بەبۆنەی تێپەڕبوونی نیوسەدە لەكاری بەپیشەیی كردنی ڕەوتی بازرگانیو پیشەسازی لەشاری سلێمانییدا.
پێمخۆشە سوپاسو دەستخۆشی لەڕچەشكێنانو دامەزرێنەرانی ئەم ژوورە بكەم. كە توانیان بەردی بناغەی ئەم ڕێكخراوە دابنێنو شاری سلێمانیش شان بەشانی شارەكانی تری عێراق بكەنە خاوەنی ئەم سیما هاوچەرخە لەكاری ڕێكخراوەییدا، ئەم ژوورە 11 دەستەی هەڵبژێردراو لەپەنجا ساڵی ڕابردوودا ماندوونەناسانە شەمەندی كارو خزمەتیان گەیاندە دەستی ئێمە، ئێمەش وەك خولی 11 هەڵبژێردراوی ژوور ئەو شەرەفەمان پێبڕا كە درێژەپێدەری ئەو ئەركە مەزنە بین بۆ خزمەتكردن بەڕەوتی بازرگانیو پیشەسازی لەشارەكەماندا، هیواداریشم توانیبێتمان لەئاستی ئەو بەرپرسیارێتییەدا بینو توانیبێتمان مشتێك بخەینە سەر خەرواری كارو خزمەتی هاوكارانی پێشینمان، پێمخۆشە لەیادی داگیرسانی مۆمی پەنجا ساڵەی تەمەنی ئەم ژوورەدا ئاماژە بە بەشێک لەو كارو چالاكیانە بدەم كە بەهەوڵو تێكۆشانی هاوكارانم لەم چەندساڵەی كارمان بەرجەستەمان كردووە لەوانە:
1. دامەزراندنی یەكێتی ژوورەكانی بازرگانیو پیشەسازی هەرێمی كوردستان، بەهەوڵو كۆششی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێم توانیمان ئەم یەكێتییە لەهەرێمی كوردستان دابمەزرێنینو شێوە سەربەخۆییەك لەكارەكانمان وەدیبهێنین كە پێشتر بۆ هەموو پرسێكی ئابووریو بازرگانیو پیشەسازیو تەنانەت كارگێڕیش دەبوو بگەڕاینایەوە بۆ یەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی عێراق.
2. بەئەندام بونمان لەیەكێتی ژوورە بازرگانییەكانی جیهاندا، كە ئەمەش گرنگییەكی گەورەی هەیە لەسەر ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. بەتایبەتیش لەدنیای ئەمڕۆی جیهانگیرییدا.
3. دروستكردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا بەتایبەتیش ئەوروپاو ڕوسیاو ئەمریكاو وڵاتانی دراوسێو كەنداو، لەڕێگەی واژۆكردنی پڕۆتۆكۆلی هاوبەشو بەشداری كردنمان لەچەندین كۆنفرانسو كۆبوونەوەو كۆڕبەندو ناردنی شاندی بازرگانی بەشێوەی ڕێكخراو بۆ ڕوداوە ئابووریو بازرگانیو پیشەسازییەكانو بەپێچەوانەشەوە پێشوازیكردن لەباڵوێزو كونسوڵو نوێنەرانی پاشكۆ بازرگانییەكانو ژوورە بازرگانییەكانی جیهانو شاندە بازرگانییەكان، بەڕێوەبردنی كۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵیانداو ڕێكکەوتن لەسەر كاری هاوبەشو هاوكاری كردنی یەكتر.
4. كاركردنی بەردەواممان بۆ چارەسەری گرفتو كێشە هەنوكەییەكانی بەردەم ڕەوتی بازرگانیو پیشەسازیو كێشەكانی دەروازە نێودەوڵەتییەكان، هەوڵدانمان بۆ بەئەندامبونمان لەو لیژنانەی لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانو پارێزگاكان پێكدەهێندرێن بۆ چارەسەری كێشەو گرفتە بازرگانیو پیشەسازییەكان. لەم كارەشماندا ڕۆڵی بەرچاومان گێڕاوە.