مامۆستا برایم ئەحمەد سەرباری ئەوەی كە كەسایەتییەكی گەورەی سیاسیی كوردستان بووە، لە بوارەكانی ئەدەبیو روناكبیریشدا قەڵەمێكی دیارو مەشخەڵێكی داگیرساوی بیری نوێو پێشكەوتنخواز بووەو لەقۆناغێكی تاریكدا بەرهەمەكانی وەك چرایەكی رۆشنو پرشنگدار كوردستانیان روناك كردۆتەوە.
مامۆستا برایم لەرۆژی 5ی ئاداری 1914 لەگەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
لەسلێمانیو بەغدا قۆناغەكانی خوێندنی تەواو كردووەو ساڵی 1937 كۆلیجی مافی زانكۆی بەغدای تەواو كردووە.
مامۆستا برایم ئەحمەد هەر لەسەردەمی لاوییەوە خولیای جیهانی ئەدەبو نوسین بووەو لەتەمەنی 18ساڵییەوە لەرۆژنامەی ژیانی پیرەمێرد بەرهەمەكانی بڵاو كردۆتەوەو پیرەمێرد پێی سەرسام بووەو وەك كوردیزانێكی رەوانو نەوجەوانێكی هەڵكەوتوو وەسفی كردووە.
مامۆستا برایم لەسەردەمی خوێندكاری لەبەغدا لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێیدا كۆمەڵەی لاوانی كوردی دامەزراندووەو گۆڤاری دیاری لاوانی دەركردووە.
مامۆستا برایم سیاسەتمەدارێكی هەڵكەوتوو بووەو لە حزبەكانی ژێكافو حزبی دیموكراتی كوردستانی ئیرانو پارتی دیموكراتی كوردستانی عیراق رۆڵی دیاری هەبووەو وەك سەركردەیەكی روناكبیر شوێن پەنجەی بەئەدەبیاتی سیاسی ئەو حزبانەوە دیارە.
مامۆستا برایم لەكایەی ئەدەبیو روناكبیریشدا شوێن پەنجەی دیارەو پیاوێكی فرە بەهرە بووەو لەبوارەكانی شیعرو پەخشانو رۆمانوچیرۆك و مێژوو و زمانو وەرگێڕان خزمەتی كردووەو خاوەنی 26 كتێبەو ژانی گەلو كوێرەوەریو دواتیری كەوان لەنمونەی شارەكارە بەرزەكانی ئەون.
مامۆستا برایم ئەحمەد لەبواری رۆژنامەگەریشدا رۆڵی دیارو درەوشاوەی هەبووەو گۆڤاری گەلاوێژ بەیەكێك لەو ئەستێرە پرشنگدارو درەوشاوانە دادەنرێت كە دەوری زۆری لەهۆشیاری سیاسیو روناكبیریدا هەبووە.
ئەم گۆڤارە لەنێوان ساڵانی( 1939-1949) بۆ ماوەی 10ساڵ دەرچووەو مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد خاوەنی ئیمتیازو مامۆستا عەلادین سەجادی سەرنوسەری بووە.
گۆڤاری گەلاوێژ بایەخی بەبڵاوكردنەوەی بابەتی ئەدەبیو رۆشنبیریو سیاسی داوە ئەوەش لەوكاتەدا خزمەتێكی گەورەی بەرەوتی روناكبیری لەكوردستان كردووەو هۆكاری سەرەكی گەشەپێدانی رۆژنامەگەریو
پاراو كردنی زمانی كوردی بووە.
ئەم گۆڤارە شێوازی رێنوسی نوێی كوردی هێنایە ئاراوەو زمانی كوردی لە وشەی بێگانە بژار كردو كوردییەكی جوانو پاراوی هێنایە كایەوە.
گۆڤاری گەلاوێژ گۆڤارێكی سەنگین بووەو قەڵەمی دیاری وەك( ئەمین زەكی، پیرەمێرد،تۆفیق وەهبی، شاكر فەتاح، شێخ محەمەدی خاڵ، حسین حوزنی عەبدوڵڵا جەوهەرو چەندانی تر بەرهەمەكانیان تێدا بڵاو كرۆدتەوە.
دەركردنی گۆڤاری گەلاوێژ خزمەتێكی گەورەی بە هەموو كایە فكریو رۆشنبیریو مەعریفییەكانی كۆمەڵی كوردستان كردووەو روخسارێكی جوانی رۆشنبیری بەشاری سلێمانی داوەو بۆتە هۆی ئەوەی هەر لەو سەردەمەوە بەهەوڵی مامۆستا برایمو روناكبیرانی تر سلێمانی وەك شاری رۆشنبیری بدرەوشیێتەوە.
مامۆستا برایم ئەحمەد لەبوارەكانی سیاسیو روناكبیری خزمەتێكی زۆری پێشكەش كردووەو شوێنی دیارە.
بەداخەوە ئەم پیاوە گەورەیە لە رۆژی 8ی نیسانی 2000 بۆ دواجار لەشاری لەندەن ماڵئاوایی كردو تهرمهكهی هێنرایهوه بۆ كوردستان و لەگردی سەلیم بەگی شاری سلێمانی بەخاك سپێردراو چووە ریزی نەمرانی كوردستانەوە.
درودی رێزی وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاك و پیرۆزی مامۆستا برایم ئەحمەدی سیاسەتمەدارو روناكبیرو مەشخەڵی بیری نوێ.