وەک چۆن پەتای کۆرۆنا رەوڕەوەی ژیانی لە هەموو جیهان راگرت، جارێکیتر ژیان بۆ تیۆرێکی کۆنی پەیوەست بە رۆڵی پەتا لە گێرانەوەی هاوسەنگیی نێوان سروشت و دانیشتوان گێڕدرایەوە، ئەویش تیۆری زیادبوونی دانیشتوانی تۆماس ماڵتۆسی توێژەری بریتانی کە لە ساڵانی نێوان 1776 بۆ 1834 ژیاوە.
لەگەڵ ئەوەی زانایان زۆر دەمێکە ئەو تیۆرەیان بەجێ هێشتووە بەتایبەتی ئەو بەشەی کە بە جیهانی ئابوورییەوە پەیوەستە، وەلێ هەلومەرجی ئەم پەتا نوێیە و ئەو ترس و تۆقاندنەی لە ناخی خەڵکیدا چەسپاندی، وایکرد زۆر کەس بۆ ئەو تیۆرە بگەڕێنەوە و تاوەکو لێی تێبگەن و دەرسی لێوەربگرن.
لە کۆندا قسەکردن لەسەر ئەم تیۆرەی ماڵتۆس، گفتوگۆ یان ناکۆکی لێ نەدەکەوتەوە، بەڵکو لای زانایان بە پسپۆرییە جیاوازەکانیانەوە تەنانەت بە سیاسییەکانیشەوە جێی رێزو بایەخێکی زۆر بوو، چونکە شرۆڤەیەکی باشی بۆ هەژاری و بەدبەختی خەڵکی دۆزییەوە کە لەو سەردەمی ئەوی تێدا دەژیا (سەدەی نۆزدەیەم)، پاشان توانی سیاسەت و تێڕوانینی بۆ رێگرتن لێی دابڕێژێت و هەنگاوەکانی گەشەکردن دەستنیشان بکات. ئەوکات پسپۆرانی ئابووری ئەو تیۆرەیان بەڕێزەوە وەرگرت تاوەکو سودی لێ وەربگرن، ئەویش چەمکی دانیشتوانیان خستە نێو یەک لەو توخمە گرنگانەی کە پەرەسەندنی ئابووری دیاری دەکات چ بەرەو پێشکەوتن بێت یاخود دواکەوتن، واتە لە پاڵ زەوی و بەشینەوە و ئاڵووێر.
تیۆرەکەی ماڵتۆس
بە کورتی تیۆرەکەی ماڵتۆس، خۆراک کە سروشت سەرچاوەیەتی بە دانیشتوانەوە گرێدا، دەڵێ هەردووکیان زیاد دەکەن، بەڵام بە تێكڕای جیاواز، لە کاتێکدا دانیشتوان بە دوای یەکی ئەندازەیی و خۆراکیش بە دوای یەکی ژمارەیی زیاد دەکەن، لە خاڵێکدا لاسەنگیی دەکەوێتە نێوانیان، واتە دانیشتوان چیتر ناتوانن بژین چونکە خۆراکی پێویستیان دەست ناکەوێت، واتە بەرهەمی کشتوکاڵی ناتوانێ هاوشانی زیادبوونی دانیشتوان بڕوات، لێرەوە پەتا کە بەرهەمی سروشتە دروست دەبێت بۆ ئەوەی ئەو لێشاوی زۆربوونی دانیشتوانە رابگرێت و ئەو ژمارە دەهێڵێتەوە کە لەگەڵ بڕی خۆراکدا دەگونجێن!! پاشان سەرباری پەتا هەندێک ئامرازی تری بۆ زیاد کرد کە دەتوانن ئەو لاسەنگییەی نێوان سروشت و دانیشتوان راست بکەنەوە، وەک جەنگ و برسێتی و کارەساتە سروشتییەکان.
لەم سەردەمەدا، ئەو تیۆرە وایکرد، دانیشتوان ببێتە ژمارەیەکی زۆر گرنگ لای بڕیار بەدەستان، کاتێک پلانی فەراهەمکردنی ژیانێکی باشتر و جێگیر بۆ دەوڵەتەکانیان دادەڕێژن، بەبێ رۆچوونە نێو وردەکاری زۆری ئەو تیۆرەوە، گریمانەکانی دەرفەتێکی لەباریان نەک هەر بۆ پەرەپێدانی ئابووری بەڵکو بۆ دیاریکردنی ئەو ئاراستە سیاسییانەی کە حوکمی پەرەسەندن و داڕوخانی ئیمپراتۆرییەتەکانیان دەکرد، لەو مەترسیداتر، هەڵگیرسانی جەنگ و پەنابردنە بەر ئاشتی بوو، تا بەوە گەیشت هەندێک لە بیرمەندان یان سیاسییەکان لە روانگەی پەیوەندیی نێوان سروشت (خۆراک) بە زیادبوون یان کەمبوونی بە فاکتەری دانیشتوانەوە، بایەخ بە باشترکردنی نەژادی مرۆڤ