لەسەروبەندی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا ڕۆژ بەڕۆژ هێرشی بێ سنوری میدیایی جەنگی هەڵبژاردنەكان بە ئاقاری توند و گەرمدا دەبەن كە زۆرجار میدیایەك دەبێتە هێرشبەر و ئەوی دی دەبێتە داكۆكیكار، لەڕووی میدیاییەوە هەر پارتە و فایل و لاپەڕەكانی ئەوی دی هەڵدەداتەوە و زۆر بە ئاسانی ئەم كارانە بەشەرعی دادەنێن، لێرەدا پێویستمان بەهەڵوەستەیەكی جدی هەیە كە ئەگەر بێت و سنورێك بۆ شێوازی بانگەشەكان دانەنرێت، بێگومان لە هەفتەی گەرمی بانگەشەدا پرسی كۆمەڵایەتی دەچێتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە، وەك ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی پێشودا بینیمان كە لەڕێگەی تۆڕەكۆمەڵایەتیەكانەوە ناوزڕاندن و تەنانەت كار كەوتە تێكدانی وێنەی كاندیدەكان و بڵاوبونەوەیان،كە بێگومان كەم تازۆر توانیویەتی كاریگەری لەسەر جەماوەر دروست بكات.
ئەگەرچی میدیای فەرمی نەچۆتە ژێر باری ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە بە شێوازێكی ڕاستەوخۆ،بەڵام تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و پەیجەكان درێغیان نەكردووە.
گەر وردتر بڕوانین دەبینین زۆرترین قوربانیەكانی هەڵبژاردن كاندیدە ژنەكانن، كە بە بڕوای بەندە ژنێك ئەگەر زۆر ئازانەبێت خۆی لەقەرەی كاندید بونی نادات، چونكە زۆر باش دەزانێت كە ڕووبەڕوی لەكەداركردنی شەخسی و كۆمەڵایەتی و سیاسی دەبێتەوە.
هەر پڕوپاگەندەیەكی ناتەندروست زۆر بەئاسانی گوێ وچاوو مێشك و سەرجەم هەستەكان باوەڕی پێدەكەن،بێگومان ئەمەش لە بون و گەشەكردنی تەكنەلۆجیادا كارەكەی زۆر قورستر كردووە تاوەكو وەرگر باوەڕی پێنەكات.
گرفتە سەرەكیەكەی پڕوپاگەندە ناتەندروستەكان لەوەدایە وەك چۆن بەئاسانی باوەڕی پێدەكرێت، بەڵام بەدرۆخستنەوەی ئەركێكی زۆر قورسە و ڕەنگە تا كاردەگاتە ڕاستكردنەوە قوربانیەكە باجی قورس بدات دور نییە ئەو باجەش ژیانی تاكەكە خۆی بێت.
كەواتە لەبەرامبەر هێرشە ناڕەواكان پێویستمان بە لەشکرێکی تەكنەلۆجی زانی گەورەیە تا كار لەسەر ڕوبەڕوبونەوەی ئەو پڕوپاگەندانە بكات،هەروەها پێویستمان بە هۆشیاركردنەوەی تاك بەتاكی كۆمەڵگەیە و ڕایان بهێنین لەسەر ئەگەری دروست بونی مەترسی كۆمەڵایەتی گەورە و پێویست دەكات زۆر بەوردی كار لەسەر مەترسیەكان بكەین.
بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی ئەركێكە پێویست دەكات هەموومان لەخەمیدابین، چونكە لەوانەیە هەریەكێكمان لە خۆی و هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی لە پرۆسەیەكی هاوشێوەدا دووچاری ببین.
ئامانجی ئەم باسەم تەنها ئەوە نییە كە ئەم مەترسیە دروست ببێت بەڵكو ماكەكانی ئەو مەترسیە هاونیشتمانی و تاكەكانی ئەم كۆمەڵگەیە بە چ ئاقارێكی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا دەبەن لەداهاتوو،چونكە لای هەموان ئاشكرایە بۆ ڕاستكردنەوەی پڕوپاگەندە ناتەندروستەكان، پێویستمان بە توانای زۆری مرۆیی و تەنانەت ماددیش دەبێت،جگە لەوەی كە هەستی قوربانیەكە هیچ شتێك نییە قەرەبوی بكاتەوە،ئەمەش خۆی ڕادەكێشێت بۆ دروست بونی كێشەی جۆراوجۆر و كارەكە دەبێتە ئەوەی وەك دەڵێن تیر لەكەوان دەرچوو.
كەواتە لەپێناو ڕێگری كردن لە دروستبونی مەترسیەكە پێویستە هەر تاكێك لەڕێگەی پەیج و ئەكاونتەكانەوە ڕێگری بكەن لە بڵاوبونەوەی هەر پڕوپاگەندەیەك، كە دێتە بەردەستیان لە واڵە تایبەتەكانیان، جگە لەمەش كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان زۆر جدیانەتر بێتە سەر خەت لەدۆزینەوە و سزادانی سەرپێچی كاران.