ئه‌مه‌ریكی له‌سه‌ر پاره‌ش بنوێت، سه‌نتێك به‌ فیڕۆ نادات!


ساره‌ ئێرك، ماوه‌ی چه‌ند مانگێگه‌ له‌ رێگه‌ی به‌شی ماركێتی فه‌یسبووكه‌وه‌ بووه‌ به‌ هاوڕێم. په‌ندێكی كوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێت: “ئاو بوه‌ستێت ئه‌و ناوه‌ستێت”. 69 ساڵی له‌ته‌مه‌نی به‌رێكردووه‌ له‌گه‌ڵ نۆرمان ئێرك-ی مێردی پێكه‌وه‌ له‌ خانووێكدا له‌شاری فارگۆی ویلایه‌تی نۆرس داكۆتا، ده‌ژین كه‌ 4 ژووری نووستنی تێدایه‌ و تێكڕای رووبه‌ری ماڵه‌كه‌یان 600 مه‌تر دووجا زیاتره‌ و 245 مه‌تر دووجای بینایه‌.

كاتێك له‌ خانووه‌كه‌یان ده‌ڕوانی وا دێته‌ پێش چاوت ئه‌م ژن و مێرده‌ ده‌ستناكه‌ن به‌ ئاوی گه‌رم و سارد-دا. به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا وا نییه‌. به‌و ته‌مه‌نه‌وه‌ هێشتا بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌وه‌ستن له‌ پاره‌ په‌یداكردن.

به‌ مووچه‌ی خانه‌نشینییه‌كه‌یان ده‌توانن خێزانێكی 6 سه‌ر خێزانی به‌ڕێوه‌به‌رن. سێ هه‌فته‌ بوو دیار نه‌بوو له‌به‌شی ماركێتی فه‌یسبووك. دواتر، وتی: “له‌گه‌ڵ نۆرمان چووین بۆ كالیفۆرنیا”.

ئه‌و كاته‌ی سه‌نته‌ری كۆنترۆڵكردنی نه‌خۆشییه‌كان و خۆپاراستن (CDC) له‌ ئه‌مه‌ریكا ئامۆژگاری خه‌ڵكی كرد كه‌ پارچه‌یه‌ك په‌ڕۆ له‌ده‌مولوتیان هه‌ڵپێچن بۆ خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا ڤایرۆس، هه‌رچی ده‌مامكی سه‌ر ره‌فه‌كانی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ری نێو ده‌رمانحانه‌و ستۆره‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌بوو، هه‌مووی سه‌رفكران.

ته‌نانه‌ت مانگی نیسان وایلێهات قه‌یرانی ده‌مامك ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام بوو، بۆیه‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كه‌وتنه‌ كڕینی سه‌ر پارچه‌ی قوماش له‌ ستۆر و بازاڕی ده‌ستی دوو به‌ هه‌رزان. كه‌وتنه‌ كڕینی ماكینه‌ی دورمان، دروستكردنی ماسك له‌ زۆر ماڵدا سه‌ریهه‌ڵدا.