بە حوكمی كۆمەڵێك هۆكار، زۆرێكمان، دوای راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی شەشی ئامادەیی، رووبەڕووی پرسیارێكی ئاسان لە هەمان كاتیشدا زۆر قورس دەبینەوە، ئەویش چ كۆلیجێك یان بەشێك باشە مناڵەكەم تێیدا درێژە بە خوێندنەكەی بدات.
پەرەسەندنی شێوازی ژیان
كورتەی تویژینەوەیەكم بەرچاوكەوت كە لەلایەن (سەنتەری پەروەردەو بازاڕی كار) سەر بە زانكۆی (جۆرج تاون)ی ئەمێركییەوە، بە ناونیشانی (رێگەكان بۆ بازاڕی كار … پێنج رێگەی پەیوەندیی نێوان كۆلیجو وەزیفەیە) بڵاوكراوەتەوە، كە یارمەتیدانی خوێندكارانو خێزانەكانیانو خاوەنكاران بە زەرور دەزانێت، كە قۆناغی دوای ئامادەیی (زانكۆ)یان بۆ بخرێتەڕوو و بەهای ئەو قۆناغە لەبازاڕی كار روون بكریتەوە.
توێژینەوەكە نیشانی دەدات، لەگەڵ ئەوەی دەرچووانی ئامادەی دڵخۆشن بەوەی پەیوەندییان بە زانكۆكانەوە كردووە، هەندێكیان پەشیمانییان پێوە دیارە، زیاتر لە نێوەشیان ئارەزووی گۆڕینی پسپۆڕی یان كۆلیجەكەیان دەكەن، ئەگەر هاتوو دەرفەتیان هەبێت. ئەوەی ئەم پرسە ئاڵۆزتر دەكات لای خۆمان ساڵ بەساڵ رێژەی دەرچووانی ئامادەیی زیاد دەكات. هەمووان كۆكین لەسەر ئەوەی خوێندنی دوای ئامادەییو راهێنان زۆر پێویستە بە ئاستێكی ئێجگار زۆر لەگەڵ پێداویستییەكانی بازاڕدا لێكنزیك بن، بۆ ئەوەی خوێندكارانو راهێنراوان شارەزایی پێویستو كارامەیی گونجاویان پێ بدرێتو بتوانن لێوەی پێداویستییەكانی ئابووریی سەدەی بیستو یەك پڕبكەنەوە، ئەو بۆشایی لێهاتووییو كارامەییەی هەیە نەهێڵن، بەتایبەتی كە بەهۆی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی بازاڕی كار بەخۆیەوە دەیبینێتو بەهۆی گۆڕانی تەكنەلۆجیاو پەرەسەندنی شێوازی ژیانو پێداویستییەكانی پیشەسازی، بەردەوام پیشەی نوێ دروست دەبێت.
هەڵكشانی رێژەی بێكاری
لای خێزانەكانەوە دەرچوونی خوێندكارەكانیان لە ئامادەییو چوونە زانكۆیان بە گەورەترین سەرمایەگوزاریی خۆیان دەزانن كە بەشداری لە بەرزكردنی ئاستی داهاتی تاكو خێزانەكانیان دەكات، سەرەتای چوونە نێو چینی مامناوەندەوەیە، لێرەدا ئەمە وردەكارییەكی زۆری دەخوازێت كە چۆن ئەو پسپۆڕیو كۆلیجە دەستنیشان دەكرێت كە لەگەڵ بازاڕی كاردا دەگونجێت، بەوەی لەگەڵ مەیلو تواناو لێهاتوویی كەسی خوێندكاریشدا بگونجێت، ناكرێ لەمەدا نەرمی بنوێنرێت، چونكە ئەم بڕیاری چارەنوسسازەو رێڕەوی ژیانی مرۆڤەكان دەگۆڕێت.
لەلایەن زانكۆكانیشەوە. دەبێ بەردەوام هەوڵی دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی بازاڕی كار بدەنو بژاردەكانی بەردەم خوێندكاران فراوان بكەن، هاوكات یارمەتیدەریان بێت بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پسپۆڕییەی كە دەبێتە یارمەتیدەریان لە بازاڕی كاردا، بۆئەوەی دوای دەرچوونیان وەزیفەیەكی گونجاو بدۆزنەوە، ئەمەش دەخوازێت هەماهەنگی زۆر ورد لەنێوان وەزارەتەكاندا هەبێت بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پسپۆڕییانەی لانیكەم كە تا 10 ساڵی تر بازاڕی كار پێویستی پێی دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانگارییانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێكرا. نەبوونی ئەم هەمانگییە بەرپرسی یەكەمی هەڵكشانی رێژەی بێكارییە، بەتایبەتی كە ئێستا زۆرینەی ئەوانەی بێكارن دەرچووانی زانكۆو پەیمانگاكانن.
سیستمی خوێندنو بازاری كار