هەرچەندە پارێزگاریکرن لە ژینگە ئەرکی تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بەڵام ژنان لە پاراستنی ژینگەدا توانیویانە ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت و لەناو ڕێکخراوە ژینگەییەکان سەرەڕای کەمی بەشدارییان، کاریگەری گەورە لە ژینگەدا بەجێ بهێڵن.
لە دنیای سەردەمدا ڕێکخراوەکان دەتوانن ڕۆڵی گرنگ و بایەخدار ببینن لەبەرەو پێشچونی کۆمەڵگا و پاراستنیی ژینگەدا، لە کوردستان چەندین ڕێکخراوی تایبەت بە ژینگە پارێزی هەیە و لە ژنان ڕۆڵی کاریگەر و گەورەیان هەیە.
نازەنین عوسمان، ژینگە پارێز، بە ژنۆرناڵی وت: پێم وابێ پاراستنی ژینگە و سەوزکردنی تەنیا ئەرکی دەسەڵات و دەوڵەت و ئەو لایەنانە نیە سەروەت و سامانی وڵاتیان بەدەستەوەیە، ئەوە راستە له پلهی یهکهم لهدهستی ئهو هێزو لایهنانه دایه که سامانو بوودجهی وڵاتیان بهدهستهوهیه، بەڵام هەر تاکێکی کۆمەڵگەش دەتوانێ لەم ئەرکە گرنگەدا هاوکار و بەشدار بێت، چی ژن چی پیاو، هەموومان بۆ خۆمان و منداڵ و ئازیزەکانمان ئارەزووی ژینگەیەکی جوان و خاوێن و تەندروستمان دەکەین.
ژنان وەک سەرجەم تویژەکانی تر هەوڵیان داوە بۆ سەوزکردن و پاک ڕاگرتنی ژینگەکەیان، وەک نازەنین دەڵێت ژنان بە بەشداری کردن لە هەڵمەتەکانی چاندن و سەوزکردنی شەقام و باخچە و شوێنە گشتییەکان و بەشداری کردن لە هەڵمەتەکانی پاککردنەوە دا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.
ڕیسایکڵین بووە بە دیاردە لای خانمان و لەم ساڵانەی دوایدا زیاتر گرنگی بە پاراستنی ژینگە دەدەن و توانیویانە ئەو پاشەڕۆ و کەلوپەلانە بەکاربهیننەوە کە رۆژانە فڕێی دەدەن و هەوڵیان داوە کەمترین پاشەڕۆ فڕێ بدەن، بەڵکو توانیویانە هەندێک لەو کەلوپەلانەی دروستی دەکەن لە پیشەنگاکاندا یاخود لە ڕیگەی بەبازاڕکردن بەشێک لەو کەلوپەلانە بفرۆشن و سودیکی ماددیان دەست بکەویت، بەمەش هەم کارێکە بۆ پاراستنی ژینگە بەوەی کە کەمترین پاشماوە فڕێ بدەن و لەلایەکیش بڕیک پارە بەدەست بینن.
ئەو ژینگە پارێزە دەشڵێت: پاراستنی ژینگە ئەرکی هەمووانە، کەسانی دڵسۆزو ژینگە دۆست و کەسانی کەمتەرخەمیش هەیە، بەڵام بەشیوەیەکی گشتی خانمان زیاتر هەوڵی پاراستن و پاکوخاوینی ژینگە و دەدەن.
شادییە کەریم، ئەندامی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، بۆ ژنۆرناڵ وتی: بەگشتی ڕێژەی بەشداری کردنی ژنان لەکارو چالاکی ڕێکخراوەی کەمە، لە ڕێکخراوە ژینگەیەکانیش کە تاڕادەیەک لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئەزموونی نوێن و ڕێژەی ژنانیش بە بەراورد بە پیاوان کەمترن، بەڵام ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە یەکێکە لەڕێخراوە دیار و چالاکەکانی بواری ژینگە %70 ژنن، هەرچەندە ڕێژەمان لە پیاوان کەمترە لە ڕێکخراوەکانی دیکەشدا، بەڵام ژنان بەڕێژەی کەمیشیان کاریگەری گەورەیان هەیە، ئەمە خاڵێکی گرنگە چونکە کاریگەری هۆشیاری ژینگەی پێش هەمووشت لە خیزانەکەیەوە ڕەنگ دەداتەوە منداڵەکانی نەوەیەکی ژینگە دۆست دەبن.
شادیە، ئاماژەی بەوەشکرد: جگە لەوەی ژن ڕۆڵی گەورە دەبیین لە پاراستنی ژینگە و جونکە هەر ژنە ژینگەی ناو ماڵ گونجاو دەکات، هەروەها ژنیش بەشدار دەبێت لە پیسبوون و تێکچونی ڕەگەزە سەرەکیەکانی ژینگە وەک بەفیڕۆدانی ئاو بەکارهێنانی بڕی زۆر لەمادە پاکەرەوە کیمیاییەکان و تێکەڵ بوونیان بەئاو خاک و چەندان کاری ڕۆژانەییتر کە هەر لە ماڵەکەی خۆیەوە کاریگەری لەسەر ژینگە دەبێت بە باش و خراپ، بۆیە زۆر گرنگە ژنان هۆشیاری ژینگەیان هەبێت و بەشداریش بن لە هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگا کە دەتوانرێت لەڕێی بەشدار و ڕۆڵیان لە ڕێکخراوە ژینگەیەکان ئەمەفەراهەم بکەن