویانه‌وه كاره‌با بوو.
ئه‌م پڕۆژه‌ی شام-ی نوێ-یه كه پێشنیازی عیراقه و له‌كۆبوونه‌وه باڵا سێ قۆڵییه‌كه‌ی مانگی ئابی نێوان مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق و عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆك كۆماری میسر و شا عه‌بدوڵـڵای دووه‌م پادشای ئوردندا به چڕی باسی لێوه‌كرا كه هه‌ر ره‌هه‌ندی ئابووری و دارایی و بازرگانیی نێوان ئه‌و سێ وڵاته نییه، به‌ڵكو ره‌هه‌ندی قووڵ و دوورمه‌ودای سیاسیشی له‌پشته‌وه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بزانین وڵاتانی گه‌وره‌ی جیهان و له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا راسته‌وخۆ پشتگیریی ده‌كات.
یه‌كێك له ره‌هه‌نده سیاسییه‌كانی پڕۆژه‌كه بۆ عیراق، ئاوێته‌یه‌كی سیاسی-ئابووریی هه‌یه كه بریتییه له كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاستی پشتپێبهستنهكانی عیراق به ئێران چ له‌ڕووی ئابووریی و چ له‌ڕووی سیاسییه‌وه، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته دراوسێیه ئه‌وه‌نده ئاوێته‌بوون كه سیاسه‌ت و ئابووریی تێدا به جۆرێك یهكانگیركراوه، له‌یه‌كتریی جیاناكرێنه‌وه.