بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی (پشتە)

مەرزی پشتە دەكەوێتە سنووری ناحیەی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەی شەهیدەوە، لەدیوی ئێرانیشەوە دەكەوێتە سنووری شارۆچكەی جوانڕۆی سەر بە قەزای پاوەی ئوستانی كرماشان.

بنیاتنانی فەرمانگەكانی حكومەت
ئەم مەرزە ساڵانێكی زۆرە بە نافەرمی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی ئێرانی تیادا بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەهۆكاری ئەوەی بەفەرمی نەناسرابوو زۆرێك لەكاڵای بازرگانی‌و ترانزێت لەو مەرزەوە بۆی نەبوو تێپەڕێ ئێستا خۆشبەختانە مەرزی پشتە بۆتە مەرزێكی یاسایی‌و فەرمی لەئێستاشدا لە هەردوو دیوی هەرێمی كوردستان‌و كۆماری ئیسلامی چاكسازی تیادا دەكرێ لە چاككردنی رێگە‌وبان‌و بنیاتنانی فەرمانگەكانی حكومەت.
بەكاراكردن‌و جوڵاندنی ئەم مەرزە، دەروازەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر فراوان‌و بەهێزتر دەبێت لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەفەرمی ناساندنی مەرزی پشتە كاریگەری باشی دەبێت بۆ سەر ناوچەی بەمۆ كە بەزمانی كوردەواری خۆمان ئەوەبەری سیروان ناسراوە، تا دەگاتە هەڵەبجە‌و شارەزوور، واتە ناوچەكانی سنووری ناحیەی بەمۆ‌و پارێزگای هەڵەبجە سودمەندێكی باش دەبن، یەكەم بازرگانەكان‌و هاوردە‌و هەناردەكارەكان ئاسان تر دەستیان دەگاتە پارێزگای كرماشان كە ناوەندێكی بازرگانی بەهێزە، دووهەمیش خەڵكێكی زۆر لەخاوەن ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان‌و كارگوزار‌و بێ كارەكان سودمەند دەبن.

سودێكی زۆری دەبێت
بەشێوەیەكی گشتی دەبێتە ناوچەیەكی ئاڵوگۆڕی بازرگانی فراوان لە هەمانكاتیشدا ئەو بازرگانانەی كاڵای دەرەوە هاوردە دەكەن لە بەندەر عەباسەوە دەیهێننە ناوەوە دەتوانن بەترانزێت بیگەیەننە شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەو پێیە مەرزی پشتە چووە ریزی مەرزەكانی پەروێزخان‌و باشماخ‌و حاجی ئۆمەران وەكو مەرزێكی نێودەوڵەتی، ئەمەش بۆ هەرێمی كوردستان‌و ناوچەی سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و بەمۆ‌و ئەوبەری سیروان لەڕووی ئابووری‌و جموجۆڵی بازرگانییەوە سودێكی زۆری دەبێت.

عەبدوڵڵا حاجی سەعید
* یاریدەدەری سكرتێری گشتی بۆ كاروباری بازرگانی‌و كاسبكاران