برسێتی ڕێژەییە، ئەگەر کوردی باشور ئێستا بەراورد بکرێت بەخەڵکی ئەو وڵاتانەی ئەفریقا کە لەژێر وشکە ساڵیو شەڕە جۆربەجۆرەکاندا دەناڵێننو وڵاتەکانیان زەویی بەپیتو سامانی سەرزەویو ژێرزەوییان کەمە یان لەلایەن توێژێکی بچوکی دەسەڵاتدارەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوا بێگومان جەستەی ئێمە وەک هی ئەوان لەبرسێتیدا وا لاواز نەبوە ببێتە پێست بەسەر ئێسقانەوە وەک لەوێنەی برسیەکانی ئەو وڵاتانە دەیبینین.
دەبێت ئێمە سوپاسی خاکو ئاوو هەوای وڵاتەکەمان بکەین بۆ خۆراکی هەرزانی بەرهەمەکانی وەک پاقلەو نۆکو پەتاتەو نانو سەوزەو شیرەمەنیەکانو گۆشتو هێلکەی مریشکی کێڵگە پەلەوەریەکان، هەروەها دەبێت سوپاسی خۆراکی هەرزانی ئێرانو ناوەڕاستو باشوری عێراق بکەین.
جگە لەوانە گیانی یارمەتیو هاوسۆزیو بەزەیی ناو کۆمەڵی کوردی لەشێوەی ڕێکخراوو ناڕێکخراو لەم دو ساڵەی دواییدا گەشەسەندنێکی دیاری بەخۆوە دیوە، پشتگیریی کوردانی ئەوروپاو… بۆ کەسوکاریان سەریهەڵداوەتەوە ئاواهی هەزاران کەس بەپێی توانایان کۆمەکی سەدان هەزار کەسی نەدارو برسیی خەڵکی ئەم هەرێمە دەکەن، هەمو ئەمانەیە کە نەیانهێشتوە وەک برسیەکانی ئەفریقامان لێبێت نەک دادپەروەریو سۆزو بەزەیی دەسەڵاتە گەندەڵو بێویژدانو نەزانەکەی پارتیو یەکێتی.
تاکێک لەڕۆژێکدا دەتوانێ بەنزیکەی سێ هەزار دینار سکی خۆی تێر بکات لەخۆراکە پێویستەکانی ژیان.بەڵام خەرجیەکانی تری ژیان وەک کرێی خانو، ئاوو کارەبا، پارە بۆ پێویستیە جۆراوجۆرەکانی منداڵ، پارەی دکتۆرو دەرمانو چارەسەری نەخۆشیە کوتوپڕەکان لەئێستادا کە کەرتی تایبەت خەریکە بەتەواوی کەرتی حکومەت قوتدەدات، پارەی پۆشاکو پێڵاو، باجی جۆراوجۆرو خەرجیی فەرمانگەکانی حکومەت ئەوەندە زۆر کراوە کە بوە بەسەرانەیەکی ستەمگەرانە، هەمو ئەمانە تێچوی ژیانی خەڵکیان بۆ سەد ئەوەندەی تێچوی خۆراک زیادتر کردوە.
پێویستیە ئینسانیەکانی تر وەک مۆبایلو کۆمپیوتەرو تەلەفیزۆن، پێویستیو حەزی گەشتو گوزار لەناوەوەی یا دەرەوەی وڵات، حەزی بەخشینی دیاری بەکەسە نزیکەکانت، ئەمانەو دەیان حەزو خولیاو پێویستیی تر وەک چون بۆ ئاهەنگو شانۆ، کڕینی کتێب، بەدیهێنانی حەزە هونەریو ڕۆشنبیریو وەرزشیەکان، ئەمانە هەموی لەم دو ساڵەی بێموچەییدا زۆرینەی مرۆڤی کورد لێی مەحروم کراوە. خەڵکانێکی زۆر قەرزارن یا پاشەکەوتی دەیانساڵی ڕابوردویان خەرجکردوە یا ناچارکراون دوسێ ئیش بکەن، یا ئەوەی هەیان بوە فرۆشتویانەوەو ملی ڕێگای هەندەرانیان گرتوە، هەمو ئەمانە کە لەسەدا هەشتای خەڵکی هەرێم پێکدێنن با سکیشیان تێربێو کەمخۆراکو بەدخۆراک نەبنو کەمیی ڤیتامینیان