چۆن پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستاندا ببوژێنینه‌وه‌ ؟

سه‌رجه‌م وڵاتان به‌گه‌وره‌ و بچوكیانه‌وه‌، به‌ده‌وڵه‌مه‌ندو هه‌ژاریانه‌وه‌، له‌سیستمی حوكمڕانی تاكڕه‌ویدا بێت یان دیموكراسیدا بێت، گه‌ر بیه‌وێت وڵات به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رێت و دۆخی ئابوری و بازرگانی گه‌شه‌پێبدات و ئاستی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیانی به‌رزبكاته‌وه‌ و خۆشگوزه‌رانیان  بۆ دابینبكات،گه‌ر بیه‌وێت دیارده‌ زیانبه‌خش و كوشنده‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا كه‌مبكاته‌وه‌ یان بنه‌بڕیان بكات  له‌ هه‌ژاری و دواكه‌وتویی و بێكاری وڕێژه‌ی تاوان و تێكدانی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی وهه‌ڵاوسان ..هتد. ئه‌وا پێویسته‌ هه‌وڵبدات له‌ پاڵ داهات و بودجه‌ی گشتی وڵاتدا بگه‌ڕێت به‌دوای هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی بیانی بۆ ناو وڵات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ پاڵپشت و ته‌واوكار و هاوكاری حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ نیشتیمانیه‌كان،چونكه‌ له‌دونیای سه‌رده‌مدا هیچ ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانیه‌ك به‌ته‌نها و بێ هاوكاری و یارمه‌تی سه‌رمایه‌ی ده‌ره‌كی و وه‌به‌رهێنان ناتوانێت ڕابگات به‌ دابینكردنی هه‌موو پێداویستیه‌كانی وڵات و هاوڵاتیانیدا و ناتوانێت ته‌واوی سێكته‌ر و بواره‌كانی ژیان و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی وڵات فه‌راهه‌م بكات،هه‌ربۆیه‌ پێویستی به‌یارمه‌تی و كۆمه‌كی ده‌ره‌كی ده‌بێت و ئه‌م كاره‌ش هیچ نه‌نگی و كه‌موكورتی نییه‌و وڵاتانی پێشكه‌وتوو و زلهێزیش په‌نایان بۆ بردوه‌ ،نمونه‌ی وڵاتانیش زۆرن له‌و بواره‌دا هه‌ر له‌ زلهێزه‌كانه‌وه‌ وه‌ك ئه‌مریكاو ڕوسیاو ئه‌ڵمانیاو فه‌ڕه‌نساو به‌ریتانیاو …هتد . تاده‌گاته‌ وڵاته‌ گه‌شه‌سه‌ندوه‌كانی وه‌كو هندستان و چین و وڵاتانی كیشوه‌ری ئه‌مریكای لاتین و ئاسیا و ئه‌فریقیا و ..هتد.

• له‌لایه‌ك وه‌ك پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان و ڕاكێشان و هێنانه‌ناوه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی ده‌ره‌كی له‌ ڕێگه‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ ستراتیژیه‌كانه‌وه‌ كه‌ پێویستیان به‌سه‌رمایه‌ی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌گشت بواره‌كانی كشتوكاڵو پیشه‌سازی و نه‌وت و گه‌شتوگوزاری و نیشته‌جێبوون..هتد. ئه‌وه‌ به‌ كارئاسانیكردن ده‌بێت بۆ خاوه‌ن سه‌رمایه‌ و كۆمپانیاكانله‌ڕێگه‌ی :

1. دابینكردنی كه‌شوهه‌وایه‌كی سیاسی و ئابوری جێگیر له‌وڵاتدا چونكه‌ به‌بێ ئه‌م دۆخه‌ هیچ سه‌رمایه‌ و سه‌رمایه‌دارێك بوێری ئه‌وه‌ نه‌كات كه‌ مه‌ترسی بخاته‌ سه‌ر داهات و سه‌رمایه‌كه‌ی وه‌ك ده‌ڵێن ((سه‌رمایه‌ ترسنۆكه‌))بۆیه‌ پێویسته‌ وڵات و دۆخی سیاسی جێگیر بێت  و دووربێت له‌ شه‌ڕ و جه‌نگ و ململانێكان،ئه‌وه‌تا ده‌بینین هه‌ر وڵاتێك كه‌ شه‌ڕ و جه‌نگ و ناكۆكی ده‌ره‌كی یان ناوخۆیی تیادا بێت سه‌رمایه‌ ڕووی تێناكات و بگره‌ به‌جێشیده‌هێڵێت.

2. هاندان و كارئاسنیكردنه‌ بۆ سه‌رمایه‌دار و كۆمپانیاكان به‌وه‌ی كه‌  یاسا و ڕێسای گونجاو ومۆدێرنیان بۆ ده‌ربكات و  زه‌وی و خزمه‌تگوزاری پڕۆژه‌كانی بۆ دابین بكات ئه‌گه‌ر به‌نرخی ڕه‌مزیش بێت وله‌باجی گومركی و ڕسومات بیانبه‌خشێت و له‌هێنانه‌ ناوه‌وه‌ی ئامێر و كه‌ل و په‌له‌كانیاندا هاوكار و كارئاسانیان بۆ بكات.ده‌كرێت كوردستان سوود له‌ ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جدونیا وه‌ربگرێت له‌و بواره‌دا به‌ گونجاندنیان له‌گه‌ڵ هه‌رلومه‌رجی كوردستاندا.

3. له‌كۆتایی پڕۆژه‌كانیشدا له‌ڕێگه‌ی ڕێكه‌وتن و تێگه‌یشتنی هه‌ردوولاوه‌ ده‌توانرێتكه‌ خاوه‌ندارێتی پڕۆژه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت  دوای ته‌واوبونی ماوه‌ی كه‌ڵك وه‌رگرتنی پڕۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌كه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی ((موساته‌حه‌وه‌)) بێت یان دیاریكردنی چه‌ند ساڵێك له‌داهات و قازانجی پڕۆژه‌كه‌ یان پێدانی ئیمتیازاتی تر.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌كرێت  هانی وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان بدرێت و كار و پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ و ستراتیژی جێبه‌جێبكه‌ن و وڵات و ئابوری وڵاتیش گه‌شه‌ پێبده‌ن.