ئیمارات

ئەو ناونیشانە بۆ ئەوە نیە، باسی تاوەری خەلیفە و عەرەب و جومەیرە و ئەلنەخلە و شەقامە پانوپۆڕەكانی میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەبی بكەین، نەخێر بۆ ئەوەیە باس لە ڕۆڵێكی سەیری ئیمارات بكەین كە زۆر كەس نایزانن.

ئیمارات ساڵی 1971 وەك ئەوەی ئێستا هەیە، دامەزراوە، سیستمێكی فیدراڵییە، لە حەوت میرنشین-امارە-پێكهاتووە، ژمارەی دانیشتوانی بەپێی سەرژمێری 2017 نۆ ملیۆن و چوارسەد هەزار كەسە، ئەوەی جێی سەرنجە %12ی ئیماراتی و عەرەبن، یانی لەو نۆ ملیۆن و چوارسەد هەزار كەسە یەك ملیۆن و سەدو بیست و هەشت هەزار كەسی ئیماراتین و %88كەی، هندی، ئەوروپایی، پاكستانی، بەنگلادیشی، فلیپینی، سریلانكایی، چینی و چەند رەگەزێكی ترن.

ئیمارات، خاوەن ئابووریەكی بەهێزە و داهاتی ئەو وڵاتە لە دەست ژمارەیەك بنەماڵەدایە و بە حوكمی كەمی ژمارەیان و دەوڵەمەندی وڵاتەكە و لە ماوەی پێشوودا ژیان لە ئارامی و سەقامگیری و یەكگرتووی میرنشینەكان، ژیان لە ئاستێكی بەرزدایە، گەرچی چاودێران بڕوایان وایە ئابوری ئیمارات بەرەو داكشان دەچێت.

بە هۆی دەوڵەمەندی ئیمارات، ئیمارات ئێستا ڕۆڵێكی تر دەگێڕێت، لە ماوەی هەشت ساڵی كێشە و قەیرانی قوڵی سوریا، ئیمارات پشتگیری لە چەندین گروپی چەكدار دەكرد و یەكێك بوو لەو ووڵاتانەی لە هەوڵی گۆڕینی سیستمی حوكم دا بوو لە سوریا. لە كێشەی لیبیا كە چەندین ساڵە بەردەوامە، ئیمارات ڕۆڵی هەبوو و ئێستا بە ئاشكرا پشتگیری لە لیوا خەلیفە حەفتەر دەكات. لە یەمەن كە پێنج ساڵە شەڕ و شۆڕ و كاولكاری بە خۆیەوە دەبینێ، بەشداری هاوپەیمانی عەرەبیە كە ئەمریكا پشتگیری دەكات و ئیمارات، هەم هێزی چەكداری لەوێیە، هەم لە ڕێی ژمارەیەك بەكرێگیراوەوە لەوێ شەڕی حوسیەكان و هاوپەیمانەكانیان دەكات.

لە پاڵ ئەو دەست تێوەردانانە، ئیمارات بە هاوكاری سەرەكی سعودیەو بەحرەین، دژایەتیەكی ئاشكرای قەتەر دەكەن بە بیانوی ئەوەی قەتەر پاڵپشتی تیرۆر دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش چەند ساڵێكە ئابڵوقەی ئابوری و ئاسمانیان خستۆتە سەر قەتەر و لەو چوارچێوەیەدا، ئیمارات بە توندی ڕووبەڕووی هەموو ئەوانە بۆتەوە كە بە شێوەیەك لە شێوەكان دژایەتی ئەو هەڵوێستەی ئیمارات دەكەن، یان ڕەخنە لە هەڵوێستی ئیمارات دەگرن لەسەر مەسەلەی سوریا و لیبیا و یەمەن و قەتەر. لەو چوارچێوەیەشدا ئیمارات لە ساڵی 2009 وە پرۆژەیەكی سیخوڕی ئەلكترۆنی دامەزراندووە بە مەبەستی گوێگرتن لە مۆبایل و تەلەفۆنی هەموو ئەو كەس و دامودەزگایانەی ئیمارات بە دوژمنی خۆیانی دەزانێت و لە كێشەكەی لەگەڵ قەتەردا بە بەربڵاوی سودی لەم پرۆژەیە وەرگرت.

ئەم پرۆژەیە ژمارەیەك فەرمانبەری پێشووتری CIAو كۆمەڵێك فەرمانبەری پێشووی كۆشكی سپی ئەمریكا، كاریان تێدا كردووە و بەڕێوەیان بردووە.

لەو دەزگایانەی ئەم پرۆژەیە خستویەتە ژێر چاودێرییەوە كەناڵی-الجزیرە-ی قەتەری و ژمارەیەك بەرپرس و ڕۆژنامەنووسی كەناڵەكە، لە ناویاندا فەیسەڵ القاسم و سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی الجزیرە حەمەد بن ثامر بن محمد.

بە پێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، یەكێك لەو ڕۆژنامەنووسە بەناوبانگانەی لە ڕێی ئەو پرۆژەیەوە مۆبایلە ئایفۆنەكەی هاككراوە، جیزیل خورییە كە بەرنامەیەكی هەیە لە تەلەفزیۆنی بی بی سی.