ھەرێمی کوردستان جوگرافیایەکی پڕ ووزەیە بۆ جیھان، کەوتۆتە چوار ڕیانی ووزەوە لە ئاسیا، بارتەقای ھەموو ناوچەی ئۆراسیا ئینێرجی ھەیە.
لەدوای ڕووخانی شا (۱۹۷۸) ەوە، ئێران، تووشی داخرانێکی جوگرافیی بووە، ئێران دووەمی یەدەگی غازی سروشتی جیھان پێک دێنێ، نزیکەی (۱۸٪) ی غازی سروشتی جیھان ئەکەوێتە ئێرانەوە، جگە لە نەوتێکی بێشومار، نەوتی ئێران ئەگاتە چین و یابان و مالیزیا. لەسەروویشەوە ئێران غازی سروشتی بە مۆڵدۆڤا و ئۆکراین ئەفرۆشێ، ھەروەھا تورکیا (۸٪) ئەو غازەی کە پێویستیەتی لە ئێرانەوە ھاوردەی ئەکات.
بۆ جاری دووەم وەزیری نەوتی ئێران و عێراق ڕێککەوتن، کە غازی سروشتی لە سنوری پارێزگای کەرکوکەوە، ڕەوانەی ئێران بکەن. لێرەدا سێ پرسیاری زۆر گرنگ ھەیە، تا سۆراخی بکەین:
یەکەم: لە ساڵی (۲۰۱٥) ەوە ئێران غازی سروشتی بە عێراق ئەفرۆشێ، لە کاتێکدا عێراق خۆی خاوەنی غازی سروشتییە!. ئەو غازەی ئێران ئەینێرێ بۆ عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی بەغدا و پارێزگای بەسرەیە. یانی چی ئێران لەلایەک غاز ئەنێرێت بۆ عێراق و لە لایەکیش غازی سروشتی پارێزگای کەرکوک ئەبا بۆ ئێران؟. بێگومان ئێران مەبەستیەتی ڕێڕەو و ھێڵی ووزەی کوردستان بگۆڕێ.
دووەم: لە (۱٤ ی ٦ ی ۲۰۱٤) ەوە تورکیا لە ڕێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارێزگاری شارەکەوە، دەستی گرتووە بەسەر ھەردوو کێڵگەی ئاڤاناو بای حەسەن دا، کە ڕۆژانە (۲٦۲) ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەم ئەھێنن (ھەتا ھاتنی داعش پارێزگاری کەرکوک دکتۆر نەجمەدین کەریم دژایەتی سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئەکرد، لەمانگی ئەیلولی ۲۰۱٤ و دوای کۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی ھەورامی و نەجمەدین کەریم لەگەڵ ئەردۆگان و تەنەر یەڵدز، ھاوکێشەکە گۆڕدرا). ئایا ئەم ھەنگاوەی ئێران و عێراق ھاوسەنگی ڕائەگرێت، یاخود سەرەتای ناکۆکیەکانی ئێران و تورکیایە لەسەر نەوت و غازی پارێزگای کەرکوک لە ڕێگەی حزبە کوردییەکانەوە؟. لێرەدا سیناریۆی بەھێز ئەوەیە ئێران و عێراق پێیانوایە ڕیفراندۆم پرۆژەی تورکیایە، ئەمەش ململانێکە توندتر ئەکات.
تێبینی: لە سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق “جەبار لوعەیبی” بۆ تاران، ڕێککەوتون، کە ئێران و عێراق وەبەرھێنان بکەن لە کێڵگەی نەفتخانە لە پارێزگای دیالەو سندباد لە پارێزگای بەسرە.