كاریگەری گرێبەستی فرۆشتنی ئەلیكترۆنی لە بازرگانی نێودەوڵەتی


چالاكیەكانی بازرگانی ئەلیكترۆنی و ئەو پەیوەندیە یاسایانەی كە لەدەرئەنجامی دروست دەبێت كاریگەری ڕاستەوخۆیان بەسەر یەكتریەوە هەیە بەشێوەیەك هەر كردەوەیەك وچالاكیەكی بازرگانی ئەلیكترۆنی دواجار چوارچێوەیەكی یاسایی دیاركراوی هەیە كە حوكمی بەسەر دا دیاریدەكات و دەسەپێنێت, لێردا گرێبەستی فرۆشتنی ئەلیكترۆنیش كاریگەریەكی زۆری هەیە لەسەر بەرەو پێشبردنی وزیاتركردنی چالاكیەكانی بازرگانی نێودەولەتی ئەمیش دەگەڕێتەوە بۆ ئاسانكاری و خێرایی لەبەستنی گرێبەستی فرۆشتنی ئەلیكترۆنی بەجۆرێك گرێبەستكار دەتوانێت هەر لەشوێنی دیاریكراوی خۆی بە گەڕان لە سایتە ئالیكترۆنیەكان چەندین گرێبەستی هەمەچەشنە ببەستێت لەماوەوكاتێكی كەمدا بۆیە ئەمەش وایكردووە كە زۆربەی كاری بازرگانی لە ئێستادا كە لەلایەن كۆمپانیاكان دەبەسترێت لە ڕێگەی ئەلیكترۆنی بێت كە ئەمەش كاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر كردووە بەهۆی نەمانی هەبوونی بەرەبەستی سنورو هاتووچۆو هەروەها بەرەبەستی كات وڕێكاریەكانی گومرگی نێوان وڵاتە جیاوازەكان ,ئەمە جگە لەوەی بەهۆی زیاتر بوونی گرێبەستی فرۆشتنی ئەلیكترۆنی كاری بازرگانی نێودەوڵەتی لە بواری گواستنەوەی كاڵاو كەلوپەل زیاتر بووە هەروەكوو دەبینین لە ئێستادا چەندین كۆمپانیای جۆراوجۆری گواستنەوەی كاڵا وشتومەك لە هەرێمی كوردستانیش بوونیان هەیە ئەمە جگە لەوەی كە بەهۆی گرێبەستی فرۆشتنی ئەلیكترۆنی شێوازی پارەدانی ئەلیكترۆنیش پێشكەوتنی گەورەی بەخۆی بینیوە بەجۆرێك بەهۆی خێرایی لەبەستنی گرێبەستەكە وپێدانی پارەدانی ئەلیكترۆنی لە ڕێگەی جۆروشێوازی جیاوازەوە كاری بازرگانی خێراتر كردووە.هەموو ئەوگۆراناكاری و كاریگەریانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە كاری گرێبەستی ئەلیكترۆنی چەند تایبەتمەندیەكی هەیە جیای دەكاتەوە كە ئەوانیش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە گرێبەستی ئەلیكترۆنی پێویست بە ئامادەبوونی مادی هەردوو لایەنی گرێبەستكار ناكات بۆ بەستنی گرێبەستەكە بەڵكو گرێبەستەكە دەبەسترێت لە نێوان دووكەس كە ئامادەبونێكی مادیان لە دانیشتنی شوێنی گرێبەستەكە نیە چونكە خستنەڕوو وقبوڵكردنی گرێبەستەكە ئەنجام دەدرێت بە ڕێگەی هۆكارەكانی گەیاندنی ئەلیكتڕۆنی .ئەمە جگە لەوەی كە گرێبەستی فرۆشتن بەشێوەیەكی گشتی پەیوەندی هەیە بەچەندین گرێبەستی تری نێودەوڵەتی كە كاریگەری ڕاستەخۆی هەیە لەسەر بەرەوپێشبردنی بازرگانی نێودەوڵەتی بۆنمونە بە فرۆشتنی زیاتری كاڵاوشتومەك كە بەڕێگەی ئەلیكترۆنی ئەنجام دەدرێت دەبێتە هۆی زیاتر هاوردەكردن وناردنەدەرەوەی ئەو موادوكەرەستەو پێداویستیانەی كە وڵاتی بەرهەمهێنەر پێویستیان پێدەبێت بۆ بەرهەمهینانی كاڵاو بەرهەمەكە هەروەها بەزیاتر بوونی گرێبەستی فرۆشتن ئاڵوگۆركردن و حوالەكردنی دراویش لەو وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جولەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت ئەمە جگە لەوەی كە بە خێراتربوونی كاری فرۆشتنی كاڵاكە كاریگەریەكی زۆری لە بازرگانی ناوخۆیش دەهێنێتە ئاراوە كە ئەمەش ڕەنگ دەداتەوە لە بەكارخستنی بەشێكی زۆری كرێكارو دەستی كاری ناوخۆیی وكەم كردنەوەی ڕێژەی بێكاری و كە ئەمەش كاریگەری ڕاستەخۆی هەیە لە بەرەوپێشبردنی ئابووری وڵات وزیاتر بوونی كاری كۆمپانیاكانی تایبەت بە ڕێكلام وگواستنەوە و فراوانكردنی بواری گرێبەستەكانیان,لێرەدا بەهۆی ئەم خاڵانەی كە باسمان كرد دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە گرێبەستی فرۆشتنی ئەلیكترۆنی كاریگەریەكەی ڕاستەوخۆی هەیە لە بەرەوپێشبردن وخێراتركردنی چالاكی زیاتری بازرگانی نێودەوڵەتی.

یونس عثمان علی 
مامۆستا لە زانكۆی لوبنانی فەرەنسی