ماوەیەكی زۆرە كۆماری ئیسلامی ئێرانو حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدان بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراق، مەرزەكانی (پشتە، تەوێڵە، شێنێو سەیرانبەن) وەك دەروازەیەكی ئاڵوگۆڕی بازرگانیو گەشتیاریی نێودەوڵەتی بناسرێ، ئەم هەوڵانە بەردەوامە بەتایبەتی لەم هەلومەرجەی ئەمڕۆدا هەرسێ لایەنی ئێرانو حكومەتی هەرێم و عیراق مەبەستیانە پەیوەندی ئابووریو بازرگانی زیاترو باشتر لەجاران گەشەو برەوی پێبدرێ.
بەسەدان خەڵكی بێكار سودمەند دەبن
مەرزی (سەیرانبەن)، مەرزێكی دێرینو كاریگەرە لەنێوان هەرێمی كوردستانو كۆماری ئیسلامی ئێران (شاری بانە) كە ئێستا بۆتە بازاڕێكی بەرفراوان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەنێوان شاری سلێمانیو ئوستانی كوردستان واتە شاری (سنە) ئاڵوگۆڕێكی بارزگانی گەورەی تێدا بەڕێوەدەچێت، كۆماری ئیسلامی ئێران بەفەرمی بڕیاریدا مەرزی سەیرانبەن بكرێتە دەروازەیەكی نێودەوڵەتیو كاری كۆتایی بۆ رێكارە یاساییەكانی ئەنجامدراوە بەمەبەستی بەنێودەوڵەتیكردنی.
دەروازەی سەیرانبەن جگە لەوەی كاریگەری گەشەی ئابووریو بازرگانی بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە، هاوكات بۆ هەرێمی كوردستان كاریگەری بەهێزتری دەبێت، بەتایبەتی بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی جگە لە بازرگانانو گەشتیاران بەسەدان خەڵكی بێكاری سنوری قەزای پێنجوێن سودمەند دەبن، جگە لەوەی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان دەكەونەگەڕ بۆ گواستنەوەی كاڵاو شمەكی هاوردەو هەناردە بەپێچەوانەشەوە لەدیوی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسنووری شاری بانەو سەقزو گوندەكانی دەوروبەریان سودمەند دەبن.
قەیرانی ئابووریی تێپەڕاند
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە كە مەرزەكانی پشتەو تەوێڵەو شێنێ لە سنوری پشدەر ئەو سێ مەرزەش لە بەرنامەدایە بكرێنە مەرزی نێودەوڵەتی، هەموولایەك ئەو راستییە دەزانن كە هەرێمی كوردستان قەیرانی ئابووریی تێپەڕاندو ئێستا بازاڕو بازرگانیو هاوردەو هەناردە لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێرانو توركیا لەوپەڕی گەشەو پێشكەوتندایە، بەشێوەیەكی بەرچاو كۆمپانیا جۆراوجۆرەكانی ئێرانو توركیا روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، كارو چالاكی خۆیان ئەنجام دەدەن، جگە لە كۆمپانیا بیانیو وڵاتانی عەرەبی، دوای نەمانی پاشەكەوتو بوژانەوەی بازاڕو كارو كەسابەت پیشەسازیو وەبەرهێنان لەبواری كشتوكاڵو گەشتیاری خەڵكی دڵخۆشن كە هەرێمی كوردستان رۆژانی ناخۆشی تێپەڕاند لەدوای شەڕی داعشو قەیرانی ئابووریو رووداوەكانی دوای ریفراندۆم، هەرێمی كوردستان كەوتۆتە رۆژانی خۆشیو خۆشگوزەرانییەوە.
هەموولایەك خۆی بە بەرپرسیار بزانێ
ئەوەی ماوە پێكهێنانی حكومەتێكی تۆكمەو پتەو و بەهێزو بناغە داڕێژراوە ئەویش بەوە دەبێت پارتی گوێ لە داواو داخوازی یەكێتی بگرێ و پێگەو پێشینەی خەباتو تێكۆشانو شۆڕشگێڕی یەكێتی رەچاو بكات، بۆ ئەوەی حكومەتێكی هاوبەشی راستەقینە لەنێوان یەكێتیو پارتیو لایەنەكانی تر بنیاتبنرێ بۆ ئەوەی هەموولایەك خۆی بە بەرپرسیار بزانێ لەئەنجامدانی پڕۆژە پێشنیازكراوەكان بۆ خزمەتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە دەنگدەران دراوە.
عەبدوڵڵا حاجی سەعید
* یاریدەدەری سكرتێری گشتی بۆ كاروباری بازرگانیو كاسبكاران