کوردو عێراق

پێگەی کورد چیە لە عێراقدا؟ ئایا لە راستیدا کورد پێگەی هەیە لە عێراقدا؟ ئەگەر کورد پێگەی هەیە لە عێراقدا کامەیە؟ چ کاتێک کورد پێگەی دەبێت لە عێراقداو شوێن و پێگەی کورد لە عێراقدا بە چ پێوەرێک دەپێورێت؟ ئایا بوونی هەندێ پێگەی کارتۆنی یان تەشریفاتی بەسە بۆ ئەوەی بڵێین کورد شوین و پێگەی هەیە لە عێراقدا؟ ئایا بوونی چەند وەزیرو ئەندم پەرلەمانێک کە لەسەر حیسابی کورد ئەو پۆست و شوێنانەیان وەرگرتووە، بەسە بۆ ئەوەی بگوترێت کورد خاوەنی شوێن وپێگەیە لە عێراقی دوای سەدامدا؟ یان پێوانەی تر هەن بۆ سەلماندنی بوونی شوێن و پێگەی کورد لە بەغدا؟ کە ئەوەش لە ئاستی یەکەمدا بریتیە لە دەوری بەکردەوەی کورد لە بڕیاری عێراقیدا، لە ئاستی دووەمدا بوونی کوردی تاک شوناسە لەو پێگانەدا کە مەبەستمان لە کوردی تاک شوناس یان شوناس کوردی ئەو کوردەیە کە شوناسی یەکەمی شوناسی کوردیە نەک شوناسی عێراقی. یان بە مانایەکی ترشوناسی عێراقی نەبێتە شوناسی یەکەمی و شوناسی کوردی ببێتە شوناسی دووەمی، وەکو زۆرێنەی هەرە زۆری ئەو کوردانەی لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە ناوەندی دەوڵەتی داگیرکەر یان ناوەندی لەسەر حیسابی دەستبەرداربوونی شوناسی یەکەمیان کە شوناسی کوردیە بۆ شوناسی دووەمیان کە شوناسی دەوڵەتی ناوەندی یان داگیرکەرە، پۆست و پلەو پایەیان وەرگرتووە.
رەنگە یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکیەکانی کورد لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ بەغدا ئەوە بێت، ئەو کەسانەی کە لەساڵی ٢٠٠٥ بەدواوە ناردوونی بۆ بەغدا هەر لە کەسی یەکەمەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار بووە تا پێگەکانی تری وەکو جێگری سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرو ئەندام پەرلەمانەکانیش مەگەر تاکو تەرایان تیابووبێت شوناسی کوردبوونی خستبێتە پێش شوناسی عێراقیبوونەوە. ئەم بۆچوونە لە وڵاتێکدا کە ناسیونالیزمی نەتەوەی زۆرینە یان سەردەست ئەگەر بووبیتە ناسیونالیزمی مەدەنی یان ناسیونالیزمی لیبریالی و قۆناغی ناسیونالیزمی ئیتنیکی بەجێهێشتبێت، ئاساییە ناسیونالیزمی نەتەوەی کەمینە یان بندەستیش بەهەمان پێوانە کاربکات، بەڵام کێشەی کورد لە عێراقدا بەهۆی نەبوونی پرۆژەی نەتەوەیی کوردیەوە هەرگیز نەیتوانیووە بەو شێوەیە بیربکاتەوەو بەڵکو پیادەی بۆچوونێکی هەڵەی کردووە کە بە حیسابی خۆی ئەو کەسانەی ناردووەتە بەغدا کە گوایە نەرمونیانترن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عەرەب، کە ئەو نەرمونیانیە لە بنەڕەتدا واتای خۆبەدەستەوەدان و کارکردن بۆ رازیکردنی ئەوی عەرەبە، بە چەمکی کۆمەڵناسیی سیاسیس مانای بەیەکەمبوونی شوناسی عێراقی و بە دووەمبوونی شوناسی کوردیە. ئەمەش وایکردووە جیاوازییەکی ئەوتۆنەبێت لە نێوان ئەو کەسانەی کورددا لە سەردەمی پاشایەتی و دیکتاتۆریەتدا لەسەر بنەمای بڕوابوونی خۆیان و دیاریکردنیان لە لایەن حکومەتەکانی عێراقەوە بۆ پۆست و پێگەی دیار لە دەوڵەتی عیراقیدا هەڵبژێردراون، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کورد خۆی لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە ناردوونێتیە بەغدا. هەموویان لەوەدا یەکدەگرنەوە کە لە رووی پیادەکردن و  کارکردنیانەوە لە سیستێمی بەڕێوەبردنی عێراقیدا لە پلەی یەکەمدا عێراقین، لە پلەی دووەمدا کوردن، کە دیارە تیاشیاندایە رەنگە هەر بڕوای بە کوردبوونی خۆی نەبێت و کوردبوون نەک شوناسی یەکەمی نەبێت بەڵکو بە شوناسی دووەمی خۆیشی دانەنیت.
کێشەی کورد لەگەڵ بەغدا کێشەیەکە یەک چارەسەری هەیە کە ئەویش جیابوونەوەیە، بێجگە لە جیابوونەوەش هەر هەوڵێکی تر بدرێت هەوڵی پینەوپەڕۆیەو هیچ بەرهەمناهێنێت، رەنگە تەنیا سودەکەی ئەوە بێت کە بەو پینەوپەڕۆیانە چاوەڕوانی هاتنی کاتی گونجاو بۆ جیابوونەوەیەکی لەوجۆرە بکرێت، چونکە هیچ ئەگەرێک لە ئارادا نیە بۆ ئەوەی کوردو عەرەب بتوانن لەوەی ئێستا باشتر پێکەوە بژین، هۆکارەکەشی ئەوەیە دوو ناسیونالیزمی ئیتنیکی ئەستەمە بتوانن پێکەوە لە یەک سیستێمی سیاسی خاوەن سەروەریدا بژین، چونکە هەریەکەیان دەیەوێت پارێزگاری لە شوناسی خۆی لە ئاستی ئەویتریاندا بکات، واتە نەتەوەی کەمینە دەیەوێت لە هەموو روویەکەوە هاوشانی نەتەوەی زۆرینە بێت، ئەوەش هەرگیز روونادات تەنیا لە بوونی ناسیونالزمی مەدەنی یان لیبراڵدا نەبێت کە پەیوەستبوون بۆ یەک نیشتیمان دەبێت و یاسا بەتەواوی ئەوە رێکدەخات و دەستوور دەیپارێزێت و کەلتووری فرەێتی بەڕاستی باڵەدەست دەبێت و چەمکی هاووڵاتیبوون کاری پێدەکرێت و باڵادەست دەبێت بەسەر چەمکی ئیتنیکدا. لە بارێکی ئاوەهاشدا ئیتنیکی زۆرینە هەوڵنادات شوناسی خۆی وەکو شوناسی یەکەم نمایش بکات و پەیوەستبوونی خۆی بە نیشتیمانەوە لە پلەی یەکەمدا دابنێت و شوناسی ئیتنیکی کەمینە و