به‌رزبونه‌وه‌ی نرخ بۆچی ؟

هه‌موان ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانین به‌هۆی ڕیفراندۆمه‌وه‌ گه‌مارۆی ئابوری بۆ ماوه‌یه‌ك خرایه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام ئێستا گه‌مارۆ نه‌ماوه‌ سنوره‌كانی به‌روی وڵاتانی ئێران و توركیا كراوه‌یه‌ له‌سه‌رجه‌م مه‌زره‌كانی باشماخ په‌روێزخان حاجی ئۆمه‌ران جگه‌ له‌ مه‌رزه‌كانی تر له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی ئێران وه‌كو شۆشمێ – سه‌یران به‌ن – شێنێ – تیله‌كۆ – سه‌رته‌ك ئه‌مه‌جگه‌ له‌ ده‌روازه‌ی إبراهیم خلیل له‌گه‌ڵ كۆماری توركیا ڕۆژانه‌ سه‌دان بارهه‌ڵگر كاڵا و خۆراك و پێداویستێ كان ده‌هێنرێنه‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان جگه‌ له‌وه‌ش له‌ ووڵاتانی ده‌ره‌وه‌ كاڵای جۆراوجۆر له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ و ترانزێته‌وه‌ دێته‌ هه‌رێم بازرگانان و هاورده‌كاران هیچ كێشه‌یه‌كیان نیه‌ له‌ بورای هاورده‌كردنی كاڵای بازرگانی.

مه‌به‌ست له‌وه‌یه‌ هه‌موو جۆره‌كانی خۆراك پێداویستێ كانی بازاڕ له‌ كۆگاكان و فرۆشگاكاندا زیاد له‌ پێویست هه‌یه‌، نرخ له‌ شوێنی خۆی به‌رزبه‌رز نه‌بۆته‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌ ئه‌و كاڵا و پێداویستیانه‌ی له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ دێت به‌هۆی دابه‌زینی به‌های تمه‌نه‌وه‌ بازرگانان كاڵاكان به‌نرخی هه‌رزانتر ئه‌كرَن هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ كۆماری توركیاش به‌ هه‌مان جۆره‌ به‌های لیره‌ی توركی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچا و دابه‌زیوه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی كاریگه‌ری له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخی ئه‌و كاڵایانه‌ هه‌یه‌ له‌ ئێران و توركیاوه‌ هاورده‌ ده‌كرێن.

به‌رز بونه‌وه‌ی نرخ به‌بۆنه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز و نزیك بونه‌وه‌ی جه‌ژن كارێكی نادروسته‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ویژدانی بازرگانان و فرۆشیارانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوای چاك كردنی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ و به‌رده‌وامی له‌ پێدانی مووچه‌ی موچه‌خۆران به‌گشتی ژیانوگوزه‌رانی فه‌رمانبه‌ران به‌ره‌ و باشی ئه‌ڕوات بازرگانان و فرۆشیاران ئه‌م هه‌له‌ ئه‌قۆزنه‌وه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بازرگانان شان به‌شانی كارئاسانێ كانی حكومه‌ت ئه‌وانیش هاوكاربن بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕ و بازرگانی سه‌قام گیر بێت ده‌رفه‌ت وه‌رنه‌گرن بۆ گران فرۆشی.

له‌ڕوی ئاینیه‌وه‌ مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز مانگێكی خێر و به‌ره‌كه‌ته‌ ئه‌و مانگه‌یه‌ موسوڵمانان ده‌بێت هه‌ماهه‌نگ بن له‌گه‌ڵ یه‌كتر له‌ڕوی كۆمه‌لایه‌تیه‌وه‌ هه‌میشه‌ بازرگانان و سه‌رمایه‌داران له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ به‌وه‌ ناسراون ده‌ستكراوه‌ و دڵكراوه‌ بوون بۆ هاوكاری كردنی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ته‌كان پێویسته‌ ئه‌م نه‌ریته‌ جوانه‌ له‌بیر نه‌كرێ و په‌یڕه‌و بكرێ كۆی مه‌به‌سته‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌ هیچ كاتێ وه‌ك ئێستا بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پڕ له‌كاڵا و خۆراكی جۆراوجۆر نه‌بووه‌ بۆیه‌ ئه‌بێت لایه‌نی په‌یوه‌ندی داری حكومه‌ت چاودێری بازاڕ بكات ڕێگه‌ نه‌درێ ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ دوای هه‌ل و ده‌رفه‌تدا ده‌گه‌ڕێن بۆ ده‌سكه‌وتی ناڕه‌وای خۆیان گرانی بخه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا چاودێری ته‌ندروستی له‌سه‌ر هه‌موو جۆره‌ خۆراكێك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی  ته‌ندروست بگاته‌ ده‌ستی هاوڵاتیان و چاودێری بازرگانی به‌ ئه‌گابێت له‌وه‌ی خۆراك و كاڵاكان به‌نرخی گونجا و بفرۆشرێ.

ڕاسته‌ ئێستا تا ڕاده‌یه‌ك ده‌ست تێوه‌ردان له‌ بازاڕدا نیه‌ به‌ ئازادی بازاڕ و بازرگانی به‌ڕێوه‌ ئه‌چێت به‌ڵام بازاڕی ئازاد ئه‌وه‌نیه‌ هه‌ر بازرگان و فرۆشیارێك به‌ئاره‌زوی خۆی یاری به‌رنرخ بكات.
 
عه‌بدوڵڵا حاجی سه‌عید
یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتی
بۆ كاروباری بازرگانی و كاسبكاران