جیهانگیریی و كاریگەرییەكانی

لە ئێستادا لەسەردەمی جیهانگیریدا دەژین، جیهانگیری بەجۆرێك كارلێكی لەگەڵ كۆمەڵی مرۆڤایەتی كردووە، كاریگەرییەكەی لەسەر هەموو لایەنێكی ژیانی مرۆڤ دروست بووە، بۆیە پێناسەكردنی جیهانگیری چەندین رەهەندی جیاوازی هەیە و تێڕوانینی زۆریش هەن بۆ ناساندنی جیهانگیری، هەروەكو یونیسكۆ پێناسەی كردووە، بە پڕۆسەیەكی فرە رەهەندو كاراكتەرەكانی وەكو بنەما ئابورییە جیهانییەكان، كاریگەری لەسەر كوالێتی كاڵای بازرگانی دورست دەكات، هەروەها كاراكتەری داهێنانە تەكنۆلۆژییەكان و گۆڕانكاریی لەسیستەمی دەوڵەتان و بێهێزبونی سنوری نێوانیان و هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان و سیستەمە سیاسییەكان و گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان و ئاڵوگۆڕە كەلتورییەكان، هەموویان بەیەكەوە كاراكتەری گرنگ و بنچینەین لەناساندن و دروستكردنی كاریگەرییەكانی جیهانگیری لەنێوان وڵاتان.
جیهانگیری كاریگەری زۆری لەسەر سیاسیەت و پەیوەندی نێوان وڵاتان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان دروستكردووە، هەروەكو چۆن جیهانگیری توانیویەتی فاكتەرێكی گرنگ و كاریگەر بێت لەسەر راگەیاندن بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان دەربارەی زانینی سیاسیی بۆ جەماوەر. هەرچەندە كاریگەرییەكانی جیهانگیریی زۆرن لەسەر سیاسەت و ئابوری سیاسیی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جیهانگیری مەترسی زۆر دروست دەكات و زۆرجار پەیوەندیی و زانیارییە سیاسییەكان دەبێتە مەترسی و كێشە بۆ رەهەندە ئابورییەكەی جیهانگیری. تیشكخستنە سەر جیهانگیری لەلایەن توێژەرانەوە بابەتێكی تازەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ئابوری ئازاد لەنێوان وڵاتان كە بەرهەمی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان وڵاتانە و كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر كۆی پڕۆسە سیاسییەكان لەسەر ئاستی جیهان.
هەرچەندە زۆرترین گفتوگۆ دەبارەی جیهانگیری پەیوەست كراوە، بە بازرگانی و رەهەندە ئابورییەكان بەشێوەیەكی گشتی، بەڵام لەهەمانكاتدا جیهانگیری كاریگەری زۆری لەسەر زانین و زانیارییەكان دروستكردووە، هەروەكو بڵاوكردنەوەی زانیاریی یەكێكە لە رەهەندە كاریگەرییەكانی جیهانگیری بۆ نموونە: داهێنانە تەكنۆلۆژییەكان، بیرۆكە نوێیەكان، هەروەها جیهانگیری بەرهەمی پڕۆسەیەكی مێژووی دوورو درێژە لە نێوان وڵاتان، بەتایبەتی فاكتەرە ئابوریی و سیاسیی و كەلتوریی و تەكنۆلۆژییەكان رۆڵ و كاریگەریی زۆریان هەبووە لەدروستبوونی، بۆیە دەتوانرێت بوترێت، كە جیهانگیری ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییە دەربارەی ئەو رەهەندانەی ئاماژەیان پێدرا.
پێشكەوتنە تەكنۆلۆژییەكان گۆڕانكاری زۆریان دروستكردووە لەسەر جیهانگیری كە لە بنچینەدا پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان وڵات، لە دوای گەشەكردنی ئینتەرنێت و كۆنتڕۆڵكردنی بۆشایی و كات، مرۆڤ و تەنانەت كەلوپەلەكان و پەیوەندییەكانیشیان خرانە بۆشاییەوە، و پەیوەندیكردنی جیهانیی هیچیتر پێویستی بەتێپەڕاندنی سنوری نێوان وڵاتان نەما، ئەوەش كاریگەری نەك تەنیا لەسەر ئابوریی و پەیوەندییە بازرگانییەكان و بازاڕەكان دروستكرد، بەڵكو كاریگەری زۆری لەسەر پڕۆسە سیاسییەكان و زانیارییەكانیش دروستكردووە كە لەنێوان وڵاتان ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت لەبۆشاییدا. زانیارییە ئەلیكترۆنییەكان داهێنران و گواستنەوەیان خێرایە، بەڵام زۆرجار لایەنگیریی حكومەت و پارتە سیاسیی و كەسێتییە سیاسییەكانیان لەسەر دروست دەبێت، بۆیە زانیاریی سیاسیی یەكێكە لەو زانیارییانە كە جیهانگیری رۆڵی زۆری هەبووە لەگواستنەوەی لەنێوان وڵاتان لەڕێگەی كەناڵە جیاوازەكانی میدیاوەو بەتایبەتیش ئینتەرنێت.
جیهانگیری هاوكات لەگەڵ كاریگەرییە زۆرەكانی لەسەر زانیاریی و زانیاریی سیاسیی، بەهەمان شێوە كاریگەری زۆریشی لەسەر هۆكارەكانی راگەیاندن دروستكردووە بەشێوەیەكی گشتی، هەرچەندە بمانەوێت یاخود نا، ئامادەبین یاخود نا، لە ئێستادا جیهانگیریی لە هەموو زەمەنێكی تر ئامادەیی زیاترە، پەیوەندیی جیهانگیریی بە ئاڵوگۆڕكردنی زانیارییەوە زۆرەو میدیا و بەتایبەتیش میدیای نوێ واتە ئەلیكترۆنی، باشترین شۆفێری گواستنەوەی زانیارییەكانی سەردەمی جیهانگیریی و جیهانگیریی خۆیەتی، بەتایبەتیش میدیای ئەلیكترۆنیی و سەتەلایتەكان و دواتریش پێشكەوتنە تەكنۆلۆژییەكان و ئامڕازەكانی وەكو مۆبایل و كۆمپیوتەرەكان، كاریگەریی زۆریان لەسەر گەشەپێدانی جیهانگیریی دروستكردووە.
ئاماژە بەوە دەدات كە میدیا وەكو ئامڕازێكی سەردەمی جیهانگیریی كاریگەریی زۆری لەسەر وەرگران لەسەر ئ