ئەرێ‌ یونسكۆ چییە؟


چەرچڵ وتوویەتی دیموكراسیەت نموونەیی نییە بەڵام باشترین هەبووە. زۆر جار  كۆمەڵەكان بە هەڵە كەسێك یان كوتلەیەكی نەگونجاو هەڵدەبژێرن. هەندێ‌ جاریش سیستمە پەرلەمانیەكان ملكەچی دیكتاتۆریەتی زۆرینە دەبن و دەوڵەتەكانیان دەخەنە ماكی خراپی دوورمەوداوە. هەندێ‌ جاریش ئەو كەسەی كە شایستەترە ناگاتە هیچ پێگە و پایەیەك، ئەمەیش بە هۆی نەزانیی زۆرینەی دەنگدەرەوە یان دەمارگیریی و یاخود حساباتی پووچ و تەسكبینیەوە.

ئەمە لە هەموو جیهاندا هەیە و روودەدات، نەك تەنیا لەو وڵاتانەدا كە كەمتر پێشكەوتوون یان كەمتر چوونەتە دیموكراسیەوە. گەلان زۆرجار هەست بە پەشیمانی دەكەن، بەڵام دوای چی؟. یەكێك لە خراپترین نامۆیی و سەیروسەمەرەكانی پیادەكردنی دیموكراسی ئەوەیە تاقە سەرۆكێك لە مێژووی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا دەنگی پێنەدرابێت، جێراڵد فۆرد بووە. فۆرد بە دامەزراندن بووە جێگری ریتچارد نیكسۆن، دوای ئەوەی سپیرۆ ئەگنیۆ-ی جێگری سەرۆك بە تۆمەتی گزی و فڕوفێل دەستی لەكاركێشایەوە. كاتێك نیكسۆن-یش ناچار بوو دەستبكێشێتەوە ئیتر بە ئۆتۆماتیكی فۆرد بووە سەرۆك، بەڵام كاتێك ماوەی سەرۆكایەتیەكەی كۆتاییهات، لەبەرامبەر جێمی كارتەر-دا كەوتە شەڕەوە و دۆڕاندی. 

ئاخۆ ئەگەر سەربكەوتایە چی دەبوو؟ خوا دەیزانێت. بەڵام بە درێژایی مێژووی سیاسیی خۆی، پێش سەرۆكایەتی و دوای سەرۆكایەتیەكەیشی، جێڕاڵد فۆرد هەر سادە و ساكار و خاوەنی ئەخلاقیات و ژیانی خێزانیی بووە. لە سەرووی هەموو ئەمانەیشەوە كەسێكی خاكی و پاك بووە و هیچ لەكەیەك یان ناشیرینی و خراپەیەك بە ژیانییەوە نەبوو. لە كتێبێكی تازەدا بە ناونیشانی (كتێبی نهێنییەكانی سەرۆكەكان) دەیڤید برایس نووسەری كتێبەكە دەگێڕێتەوە: ئەو راوێژكارانەی كە لەگەڵ نیكسۆن و فۆرد-دا كاریان كردووە دەڵێن جێڕاڵد فۆرد كەسێتیەكی باش و هۆگر بووە و بەردەوام بەخەمی پاراستنی رێزی خۆیەوە بووە. گرنگترین خەسڵەتێكیشی ئەوەبووە كە دانیناوە بە نەزان-یی خۆی و كەم شارەزایی لە كاروبارە نێودەوڵەتییەكاندا. تەنانەت هیچ شەرمی نەكردووە كە جارێكیان لە برێنت سكرۆكرۆفت-ی راوێژكاری پرسیوە “ئەرێ‌ ئەم یونسكۆیە چییە كە باسی دەكەیت؟”.

سكرۆكرۆفت-یش وەڵامی داوەتەوە كە یونسكۆ رێكخراوێكی نێودەوڵەتیی پەیوەست بە فێركردن و كەلتورە لە نەتەوە یەكگرتووەكاندا. ئیتر فۆرد سوپاسی كردووە بۆ ئەو زانیارییە بەسوودە و چوونەتە سەر باسكردنی مەسەلەكانی تر. لە ماوەی یەكەم ساڵی سەرۆكایەتیەكەیدا، وەك خوێندكارێكی زۆر كۆششكەر، خۆی سەرقاڵكرد بە خوێندنی كاروباری نێودەوڵەتییەوە. بەڵام جێمس چلسنگەر وەزیری بەرگرییەكەی هەر وەك ئەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكرد كە كەسێكی كەمزانە. رۆژێكیان بانگی دەكات بۆ نووسینگەی كۆشكی سپی و پێی دەڵێت “بۆ هەردووكمان واباشترە لەم ئیدارەیەدا بە دوای شوێنێكی دیكەدا بگەڕێین”. وەزیریش بۆ ماوەی سەعاتێك هەوڵی لەگەڵداوە بۆ ئەوەی كە قەناعەتی پێبكات تا لە پۆستی وەزارەتی بەرگریدا بمێنێتەوە، ئیتر سەرۆك پێی وتووە “كەواتە، نە بەرگریی و نەهیچ پۆستێكی تریش”.    

ئەو تاقە سەرۆكێكی هەڵنەبژێردراو بوو. بێ‌ باوان بوو و خێزانی فۆرد گرتیانەخۆیان، هەر بۆیە خەمی خێزانی بوو و خوێندنیش گرنگترین مەبەستەكانی بووە. خەڵكێكی زۆری ئەمریكا هەست بە گرێی گوناهـ دەكەن چونكە دەنگیان نەداوەتێ‌.