شارەکەی بەخەم تەلبەند

لەماڵپەڕی ئاوێنەدا نوسینێکم بەرچاو کەوت بەناونیشانی ( شاریک بێ ناسنامە.. شاری سلێمانی بەنمونە) لەنوسینی (زامۆ ئا داراغا) لەڕێکەوتی ٣/١٢/٢٠١٩ دا، لەلام بوە سەرنج‌و هەستم کرد سلێمانی هێشتا خەمخۆری ماوەو ئەشی بخرێتەوە سەر ڕاستەڕێ‌و لەم بێکەسی‌و پاشاگەردانیە ڕزگار بکرێت.
کاکی نوسەر بەنوسینەکەیدا دیارە کە شارەزاییەکی باشی هەیە لەبواری هونەرداو لێکدانەوەیەکی باشی بۆ فولکەی کاوەی ئاسنگەر کردوە هەم لەڕوی هونەریەوە هەم لە ڕوی مێژووی شارەوە، هەرچەندە مێژوویەکی نزیکە جێگەی دەستخۆشیە، بەڵام دڵنیام نەوەی دوای ڕاپەڕین بێئاگان لەمێژووی شار. هەروەها  مامۆستا عەتا قەرەداغی کە جاروبار دەردەدڵی خۆی هەڵئەرێژێ‌و خەمخۆرانە نوسینێکی بەبڕشت ئەخاتە بەردیدی خەڵکی شارو بڕیار بەدەستان، جێگەی پێزانینە. بەندەش هەندێجار ڕوبەڕوو هەندێ جاریش بەنوسین ئاماژەم داوە بەهەندێ دیاردەی دزێوو بزێو، وەک ئەوەی لەهەردووماڵپەڕی ئاوێنەو ژوری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانیدا، بابەتێکم بڵاوکردەوە بە ناونیشانی نامەیەک لەگردی سەیوانەوە، کە بەڕاشکاوانە ئاڕاستەی بەڕێز پارێزگار کرابوو، هەر بۆیە جێێ خۆیەتی شێرکۆ بێکەس واتەنی بەسلێمانی بڵێین (شارەکەی بەخەم تەلبەند). 
سلێمانی  تایبەتمەندی خۆی هەیە ئەوەتا ئەبینین سلێمانی توڕە ئەبێت، سلێمانی بەخشندەیە، سلێمانی لانکەی ئەدیبانە، سلێمانی قوتابخانەی مقاوەمەت‌و بەگژاچونەوەیە، سلێمانی پەناگەی هەمو ئازادیخوازانی پارچەکانی تری کوردستانە، سلێمانی فێرگەی هونەرو ڕۆشنبیرانە، بەڵام پێئەچێ لەم ساتەوەختەدا بێ دڵسۆز بێت، پێشەکی بەگشت کاربەدەستان‌و بەرپرسان‌و بەتایبەت بەڕێزان جەنابی پارێزگارو جەنابی قائمەقام ئەڵێین ئەگەر زو بەدەنگ ئەم پرسەوە نەیەن شار لەدەستئەچێت‌و پاشان ڕێکخستنەوەی ئەگەر مەحاڵ نەبێت زۆر سەخت ئەبێت. ئەوا لەم چەند خاڵەدا ڕەخنەکانمان‌و چەوت‌و چێڵیەکان خاڵبەند ئەکەین هیوادارین بەڕێزیشتان لەئاست بەرپرسیارێتیدا بن.
١ــ دیارە کەس دژی ئەوە نیە کەم دەرامەتەکان یارمەتی نەدرێن . بەڵام کەی ڕەوایە کەسانێک لەناوچەیکی ترەوە بێنە سلێمانی بەزیادەڕۆی لەسەر پارچە زەویەکی  موڵکی گشتی خانویەک قوت ئەکەنەوە، پاش یەک دو ساڵ بۆ سواڵی دەنگ کۆکردنەوە، بەبڕیارێک بۆیان تاپۆ ئەکرێت؟! پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەسەڵاتداران‌و حوکمداران چۆن ئەو مافە بەخۆیان ئەدەن لەو جۆرە بڕیارانە دەرئەکەن؟١! کەواتە ئەرکی دەسەلاتی خۆجێیەتی‌و پارێزگارو ئیدارەی سلێمانیە هەر لەبنەڕەتدا نەهێڵن زیادەڕۆیی بکرێتە سەر موڵکی گشتی، ڕێگا نەدەن دەسەڵاتی سەرو خۆیان ئەو تەخشان‌و پەخشانە بەموڵکی گشتیەوە بکات.
٢ــ شەقامی مەولەوی، ئەوی بەم شەقامەدا لەدوای نیوەڕۆوە تێپەڕ ببێت بەزەیی بەشارو مێژوی شارو گەورە پێاوانی شاردا دێتەوە، ئەگەر خەڵکی شار بێت!
بەڕێزان ئەکرێت کەمێک لەکاتی خۆتان تەرخان بکەن‌و وەک پاشا کۆنەکان خۆتان بگۆڕن بۆ ئەوی کەس نەتانناسێتەوە لەسەعات سێی پاش  نێوەڕۆیەکدا سەرێ لەشەقامی مەولەوی بدەن، جا ئەوسا ئەبینن چ غەدرێک لەم شارە ئەکرێت ئایا بۆ ئەبێت بەهۆی ئەو پاشا گەردانیەوە ئەو شەقامە لەژنان‌و کچانی شار حەرام بێت؟ ئایا ئەو خاوەن دوکانانە تاوانیان چییە کە دوکانەکانیان بەپارەیەکی زۆر کڕێوە، شارەوانیش لەولاوە بوەستێ کە ساڵانە کرێیان لەسەر زیاد ئەکات‌و جۆرەها داهێنانی تازەیان کردوە لەسەندنی باج‌و خەراج‌و سەرانە سەندندا، بەڵام لەو لاشەوە لەبەر دوکانەکانیاندا عەرەبانەیک یا دەستگێڕێک کە ڕەنگە هیچ پەیوەندیەکی بەسلێمانییەوە نەبێت‌و قەتیش دڵی بۆی نەسوتێ قوت ئەبێتەوە نیمچە دوکانێک لەبەر دوکانەکەدا بڵاوئەکاتەوەو هەم ڕێ لەڕێبواران ئەتەنێ‌و هەم بازاڕی دوکاندارە ڕەسەنەکانێش  ئەشێوێنێ؟! ئەوەندەی من بزانم زۆرتان سەردانی شارە بەناوبانگەکانی دنیاتان کردوە، ئەکرێ ببپرسین کام شاری دنیا بەم سیستمەی سلێمانی ئەڕوا بەڕێوە؟ یان چەند شاری دونیا سودی لەئەزمونەکەمان وەر گرتوە؟! هەندێجار لێرەو لەوێ گوێمان لەدەستەواژەیەک ئەبێت کە گوایە (خەڵک کەم دەرامەتە) ، نابێت ئەو قسەیە ببێتە پاساو بۆ بەرەڵا کردنی شارێک، ئەرکی دەوڵەتە ڕێگاچارەی تر بدۆزرێتەوە بۆ کەم دەرامەتی، نەک خەڵکانێک لەژێر پەردەی کەم دەرامەتی‌و فەقیریدا بەربداتە گیانی شارێک.