گه‌شه‌ی ئابوری سه‌ره‌خۆر

له‌ زانست‌و ژیانی ئابوریدا گه‌شه‌ی ئابووری وه‌كو نیشانه‌و هێمایه‌كی باوه‌ڕپێكراو ئه‌بینرێ، بۆ پێشكه‌وتنی میلله‌تان له‌ ئابوری دا.
زیادبوونی به‌رهه‌می میللی‌و دابه‌زینی ڕێژه‌ی بێ كاری گرنگترین ره‌گه‌زی گه‌شه‌ی ئابورین. بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ئابوری نیشتیمانی‌و سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌یه‌. چالاكی بازاڕ‌و بازرگانی ڕێگا خۆش ئه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی زیاتر بكه‌وێته‌ بازاڕی كار‌و هه‌ركاتێ خه‌ڵكیش زۆر چووه‌ ناو بازاڕی كارو داهاتی هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی زیاتر پاره‌ خه‌رج ئه‌كا، واته‌ كڕین زیاد ئه‌بێ، كه‌ كڕینیش زیادی كرد، ئه‌بێ به‌رهه‌می كاڵاكان زیاد بكات تا وه‌ڵامی پێویستی بازاڕ بدرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش واته‌ زیادبوونی به‌رهه‌م واته‌ دوباره‌ زیادبوونی هه‌لی كاری زۆرتر له‌ بواری به‌رهه‌مدا به‌ هه‌موو شاره‌زاییه‌كانه‌وه‌، واته‌ پسپۆرو كرێكار و كارمه‌ند، به‌مه‌ش داهاتی گشتی ساڵانه‌ی وڵات زیاد ئه‌كات.
به‌ڵام له‌ شوێنێكی وه‌كو كوردستان چونكه‌ كایه‌و قه‌واره‌ی ئابوری و سیاسیمان نیه‌، ئه‌وا چالاكی بازاڕ و بازرگانی وه‌ك ئه‌بینین نه‌بۆته‌ هۆی نه‌ زیادبوون نه‌ دروستكردنی به‌رهه‌می میللی و نیشتیمانی له‌ كوردستان، به‌ڵكو بوه‌ته‌ هۆی زیادبوونی به‌رهه‌م و داهاتی نیشتیمانی ئه‌و وڵاتانه‌ی ئێمه‌ كاڵاكانیان لێ ئه‌كڕین. له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری وڵاتانی دیموكرات واته‌ خاوه‌ن حوكمی ده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵك، گه‌شه‌ی ئابوری‌و سودی گه‌شه‌ی ئابووری له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانا هه‌ستی پێ ئه‌كرێ به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی تاك ئه‌مجار كۆمه‌ڵ‌ و دامه‌زراوه‌كان.
به‌ڵام له‌م شوێنانه‌ی‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات هی خه‌ڵك نیه‌، دیموكراسی نیه‌‌و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مجاریش ئابوری له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی چووكه‌وه‌ قۆرخ ئه‌كرێ گه‌شه‌ی ئابوری ته‌نها بۆ خۆیان ئه‌بێ وه‌ بۆ خه‌ڵك و تاك هیچ مانایه‌كی نیه‌. بۆیه‌ له‌م حاڵه‌دا ئابوری و گه‌شه‌ی ئابوری بۆ ته‌نها چینێك ئه‌بێ جیاوازیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تیه‌كان زیاتر دیار ئه‌بێ به‌مه‌ش ڕێگای توندوتیژی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی زیاتر ئه‌كه‌وێته‌وه‌. باشترین نموونه‌ی زیندوش بۆ ئه‌م حاله‌ سه‌رهه‌ڵدانی به‌هاری عه‌ره‌بیه‌.
له‌ هه‌موو ئه‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بیانه‌ی شۆڕش و راپه‌رینی تیا رودا وه‌ رووئه‌دات له‌ رووی گه‌شه‌ی ئابوریه‌وه‌ هه‌موویان له‌به‌ره‌و پێش چووندا بوون له‌چاو ساڵانی زوتر، بۆ نموونه‌ چه‌ند مانگێ به‌ر روخانی مباره‌ك، مبارك شانازی ئه‌كرد كه‌ گه‌شه‌ی ئابوری له‌سه‌دا حه‌وته‌ (7%)، وه‌ ئه‌م ڕێژه‌یه‌ به‌راستی زۆره‌ هه‌تا له‌ ئه‌وروپا گه‌شه‌ی ئابوری له‌ (3%) تێ ناپه‌ڕێ.
خه‌ڵك نه‌بوو به‌ڵكو ماڵ‌ و خێزان و خزمه‌ نزیكه‌كانی مبارك و بن عه‌لی و قه‌زافی و ئه‌سه‌د بوون كه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی ئابوری دا گرتبوو تا ئاكامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ بوو كه‌ بینیمان وه‌ ئه‌ی بینین بۆیه‌ ، ئه‌گه‌ر گه‌شه‌ی ئابوری له‌ هه‌ر وڵاتێ هاوڕێك نه‌بوو له‌گه‌ڵ‌ گه‌شه‌ی دادپه‌روه‌ری‌ دیموكراسی وه‌ نه‌هێشتنی قۆرخ كاری، ئه‌وا گه‌شه‌ی ئابوری ئه‌بێته‌ سه‌ره‌خۆر و نا ئارامی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی.