سلێمانی له‌وه‌ هیلاكتر مه‌كه‌ن!


به ‌ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرا له‌ ڕابردوو، سلێمانی یه‌كێكه‌ له‌و شارانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ به‌ جموجۆڵی سیاسی و ڕۆشنبیری ناوبانگی ده‌ر‌كردووه‌، ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ زۆرجار كێشه‌ و گرفتی بۆ دانیشتووانه‌كه‌ی درووست كردووه ‌و زۆرجایش شاره‌كه‌ بووه‌ته‌ قوربانی و باجی گه‌وره‌ی داوه‌، سرووشتی سلێمانی وه‌هایه‌ كه‌ جێگه‌ی هه‌موو ده‌نگ و ڕه‌نگێكی تێدا ده‌بێته‌وه ‌و ئه‌و پانتاییه‌ فراوانه‌ له ‌ئازادیی كه‌ له‌م شاره‌دا ده‌سته‌به‌ر بووه‌، بووه‌ته‌ خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ له‌ پێدانی مۆركێكی تایبه‌ت كه‌ هه‌میشه‌ زوڵملێكراوان په‌نای بۆ ده‌به‌ن.
لێره‌وه‌ ده‌چینه‌ ناو باسه‌كه‌وه‌، باسێك كه‌ ده‌هێنێت هه‌ڵوێسته‌یه‌كی وردی له‌سه‌ر بكرێت كه‌ ئاخۆ بۆچی هه‌موو جموجۆڵه‌ سیاسییه‌كان له‌م شاره‌دا قه‌تیس بووه ‌و باز نادات بۆ ناوچه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان، له ‌كاتێكدا ڕه‌نگه‌ سلێمانی له‌ ڕووی جوگرافییه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌کانی دیكه‌ دابڕاوتر بێت، ئه‌گه‌ر به ‌پێی پێدراوه‌ سیاسییه‌كان له‌م پرسه‌ بڕوانین ده‌بوو به‌شێكی زۆری ئه‌و جموجۆڵه‌ سیاسییه‌ له‌ پایته‌خته‌وه‌ بوایه‌، چونكه‌ بنه‌مای زۆربه‌ی گۆڕانكارییه‌كان له‌ وڵاتانی جیهاندا له‌ پایته‌خته‌كانه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌ ناوه‌ندی بڕیاردان و ده‌سه‌ڵات له‌وێوه‌ جڵەو دەکرێت‌.
بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مساڵ، ساڵانی ڕابردووش، هیچ شارێك هێنده‌ی سلێمانی، جموجۆڵی سیاسی به ‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ سیمایه‌كی جوانی دیموكراسی و ئازادییه‌ كه‌ ئه‌م شاره‌ بۆ ساتێكیش ده‌ستبه‌رداری نه‌بووه ‌و نابێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌شه‌ له‌ بێهیوانه‌بوونی ئه‌م شاره‌‌ له‌ گۆڕانكاری و باشتركردنی دۆخه‌ گشتییه‌كه‌، به‌ڵام گرفته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ قه‌تیسبوونی ئه‌م جموجۆڵه‌ سیاسییه‌ به‌ته‌نیا له‌ سلێمانيدا نه‌ك ڕه‌وتی گۆڕانكارییه‌كان ناباته‌ پێشه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌رفه‌تی به‌دیهێنانیشیان تادێت لاوازتر ده‌بێت، ئه‌زموونی تاقیكراوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ڕاستییه‌یه‌‌.
به‌رده‌وامبوونی ئه‌م جموجۆڵه‌ سیاسییه‌ به‌رفراوانانه‌ كه‌ شارى پڕ كردووه‌ له‌ حزب و بزاوتی سیاسی، خۆقه‌تیسكردن و په‌یوه‌ستبوونی سه‌ركرده‌ و كه‌سه‌ یه‌كه‌مه‌كانی ئه‌م پارتانه‌ به‌ سلێمانییه‌وه‌ وه‌كو گۆڕه‌پانێكی سه‌ره‌كی بۆ ململانێی سیاسییان مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ ئایینده‌دا كاریگه‌ریی نه‌رێنیی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی سلێمانی و ئه‌و ئامانجانه‌ درووست بكات كه‌ ئه‌م هێزه‌ سیاسییانه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.
سه‌رفكردنی توانا و ئیمكانییه‌تی ئه‌م هێزه‌ سیاسییانه‌ له‌ سلێمانیدا و خاڵی كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ سیاسییه‌كانیان له‌ناو ئه‌م شاره‌دا به‌بێ تێپه‌ڕاندنی بۆ شار و ناوچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و درووشمانه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هێزانه‌ ڕۆژانه‌ له‌سه‌ر حسابی سلێمانی له‌م په‌ڕه‌وه‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی شاریان به‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ ته‌نیوه‌ .
ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزانه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڵێن و درووشمه‌كانیان ڕاستگۆن و به‌نیازی گۆڕانكارین ده‌بێت ئه‌و سنوور و بازنه‌یه‌ تێپه‌ڕێنن كه‌ بۆ خۆیان دیاری كردووه‌، هاتوهاوار له‌سه‌ر گۆڕانكاری و چاكسازی له‌ناو ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ی كه‌ بۆ خۆیان كێشاوه‌، جگه‌ له‌ هیكلاتركردنی خه‌ڵكی سلێمانی و چه‌واشه‌كردنی ڕای گشتی هیچ شتێكی دیكه‌ نییه‌. حه‌قی خۆشیه‌تی به ‌دیوێكی گوماناوییش له‌و هێزانه‌ بپرسین كه‌ بۆچی هه‌ر سلێمانی؟!