كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەدوای هەڵبژاردنەوە، تامەزرۆی ئەوەبوون بەزوویی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی كوردستان بكەوێتە گەڕو دەستبەكار بێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمو كارنامەی خۆی رابگەیەنێتو لایەنەكانیش ئەو بەڵێنانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بە خەڵكیان داوە، بیخەنە كارنامەی حكومەتی نوێی هەرێمەوە.
چینو توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، لەچاوەڕوانیو دڵەڕاوكێدا بوون بە جۆرێك دواكەتنی حكومەت كاریگەریی هەبووە لە دواكەوتنی جوڵەی بازاڕ و بازرگانیو وەبەرهێنان، تەنانەت لەڕووی دەرونییەوە كاریگەری هەبووە بۆ سەر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
بەڵام خۆشبەختانە سەرئەنجام یەكێتیو پارتی گەیشتنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتی بە بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان.
ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی یەكێتیو پارتی بۆ پیكهێنانی حكومەت مژدەبەخش بوو بۆ كۆمەڵانی خەڵكی خەڵكی كوردستانو دڵنیابوون كە سەقامگیری ئیداریو سیاسیو ئارامیو خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی كوردستان لەچوار ساڵی حوكمڕانی داهاتوودا.
ئەم رێككەوتننامەیە جوڵەی بازاڕ و بازرگانی خستە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە.
ئەوەشی كە ماوە پێكهێنانی حكومەتە لەسەر بنەمای هاوبەشیی راستەقینەو بەگەڕخستنی سەرجەم دامو دەزگاكانی میری خۆمان لەسەر شێوازی كارنامەی چاكسازیو پاكسازی، بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتری سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردستان حكومەتی تۆكمەی پتەو دابمەزرێ، بەتایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەدا كە ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێ، هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە سەقامگیری ئابووریو ئیداریو سیاسیو ئارامیو ئاشتی هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەهەر ئەگەرێكی نەخوازراودا سەركەوتووانە دەرباز بێت.
عەبدوڵڵا حاجی سەعید*
یاریدەدەری سكرتێری گشتی بۆ كاروباری بازرگانیو كاسبكاران