زۆربوونی بەرهەم لە بازاڕەکان و بەدوای بۆشایی و شوێندا گەڕان بۆ ریکلامکردن و ناساندنی کاڵا و شمەک و پەیامەکان. وایکردووە کە جگە لە ئامرازە نەریتییەکانی راگەیاندن وەک رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامە، هەرچی ئامێرێکی تەکنۆلۆژیای زانیاریی سەرهەڵدەدات، خێرا ریکلامکاران و ریکلامسازەکان هەوڵی دۆزینەوەی ئەپلیکەیشنی نوێی تێدا دەدەن بۆ ریکلامکردن. تەنانەت وای لێهاتووە تەنها لە ئامێری مۆبایلەکەی دەستمانەوە لە چەندین رێگەوە ریکلاممان پێ دەگات و شاڵاوی ریکلامەکان و گەیشتنی ریکلامەکان پێمان بەفۆرمی جۆراو جۆر و لە رێگەی جۆراو جۆرەوە، بەردەوام لە پەرسەندندایە. بۆیە ‹ماس ریکلام› یان ‹ریکلامکردن بە ماس›، فەرهەنگی زمانەوانیی کامبریدج پێناسەی دەکات: بە دیزاینکردنی ریکلام بۆ گەیشتن بە ژمارەیەکی زۆری وەرگر لە رێگەی جۆراوجۆری وەک تەلەفزیۆن، رادیۆ، رۆژنامە، ئینتەرنێت، مۆبایل و هەموو جۆرەکانی سۆشیاڵ میدیا و ئەپلیکەیشنە نوێیەکانی ئەمڕۆی جیهانی ئینتەرنێت.
شاڵاوی ریکلامەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ژمارەیەکی زۆری وەرگر لەمرۆدا و زۆربوونی ئامرازەکان و رێگاکانی گەیشتنی ریکلامەکان بە وەرگر، وایکردووە ئەمڕۆ وەرگر ماندوو بکات و چەندین رێگە بگرێتەبەر بۆ خۆ دەربازکردن لەو ریکلامانەی کە لەگەڵ پەیامە میدیایی و لەناو فیلم و بەرنامە کاتبەسەربەر و ژانرەکانی تری رادیۆ و رۆژنامە و تەلەفزیۆندا پێی دەگات.
ئەم زۆرییە لە ریکلامکردن و ئەو ماندوبوون و بێزاربوونەی وەرگر، جگە لەوەی وەرگری وا لێکردووە کە چەند رێگەیەک بگرێتەبەر بۆ نەبیستن و نەبینینی ئەو ریکلامانە، وەک سەیرکردنی فیلم و دراماکان لە رێگەی یوتیوب، چونکە رێگەی پێ دەدات بۆ سکایپکردنی ریکلامەکان، یان میوتکردنی ئەپلیکەیشن و گروپەکانی چات لە مۆبایلەکەی دەستی تاکو دەنگ و هاتنی ریکلامەکان بێزاری نەکات. تا وای لێهاتووە ئێستا باسی ریکلام و بازاڕگەریی بە مۆڵەت دەکرێت، هەروەکو Seth Godin and Penguin Audio کتێبی Permission Marketiting نیان دانا کە باسی ئەوە دەکات بەرەو ئەوە دەڕۆین کە وەرگر ئازادبێت لەوەی رازی بێ لەو پەیامە یان پاکیجە ریکلامییەی پێی بگات یان نا.
لەلایەکی تریشەوە ریکلام کاران و خاوەن شمەکەکان و ئاژانسەکانی دروستکردنی ریکلام ستراتیژ و رێگەی نوێ دەگرنەبەر بۆ گەیشتن بە وەرگر بۆئەوەی ریکلامەکانیان بگاتە وەرگری زۆر و لە ئەگەری رەتکردنەوەی وەرگرتن یان بینینی ریکلامەکەیان لەلایەن وەرگرەوە، خۆیان بپارێزین. ئەویش بەگرتنەبەری ریکلامکردن بۆ گروپێکی تایبەت بەگوێرەی کاڵایەکی تایبەت، یان ریکلام ‹Face to Face« راستەوخۆ بینینی بەکاربەر و کڕیار و وەرگرتنی کۆنتاکت و ناونیشانی ماڵی لە رێگەی پێدانی ئۆفەری تایبەت پێی، لەبەرامبەر وەرگرتنی کۆنتاکت و ناونیشانی ماڵەکەی، هەروەک مارکێتە گەورەکان لە وڵاتانی پێسکەوتوو دەیکەن بە پێدانی کارتی داشکاندن و پارە خستنەسەر بەڵانسی کڕیارەکانیان لەبەرامبەر کڕینی شتومەک و پڕکردنەوەی فۆرم و دانی زانیارییە کەسییەکانی ، تاکو راستەوخۆ بە پەیوەندیی کەسی لە رێگەی ئیمەیڵ یان تەلەفۆن یاخود نامەی تایبەت بۆ ماڵەکەی ریکلامەکانی بنێردرێت.
Paul F. Nunes and Jeffrey Merrihue, 2007 راپرسییەکیان کردوە لە نێوان کۆمەڵێک خەڵک ٦٠% یان وەڵامەکانیان ئەوەبووە کە بەدوای ئامێرێکی تەکنەلۆژیای وادا دەگەڕێن کە بلۆکی ریکلامەکان بکات. تەنها ١٠% یان پێیان وابووە گرفتیان نییە و نایانەوێت ریکلامەکان بلۆک بکەن. ئەمەش تەنها گرفتی بۆ ریکلامکاران و کڕیاران دروست نەکردووە، بەڵکو بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و سۆشیال میدیاش، واتە بۆ هەردوو جۆری میدیای نەریتی و نانەریتی دروستکردووە، چونکە ئەمڕۆ پارەدان بۆ ریکلام بە پێی Pay Per View واتە پارەدان بە پێی بینین و Pay Per Click واتە پارەدان بە پێی کلیک و Pay Per Like واتە پارەدان بە پێی لایکە، کە ئەگەر ریکلامەکانیش بە رێژەیەکی زۆر نەگاتە وەرگر، چۆن دەزگاکانی راگەیاندن دەتوانن پارەیەکی زۆریان دەست بکەوێت لەبەرامبەر وەرگرێکی زۆر کە ریکلامەکەی بینیووە یان کلیکی لەسەر کردووە یاخود لایکی لەسەر کردووە.