دوای كۆنترۆڵكردنی كێڵگە نەوتییەكانی بای حەسەن و ئاڤانا لەلایەن حكومەتی عێراق لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هەرێمی كوردستان نیوەی توانای هەناردەكردنی نەوتی خۆی لەدەستدا. لە نزیكەی 600 هەزار بەرمیلەوە دابەزی بۆ نزیكەی 300 هەزار بەرمیل. ئەم لەدەستدانە گەورەیە، كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستانی رووبەڕووی مەترسیی گەورە كردووەتەوە و زیانی گەورەی لە ناوبانگی هەرێمی كوردستان وەك دابینكارێكی نەوتی خاو لە جیهاندا داوە.
كڕیارانی نەوتی هەرێمی كوردستان پێویستیان بەوەیە كە ئەو بڕە نەوتەی مانگانە لە هەرێمی كوردستان وەریدەگرن، جێگیر بێت بۆ ئەوەی بەپێی سیاسەتی بەبازاڕكردنی خۆیان دابەشی بكەن بەسەر ئەو پاڵاوگانەی گرێبەستیان لەگەڵیان هەیە. بۆ نموونە ئەگەر پاڵاوگەیەك لە ئەوروپا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتی لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، لەناكاو دەبینێت ئەو بڕەی كە جاران وەریگرتووە، هەرێمی كوردستان لەوە بەدواوە ناتوانێت دابینی بكات، ئەمە شۆكێكی گەورە بۆ پاڵاوگەكە دروستدەكات.
ئاشكرایە دوای لەدەستدانی نیوەی هەناردەكاری نەوت، داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش نیوە بووە. بەو داهاتە نیوەیەش، دوای دەركردنی خەرجیی خزمەتگوزاییە نەوتییەكان و حەقدەستی كۆمپانیاكان، ناتوانێت مووچە بە پاشەكەوتكراویش بدات، لەبەر ئەوەیە كە پێویستی بە سەرچاوەی دیكەی داهاتە.
لەلایەكی دیكەوە شێوازی بەبازاڕكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، شێوازی وەرگرتنی پارەی پێشەكییە لەبری ئەو نەوتەی كە لە داهاتوودا دەیداتە كڕیاران، واتا مانگانە كڕیارانی نەوتی هەرێمی كوردستان پارەی پێشەكی دەدەنە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر بایی ئەو پارەیە نەوتیان رادەست دەكرێت. هۆكاری ئەم شێوازە لە فرۆشتنی نەوتیش بۆ داڕمانە گەورەكەی نرخی نەوت لە دوای ناوەڕاستی ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە لە شوباتی 2016دا نرخی نەوتی برێنت دابەزی بۆ 26 دۆلار و نرخی نەوتی هەرێمی كوردستانیش لەو كاتەدا 17 دۆلار بوو. لەبەر ئەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، پارەیەكی زیاتری لە كڕیاران وەردەگرت وەك ئەوەی كە لەو كۆمپانیایانە قەرز بكات، بە هیوای ئەوەی كە بە نەوت دواتر ئەو پارانە تەسفیە بكاتەوە.
لەدەستدانی نیوەی هەناردەكاری نەوت لێرەدا زیانی گەورەی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوە كە چیدی ئەو نەوتەی نەماوە قەرزەكانی پێشووتری پێ تەسفیە بكات.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەریەكە لە كڕیارانی، وەك كۆمپانیای روسنەفت، ترافیگۆرا، پێتراكۆ و گلێنكۆر، پارەی پێشەكی وەرگرتووە. لە سەرووی هەمووشیانەوە، كۆمپانیای روسنەفت كە لە چوارچێوەی چەندین گرێبەستی گرنگ لە بواری كڕینی نەوت و پەرەپێدانی ژێرخانی نەوت و گازی هەرێمی كوردستاندا، تێكڕا چەند ملیار دۆلارێكی داوە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لە مانگی شوبات و ئەیلول و تشرینی یەكەمی 2017، كۆمپانیای روسنەفت 1.2 تا 1.5 ملیار دۆلاری وەك پارەی پێشەكیی كڕینی نەوت داوە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان. كۆمپانیای روسنەفت هەروەها لەبری كڕینی 60%ی پشكی بۆڕیی نەوتی كوردستان-جەیهان و بەرزكردنەوەی توانای ئەو بۆڕییە لە رۆژانە 700 هەزار بەرمیلەوە بۆ رۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل، بڕی 1.8 ملیار دۆلار دەداتە حكومەتی هەرێمی كوردستان. هەروەها لە پێناو دامەزراندنی بۆڕی گازی سروشتی بە توانای گواستنەوەی ساڵانە 30 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی، بڕی یەك ملیار دۆلاری دیكە دابین دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە و لە كاتی هەناردەكردنی گازی سروشتی لە داهاتوودا، تێچووی گواستنەوەكە وەردەگرێت.