بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لابردنی پاشەكەوتی مووچە، سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی دڵخۆشكرد، بەشێوازێك جەژنەكانی راپەڕین و نەورۆز و بەهار و لابردنی پاشەكەوتی مووچەی بەیەكەوە هاوتەریب كرد. هەموو ئەوانەی مووچەخۆری میرین سوپاس و ستایشی ئەو هەنگاوەی حكومەتی هەرێم دەكەنو بە هەنگاوێكی خزمەت بە توێژی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی میری خۆمانی دەزانن.
لەهەمان كاتیشدا دوكاندار و بازرگان و فرۆشیاران خۆشحاڵن بەم بڕیارە لەبەر ئەوەی جموجۆڵی بازاڕی زیاد كردووەو گەشەی پێداوە، بەتایبەتی بازاڕی پۆشاك و جلوبەرگی كوردی و سەرجەم بوارەكانی خۆراك و خواردەمەنی و زەوی و خانووبەرە.
ئەوانەی پارەیان هەبوو پارەكانیان خستۆتە بازاڕاوە، لەڕۆژی بڕیارەكەوە نرخی زەوی لە دەرەوەی شار لە (20%) زیادی كردوەو خانوو زەوی لەناو شاردا بەڕێژەی (5%)ی زیادی كردووە، بازاڕ بەشێوازێكی بەرفراوان گەشەی پێوەدیارە و جەماوەری شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان بەگشتی دڵخۆشن كە قەیرانی ئابووریی تێپەڕی و لەمەودوا ژیان و بژێوی و گوزەرانی خەڵكی دەچێتەوە دۆخی پێش قەیرانی ئابووری و پاشەكەوتی مووچە.
هەرچەندە بەداخەوە نرخی كاڵا و شمەك لەبازاڕدا بەرزبۆتەوە ئەمەش كارێكی نەشیاوە لەلایەن فرۆشیارانەوە پیادە دەكرێت.
عەبدوڵڵا حاجی سەعید
* یاریدەدەری سكرتێری گشتی بۆ كاروباری بازرگانی و كاسبكاران